Back

له‌ زانكۆی پۆلیته‌كینكی سلێمانی پۆرتاڵی ئه‌لكترۆنی خوێندكاران بۆ ساڵی خوێندنی ( 2023 – 2024 ) جێبه‌جێ ده‌كرێت

به‌ئامانجی ئاشناكردنی سه‌رجه‌م لێپرسراوانی تۆماری كۆلێج و په‌یمانگه‌كانی سه‌ر به‌ زانكۆمان به‌ پۆرتاڵی ئه‌لكترۆنی خوێندكاران بۆ ساڵی خوێندنی ( 2023 – 2024 )، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی تۆماری گشتی له‌گه‌ڵ لێپرسراوانی تۆماری كۆلێج و په‌یمانگه‌كان كۆبوویه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ 2023/8/14 به‌ئاماده‌بوونی د.به‌ختیار عبید شه‌ریف یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری خوێندكاران و د.رێباز جه‌لیل به‌ڕێوه‌به‌ری تۆماری گشتی له‌ سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی، كۆبوونه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی تۆماری گشتی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لێپرسراوانی تۆماری كۆلێج و په‌یمانگه‌كانی سه‌ر به‌ زانكۆمان له‌ هۆڵی پیره‌مێرد به‌ڕێوه‌چوو.

له‌سه‌ره‌تادا د.به‌ختیار عبید شه‌ریف به‌ناوی سەرۆکی زانکۆوه‌ به‌خێرهاتنی ئاماده‌بووانی كردو پیرۆزبایی ئاڕاسته‌ی لێپرسراوانی نوێی تۆماری كۆلێج و په‌یمانگه‌كان كردو هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواستن، هه‌روه‌ها باسی له‌م سیستمه‌ نوێیه‌ی پۆرتاڵی خوێندكاران كرد كه‌ سیستمێكی ئه‌لكترۆنی نوێیه‌ و له‌لایه‌ن به‌رێوه‌به‌رایه‌تی تۆماری گشتی زانكۆوه‌ دروستكراوه‌ كه‌ كارئاسانییه‌كی باش ده‌كات بۆ ڕاییكردنی كاروباره‌كانی تۆمارکردنی خوێندكاران و گرنگییه‌ی زۆری هه‌یه‌ له‌سه‌ر خێرا جێبه‌جێكردنی رێكاره‌ كارگێڕییه‌كان، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری خوێندكاران داوای له‌ لێپرسراوانی تۆماری كۆلێج و په‌یمانگه‌كان كرد له‌ چوارچێوه‌ی رێنماییه‌كان كاروباره‌كانیان جێبه‌جێ بكه‌ن و هاوكاری ته‌واوی خوێندكاران بن.

پاشان گۆران سەردار کریم لێپرسراوی تۆماری ئه‌لكترۆنی له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی تۆماری گشتی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ له‌ڕێگه‌ی داتاشۆوه‌ ته‌واوی چۆنێتی كاركردنی سیستمه‌ نوێیه‌كه‌ و وه‌رگرتن و داخڵكردنی خوێندكارانی بۆ ناو سیستمه‌ ئه‌لكترۆنییه‌كه‌ بۆ لێپرسراوانی تۆماری كۆلێج و په‌یمانگه‌كان روونكرده‌وه‌و وه‌ڵامی سه‌رجه‌ م پرسیار و تێبینییه‌كانی ئاماده‌بووانی دایه‌وه‌.