سەرۆکی زانکۆ، بۆلۆنیا پڕۆسێس دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە لەسەرجەم بەشەکانی زانکۆ بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤
له هۆڵی پیرەمێردی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی سیمینارێک لە بارەی بۆڵۆنیا پڕۆسێس بۆ جێبه‌جێكردنی له سه‌رجه‌م بەشەکانی کۆلێج و پەیمانگەکانی زانكۆ به‌ڕێوه‌چوو، سەرۆکی زانکۆش رایگه‌یاند، بۆلۆنیا پرۆسێس چاره‌سه‌ری به‌شێكی زۆری كێشه‌كانی سێکتەری خوێندنی باڵا ده‌كات.
لە سیمینارێکدا کە بە چاودێری ڕاستەوخۆی پ.ی.د. هوشیار عبدالله عزیز سەرۆکی زانکۆ و بەسەرپەرشتی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی بۆڵۆنیا پڕۆسیسی زانکۆ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرجەم سەرۆک بەشەکانی کۆلێج و پەیمانگەکان بەڕێوەچوو بۆ جێبه‌جێكردنی بۆلۆنیا پڕۆسێس (Bologna Process) له سه‌رجه‌م بەشەکانی زانكۆ.
له‌و سیمینارەدا، كه یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و خوێندکاران و بەشێک لە ڕاگری کۆلێج و پەیمانگەکان و بەڕێوەبەری پڕۆگرامەکانی خوێندن و دڵنیایی جۆریی ئامادەبوون.
له‌سه‌ره‌تای ووتاره‌كەیدا پ.ی.د. هوشیار عبدالله عزیز سەرۆکی زانکۆ به‌خێرهاتنی ئاماده‌بووانی كرد و ده‌ستخۆشی له ڕێكخه‌رانی سیمینارەکە کرد و ووتی: جێی خۆشحاڵیه ئه‌م سیمینارە هاوته‌ریبه له‌گه‌ڵ ستراتیژی نوێی زانکۆ، كه هه‌میشه جه‌ختی له‌سه‌ر گۆڕانكاری و ڕیفۆرمی ڕیشه‌یی لە پڕۆگرامەکانی خوێندن و په‌ره‌پێدانی خوێندن له بەشەکانی کۆلێج و په‌یمانگه‌كان كردۆته‌وه، وتیشی خۆشبه‌ختانه له ماوه‌ی ڕابردودا توانیومانه چه‌ندین گۆڕانكاری گرنگ و ڕیشه‌یی ئه‌نجام بده‌ین، كه ئه‌م سیمینارەش درێژكراوه‌ی هه‌وڵه‌كانمانه بۆ به‌رده‌وامی دان به به‌ره‌و پێشبردنی زیاتری زانکۆ.
له به‌شێكی دیكه‌ی ووتاره‌كه‌یدا، سەرۆکی زانکۆ ووتی: له سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربونمان له سەرۆکایەتی زانکۆ، یه‌كێك له ئامانجه گرنكه‌كانی زانکۆ بریتی بووه له‌هه‌وڵدان بۆ ده‌رچوون له‌و سیستمه كلاسیكیه‌ی، كه له کۆلێج و په‌یمانگه‌كان په‌یڕه‌و ده‌كرا، هه‌روه‌ها هه‌نگاونان بوو بۆ به نێوده‌وڵه‌تیكردنی زانكۆ و به ستانداردكردنی سیستمی خوێندن و پرۆگرامه‌كان به ئامانجی گونجاندن و نزیكبونه‌وه له ستانداردی سیستمی خوێندنی زانكۆ پیشكه‌وتوه‌كانی جیهان، وتیشی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش لە دوای تێپه‌ڕبوونی ساڵێك به‌سه‌ر ده‌ست به‌كاربونماندا جەخت لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی زانکۆمان دەکەینەوە بۆ (جێبه‌جێكردنی بۆلۆنیا پرۆسێس)، وە زانکۆمان به بایه‌خه‌وه ده‌ڕوانێته جێبه‌جێ كردنی بۆلۆنیا پڕۆسێس، كه یه‌كێكه له ئامانجه‌كانمان بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی كواڵیتی زانكۆ و ئاوێته‌كردنی به‌سیستمه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و جێبه‌جیكردنی بۆلۆنیا پرۆسیسه.
له ته‌وه‌رێكی دیكه‌دا پ.ی.د. سەرهەنگ سەروەت حەمە یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا باسی له گرنگی په‌یڕه‌وكردنی بۆلۆنیا پرۆسیس كرد و ووتی: هه‌وڵدان بۆ په‌یڕه‌وكردنی بۆلۆنیا پرۆسێس هه‌وڵێكی گرنگه بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ش بتوانین سیستمی خویندنی باڵا له زانکۆمان له‌گه‌ڵ سیستمی خوێندنی ووڵاتانی پێشكه‌وتوو بگونجێنین، وتیشی بۆ ئه‌وه‌ی ببێته ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره بۆ چاره‌سه‌ركردنی زۆرێك له كێشه‌كانی زانكۆمان له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م پڕۆسێسە پڕۆژه‌یه‌كی زانستی پڕ بایه‌خه له خوێندنی باڵادا و، پێوه‌ری تایبه‌ت به خۆی هه‌یه و، له ئێستادا له زیاتر له (٤٨) وڵات له ئه‌وروپا و، سه‌رانسه‌ری جیهان په‌یڕه‌وی بۆلۆنیا پرۆسێس ده‌كرێت، ئه‌م سیستمه وا ده‌كات به سیسته‌می كرێدت له ڕێگه‌ی (ECTS) جێبەجێ بکرێت، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات كه خوێندكاره‌كانمان به ئاسانتر له زانكۆ بەناوبه‌نگه‌كانی جیهان وه‌ربگیرێن بۆ درێژه‌دان به خوێندنی باڵا، رونیشیكرده‌وه: سیستمی (ECTS) ژینگه‌یه‌كی باشتری فێربوون بۆ خوێندکارانمان فه‌راهه‌م ده‌كات، چونكه بۆ كۆكردنه‌وه‌ی كرێدت خوێندكاران پێویسته چالاكی زۆر و پڕاكتیكی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ئه‌نجام بدات، وتیشی جێبه‌جێكردنی بۆلۆنیا پرۆسیس ده‌توانێ به‌شێكی زۆر له كێشه‌كانی گواستنەوەی خوێندکاران و گرێدانی پڕۆگرامەکانی خوێندن بە بازاڕی کارەوە و یەکسانکردنی بڕوانامەکان له زانکۆمان چاره‌سه‌ر بكات، چونكه ئه‌و سیستمه ده‌بێته هۆی ئەوەی خوێندكاران له هه‌ر وڵات و زانكۆیه‌ك كه ئه‌و سیستمه په‌یڕه‌و بكه‌ن و بیانه‌وێ ده‌توانن درێژه به‌خوێندن بده‌ن، ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانستیان.
له بەشێکی تردا بەڕێوەبەری پڕۆگرامەکانی خوێندن و دڵنیایی جۆریی م. شارا صالح علي سیمینارێکی سەبارەت بە ئامادەکارییەکان و چۆنیەتی جێبەجێکردنی پڕۆسێسی بۆڵۆنیا بۆ ئامادەبووان پێشکەش کرد، وە ئاماژەی بەوەدا کە دوای ٥ ساڵ لە جێبەجێکردنی بۆڵۆنیا تا ئێستا لە کۆی ٧١ بەشی کۆلێج و پەیمانگەکان لە خوێندنی بەیانیاندا تەنها ٢٨ بەش پەیڕەوی پڕۆسێسی بۆڵۆنیا دەکەن و لە کۆی ٣٦ بەش لە خوێندنی ئێواران تەنها ٧ بەش لە پەیمانگەکان پرۆسێسی بۆڵۆنیا پەیڕەو دەکەن، بۆیە گرینگی جێبەجێکردنی بۆڵۆنیا لەسەرجەم بەشەکانی زانکۆ خستەڕوو.
لە کۆتاییدا، لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی بۆڵۆنیا پڕۆسێس لە زانکۆ وەڵامی سەرجەم پرسیار و سەرنجەکانی ئامادەبووانیان دایەوە.