Back

زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی و کۆتایی هاتنی مەشقی هاوینەی خوێندکارانی ووڵاتی میسڕی ڕێکخست

ئەمڕۆ یەکشەممە (١٠ی ئەیلولی ٢٠٢٣) لە سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بە ئامادەبوونی (پ.ی.د. هوشیار عبدالله عزیز) سەرۆکی زانکۆ و (د. بەختیار عبید شریف) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران و (پ.ی.د. باقر داود) یاریدەدەری ڕاگری کۆلێجی تەکنیکی کارگێڕی، ڕێوڕەسمی کۆتایی هاتنی مەشقی هاوینەی ژمارەیەک خوێندکاری میسڕی بەڕێوەچوو.

لە ڕێوڕەسمەکەدا کە ژمارەیەک خوێندکاری بەشەکانی تەکنیکی میدیا لە کۆلیجی تەکنیکی کارگێڕی و پەیمانگەی تەکنیکی سلێمانی ئامادەیبوون، سەرۆکی زانکۆ (پ.ی.د. هوشیار عبدالله عزیز) دیاری زانکۆی بەخشییە خوێندکارانی میسڕ و هیوای خواست کە گەشتەکەیان پڕ لە زانست و زانیاری بووبێت، وە ئەو مانگەی لە زانکۆ و شاری سلێمانیدا مانەوە کاریگەری و یادگارییەکی جوانی جێهێشتبێت.

لە بەشێکی تردا خوێندکارانی میسڕ ووتەیەکیان پێشکەشکرد و تیایدا سوپاسی هاوکاری زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و خەڵکی شاری سلێمانیان کرد و لە بارەی گەشت و سەردانیکردنی ناوچە گەشتیاری و کەلتوری و دەزگا میدیاییە جیاوازەکانی شاری سلێمانی و ئەو زانیاریانەی وەریانگرتووە زۆر سوودبەخش بووە، هەروەها سوپاسی هەڵوێست و هاوکاری سەرۆکایەتی زانکۆ و مامۆستایانی خولەکەیان کرد کە تەواو هاوکاریان کردوون و سوودی زۆریان لە خولی هاوینەی زانکۆ بینیوە.

دواتر لەلایەن سەرۆکی زانکۆ و یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران و یاریدەدەری ڕاگری کۆلێجی تەکنیکی کارگێرییەوە بڕوانامەی بەشداریکردن پێشکەش بە خوێندکارانی بەشداربوو کرا،

جێی ئاماژەیە لە ناوەراستی مانگی تەموز ژمارەیەک خوێندکاری زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەمەستی ئەنجامدانی مەشقی هاوینە سەردانی ووڵاتی میسڕیان کرد، لە زانکۆی میسر بۆ زانست و تەکنەلۆجیا مەشقەکەیان بە سەرکەوتویی ئەنجامداو ئەمڕۆ پێشوازی لەو خوێندکارانەش کراو بڕوانامەی سەرکەوتوویی خولەکانیان پێبەخشرا.

ئەم پڕۆگرامە لەچوارچێوەی پرۆگرامی ئاڵوگۆڕی خوێندکارانی یەکێتی زانکۆکانی ووڵاتانی عەرەبیدا جێبەجێ دەکرێت.