دامەزراوەى DAADى ئەڵمانى هاوکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا دەکات بۆئەوەى کوردستان بەفەرمى لەناوچەى خوێندنى باڵاى ئەوروپا تۆماربێت
ۆ یەکەمین جارە سەرۆکى دامەزراوەى DAADى ئەڵمانى سەردانى هەرێمى کوردستان دەکات و لەکۆبونەوەیدا لەگەڵ وەزیرى خوێندنى باڵاى هەرێم، بڕیاریدا هاوکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا بکات بۆ ئەوەى هەرێمى کوردستان بەفەرمى لەناوچەى خوێندنى باڵاى ئەوروپا تۆماربێت.
ئەمڕۆ پێنجشەمە ڕێکەوتى (2023/5/25) د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازیکرد لە (پرۆفیسۆر جۆیبراتۆ موکێرجى) سەرۆکى دامەزراوەى DAADى ئەڵمانى و (د.سڤێن مۆسڵەر) جێگرى کونسوڵى گشتى کۆمارى ئەڵمانیاى فیدراڵ لە هەرێم و (بێنجەمین شمێلینگ) بەرپرسى ئۆفیسى هەرێمى دامەزراوەى ناوبراو لە عەمان و جوان خاڵس بەڕێوەبەرى پرۆگرامەکانى دامەزراوەکە لە هەولێر.
لە دیدارێکدا کە بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکارى وەزیر و بەڕێوەبەرى گشتى نێردراوان ئامادەیبون، وەزیرى خوێندنى باڵا بەخێرهاتنى وەفدى میوانى کردو سوپاسى هاوکارى و هەماهەنگى دامەزاروەى (DAAD) ى ئەڵمانى کردو دوپاتیکردەوە: مەبەستمانە هاوکارى و هەماهەنگییەکانمان بەردەوام بیت بۆ کارى هاوبەشى نوێ و ستراتیژى لە بوارى خوێندنى باڵادا، چونکە دامەزراوەى DAADى ئەڵمانى هاوبەشێکى ستراتیژى وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێمى کوردستان و بەشدارێکى کاریگەرى ڕیفۆرمى کەرتى خوێندنى باڵایە.
هەر لە کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا جەختى کردەوە: چاوەڕوانین دامەزراوەى DAADى ئەڵمانى هاوکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا بکات بۆ ئەوەى هەرێمى کوردستان بەفەرمى لەناوچەى خوێندنى باڵاى ئەوروپا تۆماربێت، بەتایبەت دواى ئەوەى هەرێمى کوردستان هەنگاو و بەرەو پێشچونى بەرچاوى ناوە لە جێبەجێکردنى بۆلۆنیا پرۆسێس و زانکۆکانیش ئێستا پێویستیان بە هاوکارى و پشتیوانى زیاترە بۆ قوڵکردنەوەى کۆنسێپتە بنەڕەتییەکانى بۆڵۆنیا پرۆسێس لە ناو سیستمى خوێندنى باڵاى هەرێمى کوردستان.
لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا د. ئارام محمد قادر، ئاماژەى بەوە کرد پەرەپێدانى خوێندنى تەکنیکى و پیشەیی ڤۆکەیشنەڵ بەشێکى گرنگى ستراتیژى وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێمى کوردستانە، ئەڵمانیاش بەوە ناسراوە کە لەم بوارەدا رۆڵى پێشەنگیان هەیە، بۆیە وەزیرى خوێندنى باڵا داواى لەسەرۆکى دامەزراوەى DAAD کرد بۆ بنیادنان و بەهێزکردنى بناغەى خوێندنى تەکنیکى و پیشەیى لە هەرێمى کوردستان هاوکارمان بن.
لەو چوارچێوەیەشدا وەزیرى خوێندنى باڵا جەختى کردەوە، هەروەک چۆن پێشتر دامەزراوەى DAADى ئەڵمانى بۆ پشتیوانى کردنى دارایى پرۆژە هاوبەشەکانى نێوان خوێندنى باڵاى هەرێمى کوردستان و کۆمارى ئەڵمانیاى فیدرال درێغى نەکردوە، داواکارین لە ئایندەشدا بەردەوام بێت لە پشتیوانى کردنى زانکۆکانمان بۆ ئەنجامدانى کار و پرۆژەى زانستى هاوبەش لەگەڵ ئەڵمانیا.
دواتر (پرۆفیسۆر جۆیبراتۆ موکێرجى) سەرۆکى دامەزراوەى DAADى ئەڵمانى، سوپاسى وەزیرى خوێندنى باڵا و تیمى وەزارەتى کرد، بۆ پێشوازى گەرمیان و دەستخۆشى لە وەزیرى خوێندنى باڵا کرد بۆ روئیا و پلانە ستراتیژییەکانى وەزارەتەکەى. هاوکات جەختیشى کردەوە: دامەزراوەى DAADئەڵمانى، هەرێمى کوردستان بە هاوبەشمى ستراتیژى خۆى دەبینێت، بۆ ئەمەش تەئکیدى کردەوە کە دامەزراوەکەیان بۆ هەرسێ پێشنیازەکەى وەزیرى خوێندنى باڵا هاوکارى سەرەکى دەبێت، بەتایبەت لە ئێستاوە ئامادەکارى دەکەن بۆ ئەوەى هەنگاو بنرێت بەرەو تۆمارکردنى فەرمى هەرێمى کوردستان لە ناوچەى خوێندنى باڵاى ئەوروپاو پشتیوانى کردنى خوێندنى تەکنیکى و پیشەیی و هاوکاریکردنى پرۆژە هاوبەشەکانى نێوان زانکۆکانى هەردولا.
بۆ ئەم مەبەستەش سەرۆکى دامەزراوەى DAADى ئەڵمانى بەفەرمى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستانى بانگهێشت کرد بۆ ئەوەى سەرۆکایەتى شاندێکى وەزارەت بکات بۆ سەردانى ئۆفیسى سەرەکى دامەزراوەى DAADلە ئەڵمانیا، بەو ئامانجەى بە شێوەیەکى پراکتیکى کار بۆ ئەو نەخشە ڕێگەیانە بکرێت کە لەم کۆبونەوەیەدا باسیان لێوە کراوە.