سیمپۆزیەمی (ژینگەکەم گەنجینەی تەندروستیمە) ئەنجامدرا
بەئامادەبوونی راگری کۆلێجی تەکنیکی تەندروستی و بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی و بەرپرسی کۆمەڵەی کوردستانێکی سەوز، رۆژی یەک شەممە (٢٠١٧/٤/١٦) کە بەرۆژی نیشتمانی ژینگەی کوردستان دانراوە، کۆلێجی تەکنیکی تەندروستی سلێمانی بەھاوبەشی فەرمانگەی ژینگەی سلیمانی و بەھاوکاری کۆمەڵەی کوردستانێکی سەوز، سیمپۆزیەمێکی زانستی و ئەکادیمی بەو بۆنەیەوە بەڕێوەبرد.
لە سیمپۆزیەمەکەدا توێژەران و مامۆستایان و ئەکادیمیانی کۆلێج، چەندین توێژینەوەی خۆیان دەربارەی چۆنێتی پاراستنی ژینگەو مامەڵەکردن لەگەڵ پاشەڕۆی پزیشکییەکان و بەرھەمھێنانی خۆراکی تەندروست بۆ ئامادەبووان خستەڕوو، لە کۆتایی سیمپۆزیەمەکەشدا دەرگای گفتووگۆ واڵاکرا بۆ ئامادەبووان و سەرنج و پێشنیارەکانیان خستەڕوو.
دوا بەدوای سیمپۆزیەمەکەش چەند نەمامێک لەباخچەی کەمپی کۆلێجە تەکنیکییەکان بۆ پیرۆز کردنی رۆژی ژینگەی کوردستان روێندران کە لەلایەن کۆمەڵەی کوردستانێکی سەوزەوە دابینکرابوون.