Back

پڕۆژەی مامۆستایەکی زانکۆمان ھەڵبژێردرا بۆ قۆناغی کۆتایی کێبڕکێیەکی نێودەوڵەتی

د.ڕۆژین کەمال محمد امین مامۆستا و توێژەرێکی کارا لەبەشی پلانسازی شارو سەرپەرشتیاری سەنتەری توێژینەوە لەزانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، پڕۆژەیەکی پێشکەش کرد بەیەکەم خولی کێبڕکێی “فەندی داھێنانی کاریگەر ” یا خود (Innovation Impact Grants) کە ئامادەکراوە لەلایەن پێشانگای بەناوبانگی نێودەوڵەتی Expo ٢٠٢٠ Dubai لەژێر دروشمی (بەستنەوەی تواناکان بۆ دروستکردنی داھاتوو). لەناو زیاد لە ٥٠٠ پڕۆژەی پێشکەشکراو لە ٧٠ ووڵاتی جیاوە، پڕۆپۆزەڵی پڕۆژەکەی د.ڕۆژین یەکێک بوو لەپڕۆپۆزەڵەيةکەمەکان کە ھەڵبژێردرا بۆ بەشداریکردن لەقۆناغی کۆتایی کێبڕکێکە. شایەنی باسە کە پڕۆژەکانی ھەڵ دەبژێرێن بۆ قۆناغی کۆتایی دەبێت نمرەی بەرزبھێنن لەچوار پێوەر کە ئەوانیش (داھێنان، کاریگەرێتی، پەیوەستی پڕۆژەکە بەبوارەکانی Expo ٢٠٢٠ Dubai، کوالێتی توانای ڕێکخستنی پڕۆپۆزەڵەکە). پڕۆژەکەی د.ڕۆژین بریتی بوو لەگەورەکردن و فراوانکردنی پڕۆژەی دکتۆراکەی کە تایبەت بوو بەدیزاین کردن و دروستکردنی سیستمێکی ئۆگمێنتد ڕیاڵتی (Augmented Reality) بۆ مۆزەخانەو بینا شوێنەواریەکان بەمەبەستی دروستکردنەوەو ژیانەوەی مێژوو و بیناکان بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێشء کاریگەر بۆ دەوڵەمەندکردنی سەردانکردن بۆ ئەو شوێنانەو زیادکردنی داھاتی کەرتی گەشتیاری شوێنەواری مێژویی. بوودجەی داواکراو بۆپڕۆژەکە ٣٣٥,٠٠٠ دۆلارەو لەئەگەری وەرگرتنی فەندە داواکراوەکە لەپاش کۆتایھاتنی ھەڵسەنگاندنی قۆناغی کۆتایی لەماوەیەکی نزیکدا، د. ڕۆژین لەگەڵ تیمێکی نێودەوڵەتی کە پێکھاتووە لەچەند پرۆفیسۆرێکی زانکۆکانی کەنەداو ئەڵمانیاو ئوسترالیاو نیوزلەندا کاردەکات بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەکە بەبەشداریپێکردنی چەند مامۆستاو خوێندکارێکی خوێندنی باڵای زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی. لەبارەی پرۆژەکەشیەوە د.ڕۆژین کەمال رایگەیاند: نوسین و ئامادەکردنی پڕۆپۆزەڵێکی لەم جۆرە کات و ھەوڵ و کۆششی زۆری دەوێت، بۆ تەواوکردنی پڕۆپۆزەڵەکەو ڕێکخستنی تیمە نێودەوڵەتیەکە چەندین شەوی بێ خەوم بەسەربردووە. ھەروەھا گەیشتنی پڕۆژەکەم بۆ قۆناغی کۆتایی کێبڕکێکە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ خۆم و زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و بەڵگەیە لەسەر گرنگیدان بەپڕۆژەکەم لەسەر ئەو ئاستە گەورە نێودەوڵەتییە. شایەنی باسە کە پڕۆژەی توێژینەوەی دکتۆراکەی د.ڕۆژین بە شێوازی ئینتەردیسپلینەری یە و پێشتر لە ساڵی ٢٠١٢ دا و لەکاتی خوێندنی دکتۆراکەی دا لە زانکۆی کالگەری لە کەنەدا، پڕۆژەکەی فەندێکی پێدراوە لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری موقاتەعەی ئەلبێرتا لە کەنەدا و نامەی پیرۆزبایی لە لایەن وەزیری ڕۆشنبیری یەکەوە ئاڕاستەی د. ڕۆژین کرابوو بۆ وەرگرتنی فەندەکە و سوپاسکردنی بۆ ئەنجامدانی ئەوپڕۆژە بەسوودە لە موقاتەعەی ئەلبێرتا (دەتوانن زانیاری زیاتر بخوێننەوە لەم لینکەی خوارەوەدا): http://www.ucalgary.ca/news/utoday/july26-2012/technology وە لە ساڵی ٢٠١٤ ش دا پڕۆژەکە لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لە شاری لۆس ئەنجلۆسی ئەمەریکا خەڵات کرا (ھەروەک باسکراوە لەھەواڵێکی زانکۆی کالگەریدا لەکەنەدا) https://www.ucalgary.ca/utoday/issue/2014-08-18/evds-phd-candidates-research-recognized-international-conference وە پڕۆژەکە بووە جێگای سەرنجی ئامادەبووانی کۆنفرانسەکە بەجۆرێک کە یەکێک لەئامادەبووەکان (بەڕێوەبەری دەستەی پاراستنی کەلەپووری ووڵاتی سعودیە) بەفەرمی بانگھێشتی د.ڕۆژینی کرد بۆ ووڵاتەکەی بۆ قسەکردن لەدیدارێکی زانستیداو ئەنجامدانی پڕۆژەیەکی ھاوشێوە بۆ مۆزەخانەو بینا کەلەپوورییەکانی ئەو ووڵاتە. پێشانگای نێودەوڵەتی Expo ٢٠٢٠ Dubai سەر بەپێشانگای بەناوبانگی World Expo یە کە بەگەورەترین نمایش لەسەر زەوی ناودەبرێت کە تیایدا ووڵاتان داھێنانە زانستیء تەکنەلۆجیاکانی خۆیان نمایش دەکەنء بۆ یەکەمجار ئەم پێشانگایە لەساڵی ١٨٥١ لەشاکارێکی تەلارسازی ئەوکاتەدا بەناوی Crystal Palace لەووڵاتی بەریتانیا ئەنجامدرا. لەساڵی ٢٠٢٠دا بۆ یەکەم جار ئەم پێشانگایە لەووڵاتێکی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست (ئیمارات) ئەنجامدەدرێت بەبەشداری ١٨٠ نەتەوەو ئامادەبوونی زیاد لە ٢٥ ملێون کەس.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile