Back

زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و زانكۆی ته‌كنیكی باكوور رێككه‌وتننامه‌یه‌كی ئه‌كادیمییان واژۆكرد

به‌ئامانجی هه‌ماهه‌نگی و ئه‌نجامدانی چالاكی زانستی و به‌ره‌وپێشبردنی ئاستی ته‌كنیكی و توێژینه‌وه‌ی زانستی، زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و زانكۆی ته‌كنیكی باكوور ( الجامعة التقنیة الشیمالیة ) رێككه‌وتننامه‌یه‌كی زانستی و ئه‌كادیمییان واژۆكرد.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2023/6/15 له‌ سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ، پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر.د.هوشیار عه‌بدوڵا عه‌زیز سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی به‌ئاماده‌بوونی یاریده‌ده‌رانی سه‌رۆكی زانكۆ و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی زانكۆ پێشوازیكرد له‌ ( دكتۆره‌ علیاء عباس العطار ) سه‌رۆكی زانكۆی ته‌كنیكی باكوور و یاریده‌ده‌رانی سه‌رۆكی زانكۆ و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی زانكۆی ناوبراو.

له‌ دیداره‌كه‌دا سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی به‌سه‌ردانه‌كه‌ی زانكۆی ته‌كنیكی باكوور و ئه‌نجامدانی هه‌ماهه‌نگی زانستی و ئه‌كادیمیی نێوانیان، هه‌روه‌ها‌ پێشه‌كییه‌كی له‌سه‌ر كارو چالاكییه‌ زانستییه‌كان و ئاستی زانستی و ته‌كنیكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی بۆ وه‌فدی زانكۆی میوان باسكرد، دیدو بۆچوونی زانكۆی له‌سه‌ر گۆڕانكارییه‌ زانستییه‌كان و پێداویستییه‌كانی ئێستای بازاڕی كار ڕوونكرده‌‌وه‌، هه‌روه‌ها پ.ی..د.هوشیار عه‌بدوڵا به‌پێویستی زانی زانكۆ و ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمییه‌كان هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندی باش له‌نێوانیاندا هه‌بێت تا پێكه‌وه‌ كاریگه‌ری ئه‌رێنی له‌سه‌ر پێشكه‌وتن و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانستی و ئه‌كادیمی و ته‌كنیكی دروستبكه‌ن.

وه‌فدی زانكۆی ته‌كنیكی باكوور خۆشحاڵی خۆیان به‌ سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ده‌ربڕی ‌و هیوایان خواست هه‌ماهه‌نگی نێوان له‌ڕووی ئه‌نجامدانی كارو چالاكی هاوبه‌ش و پێگه‌یاندی خوێندكاری سه‌ركه‌وتوو، پرۆسه‌ی خوێندن و ته‌كنیكی له‌ هه‌رێمی كوردستان و ته‌واوی عێراق به‌ره‌وپێش ببه‌ن وه‌ ده‌ستكه‌وت و سه‌ركه‌وتنی زیاتر بۆ هه‌ردوو زانكۆ به‌ده‌ستبهێن كه‌ له‌ئێستادا زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی یه‌كێكه‌ له‌ زانكۆ دیارو پێشه‌نگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق.

پاشان له‌ هۆڵی بێكه‌س له‌ سه‌نته‌ری نێوده‌وڵه‌تی زمانی ئینگلیزی له‌ سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی، رێككه‌وتننامه‌یه‌كی لێكتێگه‌یشتن له‌ نێوان هه‌ردوو زانكۆكه‌ له‌لایه‌ن پ.ی.د.هوشیار عه‌بدوڵا عه‌زیز سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و دكتۆره‌ علیاء عباس العطار سه‌رۆكی زانكۆی ته‌كنیكی باكوور واژۆكرا، كه‌ رێككه‌وتننامه‌كه‌ چه‌ندین بڕگه‌ و مادده‌ی گرنگی له‌خۆگرتووه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌ماهه‌نگی و ئه‌نجامدانی كارو چالاكی زانستی و ئه‌كادیمیی هاوبه‌ش وه‌كو ( كۆنفرانس، سیمپۆزیۆم و وۆركشۆپ و توێژینه‌وه‌ی زانستی و چالاكی خوێندكاران و هتد… ).

شایه‌نی باسه‌ رێككه‌وتننامه‌كه‌ هه‌ر له‌ئه‌مڕۆوه‌ كه‌وته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی زانكۆی ته‌كنیكی باكوور له‌ هۆڵی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو.

زانکۆی تەکنیکی باکوور، زانکۆیەکی تەکنیکی گشتییە و لە ساڵی خوێندنی 2014-2015 دامه‌زراوه‌، له‌ سێ كۆلێج و پێنج په‌یمانگه‌ پێكهاتووه‌ کە دەکەوێتە ناوچەی باکووری عێراق ( كه‌ركوك، حه‌ویجه‌، دۆره‌، موسڵ و نه‌ینه‌وا ) و چه‌ندین به‌شی زانستی و ته‌كنیكی له‌خۆگرتووه‌.