Back

د.دلاوه‌ر علاءالدین: پێویسته‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیك پێشه‌نگ بێت له‌ به‌رهه‌مهێنانی خوێندكار بۆ بازاڕی كار

(ستراتیژیەتی زانکۆو وەزارەت بۆ بەستنەوەی خوێندنی زانکۆیی بەبازاڕی کارەوە) ناونیشانی سیمینارێكی به‌ڕیز پرۆفیسۆر دکتۆر (دلاوەر علاء الدین) بوو له‌ سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی. به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێز پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر دكتۆر (ئالان فه‌ره‌یدوون علی امین) سه‌ركی زانكۆ و به‌ڕێز پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر دكتۆر سۆران سعید یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ ، کۆلێجی تەکنیکی کارگێڕی، بەشی تەکنیکی کارگێڕی سه‌ر به‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ، بەھاوکاری (دەزگای میری) و له‌هۆڵی كۆنفرانسی زانكۆ سیمینارێكی بۆ به‌ڕێز پرۆفیسۆر دكتۆر( دلاوەر علاء الدین) وه‌زیری پێشووی خوێندنی باڵاو سه‌رۆكی ئینستیتیوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە- مێری ، به‌ناونیشانی (ستراتیژیەتی زانکۆو وەزارەت بۆ بەستنەوەی خوێندنی زانکۆیی بەبازاڕی کارەوە) بۆ زۆرێك له‌ خوێندكاران و مامۆستایانی كۆلێجی ته‌كنیكی كارگێڕی سلێمانی سازدا . له‌ سیمیناره‌كه‌دا دكتۆر دلاوه‌ر علاءالدین ئاماژه‌ی كرد به‌ ئامانجی سیمیناره‌كه‌ كه‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ بۆ كۆمه‌ڵێك پرسیاری جه‌وهه‌ری له‌وانه‌ : زانكۆی پۆلیته‌كنیك بۆ؟ زانكۆكانی كوردستان بۆچی هه‌ن؟ كاریان چیه‌و ئامانج و ستراتیژیان چیه‌؟ وه‌ به‌رهه‌میان چیه‌؟ له‌سه‌ره‌تادا ڕۆڵ و گرنگی خوێندنی ته‌كنیكی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ئاراسته‌ی په‌روه‌رده‌كردن و به‌رهه‌مهێنانی خوێندكاران بۆ بازاڕی كار خسته‌ ڕوو و به‌ ڕوونی هه‌موو فاكته‌ره‌ خودی و بابه‌تییه‌كانی خسته‌ به‌رچاووی ئاماده‌بووان له‌ دواكه‌وتن و سه‌رخستنی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌كردنی خوێندكار و ڕایگه‌یاند پێویسته‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیك چانسی زیاتر بدات به‌ خوێندكارانی خۆی بۆ دامه‌زراندن و دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار له‌بازاڕداو خواستی زیاتری بازاڕو بزنس له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌و زانكۆیه‌ ده‌رده‌چن به‌ئامانجی به‌هێزكردنی كه‌رتی تایبه‌ت و پشت به‌ستن به‌و هێزی كاره‌ نوێیانه‌ی كه‌ له‌دام و ده‌زگا زانستییه‌كانی حكومه‌ته‌وه‌ ده‌رده‌چن. ئاماژه‌ی كرد به‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ مامۆستا هاوشانی خوێندكار هه‌نگاو بنێت بۆ بڕینی قۆناغه‌ سه‌خته‌كان و ماندوو نه‌بن به‌تایبه‌ت بۆ خۆ پڕچه‌ككردنی زانستی و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانكۆكان و زیادكردنی خواستی بازاڕ له‌سه‌ریان. ڕایگه‌یاند پێویسته‌ خوێندكار له‌هه‌وڵی به‌رده‌وامدا بێت بۆ خۆ سه‌لمالماندن و ئه‌نجامدانی داهێنانی نوێ له‌ بزنس دا و خۆی بكاته‌ ئه‌مری واقع و چیتر چاوه‌ڕێ ی دامه‌زراندن و ده‌ستی حكومه‌ت نه‌بن. دوا په‌یامی به‌ڕێز پرۆفیسۆر دکتۆر (دلاوەر علاء الدین) بۆ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و خوێندكاران و مامۆستایان ئه‌وه‌بوو كه‌ هیچ كات له‌ خۆتان ڕازی مه‌بن و خۆشتان به‌كه‌م مه‌زانن، هه‌میشه‌ له‌بیركردنه‌وه‌ی به‌رده‌وامدا بن بۆ خۆ گه‌وره‌كردن و به‌رهه‌می باشتر ساڵ له‌ دوای ساڵ. له‌كۆتایی سیمیناره‌كه‌دا ژماره‌یه‌ك له‌ مامۆستایان و خوێندكاران پرسیارو ڕاو سه‌رنجه‌كانی خۆیان خسته‌ ڕوو و زیاتر بابه‌ته‌كه‌یان ده‌وڵه‌مه‌ندتر كرد.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile