مامۆستایەکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی سوپاسنامەی حکومەت و پەرلەمانی کوردستانی پێدەدرێت
سێ نامەی سووپاس و پێزانینی پەرلەمانی کوردستان و وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و رۆشنبیریی دەدرێت بە پ.ی.د.شوان ئادەم ئەیڤەس، پسپۆڕی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر_ە لە بەشی تەکنیکی میدیای کۆلیژی تەکنیکی کارگێڕیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.
«سووپاس و پێزانینی خۆمان ئاڕاستەی بەڕێزتان دەکەین لە پای ھەوڵ و ھەنگاوی چەند ساڵەتان لە راستکردنەوەی خەوشەکانی میدیای کوردی لە ھەرێمی کوردستان.» بەم دەربڕینە سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان؛ ئەردەڵان محەمەد سەرسپی رۆژی سێشەممە (30ی ئایاری 2023) سوپاسنامەی ئاڕاستەی پ.ی.د.شوان ئادەم ئەیڤەس کردووە.
پێشتریش لە پای بەشدارییکردن، لەگەڵاڵەکردن و داڕشتنەوەی راسپاردەکانی «کۆنفرانسی پرسی زمان لە راگەیاندن و ریکلامی بازرگانی»دا کە لە رۆژانی 26 و 27ی شووباتی 2023؛ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە ھۆڵی ھۆتێل دیدەمان لە شاری ھەولێر رێکخرا، رۆژی چوارشەممە (05ی نیسانی 2023) لەلایەن حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیریی و لاوانی ھەرێمی کوردستانەوە بە فەرمانی وەزیریی ژمارە 1843 و بە لیستێکی ھاوبەش نامەی «رێز و سووپاس» ئاڕاستەی پ.ی.د.شوان ئادەم ئەیڤەس کرا.
لەلایەکی دیکەوە و لەپای ئەو «ھەوڵ و کۆشش و ماندوبوونە»ی لە رووی زانستییەوە بۆ وتنەوەی پرس و بابەتەکانی ئیتکی میدیایی لە زانکۆکانی ھەڵەبجە و زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و لەرووی پیشەیی و کاری رێکخراوەییشەوە، رۆژی پێنجشەممە (13ی نیسانی 2023) لەسەر راسپاردەی د.ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی و بە واژۆی پ.د.عەبدولفەتاح عەبدولرەزاق، بریکاری وەزیر و بە نووسراوی ژمارە 6439 «سووپاس_پێزانین» ئاڕاستەی پ.ی.د.شوان ئادەم ئەیڤەس کرا.
لە لێدوانێکییدا پ.ی.د.شوان ئادەم ئەیڤەس وێڕای نرخاندنی «سووپاس و پێزانین»ی پەرلەمانی کوردستان و ھەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و رۆشنبیریی ھەرێمی کوردستان، وتی: «ھیوادارم بە ھەوڵ و ھیمەتی دڵسۆزانەی ھەموولایەک؛ چاکسازییەکی گشتگیری زانستیی و پیشەیی و یاسایی لە بواری خوێندنی پەروەردەی میدیایی و پیادەکردنی لەژیانی رۆژانەی بەرھەمھێنەران و بەکارھێنەرانی پەیامی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان_دا بکرێت و رەنگبداتەوە.»
سووپاس و ستایشکردنی د.شوان ئادەم ئەیڤەس؛ پەیوەندیی بە پلان و پرۆژە و پرۆگرامە نیشتیمانییەکانی لەسۆنگەی ھەوڵەکانی لە بوارەکانی رێکخستنەوەی پیشەیی و یاسایی و سەرپێخستنی پەروەردەی میدیایی بووە کە دیارترینیان لەمانەی خوارەوەدا خۆیان دەبیننەوە:
1. دامەزراندن و سەرۆکایەتییکردنی یەکەم رێکخراوی ناحکوومیی قازانج نەویستی میدیایی؛ بەناوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک).
2. سەرپێخستن و سەرنووسەریی خۆبەخشی یەکەم گۆڤاری وەرزی تایبەتمەند بە پەروەردەی میدیایی بە ناوی دەرگاوان کە سێ ژمارەی بەپێزی لێ چاپکرا؛ بەداخەوە ئێستا بەھۆی نەبوونی پاڵشتی داراییەوە، راگیراوە!
3. رێکخستن و سەرپەرشتییکردنی یەکەم کۆڕبەندی نیشتیمانیی چمک بۆ ریفۆرمی میدیایی لە رۆژی 10ی تەمووزی 2021 کە 20 راسپاردەی کردەیی لێدەرچوو؛ بەشێکیان ئاڕاستەی پەرلەمانی کوردستان کرا و ئێستا لە لیژنەی رۆشنبیری، راگەیاندن و کۆمەڵگەی مەدەنیی تاووتوێی چۆنیەتی جێبەجێکردنیان دەکرێت.
4. بەشدارییکردن لە گەنگەشەکردن و داڕشتنەوەی پێشنیازەیاسای ئەنجوومەنی نیشتیمانیی گەیاندن و راگەیاندن لەھەرێمی کوردستانی عێراق_دا.
5. بەشدارییکردن لە چەندین کۆڕ و کۆڕبەند و کۆنفرانسی زانستیی لەناوخۆ و دەرەوەی کوردستان؛ بۆ خستنەڕووی ئەنجامەکانی توێژینەوە میدیایی و سەرنجە پیشەییەکانتان لەسەر باشیی و خراپیی کارە رۆژنامەوانییەکانی میدیاکار و میدیای کوردی.
6. بەشدارییکردن لەچەندین راھێنانی پەروەردەی میدیایی؛ بە ئامانجی باشپەروەردەکردنی نەوەی نوێی رۆژنامەوانان و ئاشناکردنیان بە مادە و بڕگەکانی یاسا بەرکارەکان و ناسینەوەی پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن.
7. نووسین و بڵاوکردنەوەی سەدان رەخنەی میدیایی و بەرھەمھێنانی رستێک چاپکراوی میدیایی بە زمانەکانی کوردیی و ئینگلیزی، لەوانە: ئیتیک لە رۆژنامەوانی کوردییدا، مافی ژیانی تایبەت لە یاسا و ئیتیکی رۆژنامەگەرییدا، کورد و پرۆسەی گەیاندن، ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەریی لەھەرێمی کوردستانی عێراقدا، کولتوورەکانی رۆژنامەگەریی کوردی؛ وەرچەرخانی سنوورەکانی تێگەیشتنی تایبەتمەندێتی (privacy) لەنێو ئاڕاستەکانی رۆڵی پیشەیی رۆژنامەوانان_دا.
8. بڵاوکردنەوەی چەندین توێژینەوەی زانستی و بەدەستھێنانی پلەی زانستیی پرۆفیسۆری یاریدەدەر لەبوارەکانی خوێندنی گەیاندن، کولتوور و راگەیاندن_دا.
9. بەشدارییکردن لە چەندین پرۆگرام و پرۆژە و دانیشتنی راوێژکاریی بۆ روونکردنەوەی دەرفەت و ئاستەنگە یاسایی و پیشەییەکانی راگەیاندنکار و راگەیاندن لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان-دا.
10. بەردەوام ئامادەبوون و بڵاوکردنەوەی ھۆشیاریی میدیایی لە رێگەی سەکۆ جیاوازەکانی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان_ەوە.