وەزیرى خوێندنى باڵا زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکانى کردەوە …
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: کردنەوەى زانکۆى ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان یەکێکە لە دەستکەوتە گرنگەکانى وەزارەت لە کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان، هەروەها زانکۆکە رۆڵێکى گرنگ دەبینێت لە پەرەپێدانى خوێندنى پیەشەیی و زانستە کردارییەکان و دروستکردنى کادیرى ناوەندى و دەستى کار بۆ ناوچەکە و بەستنەوەى ناوەرۆکى پرۆگرامەکانى خوێندن بە پێداویستییەکانى بازاڕى کار.
ئێوارەى ئەمڕۆ سێشەمە ڕێکەوتى (2023/7/11) بەچاودێرى و ئامادەبونی د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و پارێزگارى دهۆک و بریکاری وەزارەتى خوێندنی باڵا و سەرۆکى زانکۆى دهۆک و پۆلیتەکنیکى دهۆک و سۆران و ئەندام پەرلەمان و ڕاوێژکاران و هەردوو قائیمقامی قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش و ژمارەیەک لەبەرێوەبەرانی گشتی و چالاکوانان و کەسایەتى ئاینى و کۆمەڵایەتییەکان، زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان کرایەوە.
لە وتەیەکدا د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى وێڕاى پیرۆزبایى لە خەڵکى ئاکرێ و بەردەڕەش بۆ ئەم دەستکەوتە گرنگەى کابینەى نۆیەم، دوپاتیکردەوە وەک وەزارەت هاوکارو پشتیوانتان دەبین بۆ سەرخستنى کارەکانى ئەم زانکۆیە، وتیشى: کردنەوەى هەردوو زانکۆى ئاکرێ و پۆلیتەکنیکى گەرمیان دەستکەوتێکى گرنگە و شانازییەکى گەورەیە بۆ حکومەتى هەرێمى کوردستان، بۆیەش داواى لە هەموو چین و توێژەکانى ئاکرێ و بەردەڕەش کرد بۆ گەشەپێدانى ئەم زانکۆیە درێغى نەکەن بۆ ئەوەى زانکۆى ئاکرێ بەشدارى گرنگ و کاریگەر و فراوان بکات لە دروستکردنى ئەو ئافاقانەى کە میللەتەکەمان لەم سەدەیەدا چاوەڕوانیەتى.
لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تیشکی خستە سەر چەند تەوەرێکی گرنگ و دوپاتیکردەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى لەماوەى کارەکانیدا لە کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان چەندین پرۆژەى گرنگ و ستراتیژى جۆراو جۆرى لە بوارو تەوەرە جیاوازەکان پێشکەش کردوە، هەروەها هەوڵى داوە زۆرترین دەرفەتى خوێندن بۆ کوڕان و کچانى وڵاتەکەمان لە ناوخۆیی هەرێمى کوردستان بڕەخسێنێت، هەروەهاش ساڵانە زیاتر لە ٦٠ ملیار دینارى بۆ خانەوادەى خوێندکاران و قوتابیانى زانکۆکانى کوردستان گەڕاندۆتەوە ئەویش لە ڕێگەى کەمکردنەوەى کرێى خوێندن و لەبەرچاوگرتنى بارو گوزەرانى خێزانى خوێندکاران و قوتابیان. زیاتر وتیشى، لە ساڵى یەکەمى دەستبەکاربونمان ٦٠ ملیار دینار، ساڵى دووەم ٦٣ ملیار، ساڵى سێیەم ٦٧ ملیار دینارمان بۆ کەسوکارى قوتابیان و خوێندکاران گەڕاندۆتەوە.
لەبەشێکى دیکەى ڕێوڕەسمى کردنەوەى زانکۆى ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان هەریەک لە پارێزگارى دهۆک و سەرۆکى زانکۆى دهۆک و زانکۆى پۆلیتەکنیکى دهۆک و ڕاگرى پەیمانگەى تەکنیکى بەردەڕەش لە وتەى جیا جیادا تیشکیان خستە سەر ئەم دەستکەوتە گرنگە بۆ خەڵکى کوردستان و خەڵکى ئاکرێ و بەردەڕەش بەتایبەتى و بەڵێنیاندا بەردەوام بن لە پشتگیرى و پاڵپشتى بۆ سەرخستنى کارەکانى ئەم زانکۆیە.