بە ئامادەبونی بەڕێزان سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی (پ.ی.د. هوشیارعبدالله عزيز) ولێپرسراوی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی( پ. ی.ئاودێر محمد احمد) لە شاری بەغداد بەشداریان لە وۆرکشۆپی دەستپێکردن و ڕاگەیاندنی پڕۆژەی (ISDEHARAK) کرد، بە بەشداری هاوبەشە سەرەکییەکانی پڕۆژەکە کە پێکهاتون لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان.
مەبەست لە ئەنجامدانی وۆرکشۆپەکە بریتی بوو لە خستنەڕوی مەبەست و ئامانجەکانی پڕۆژەکە کە تایبەتە بە پەرەپێدان و گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا، هەر لە پڕۆژەکە باس لە پلان و قۆناغەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە کرا و گفتوگۆش لەسەر ئالنگاریەکانی بەردەم پڕۆژەکە و چۆنیەتی بەرەنگاربونەوەیان و دۆزینەوەی ڕێگە چارەسەر کرا.
بە نوێنەرایەتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەرۆکی دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایی جۆرى(د. محمد حسین) ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبردنی پڕۆژەی ISDEHARAK لە سەرەتای دەستپێکردنی وۆرکشۆپەکەدا وتەیەکی بە نوێنەرایەتی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پێشکەشکردو پاڵپشتی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستانى بۆ پڕۆژەکە ڕایگەیاند، بۆ ئەمەش وتى: لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیە کاردەکەین بۆ پەرەپێدانی ژینگەیەکی باشی خوێندن و پەروەردە کە گرنگی بدات بە کوالێتی و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و داهێنان و توێژینەوەو وەبەرهێنان و بە مۆدێرنکردنی دامەزراوەکانمان و باشترکردنی ژێرخان و دابینکردنی ئامیری پیشکەوتوو بۆ ناوەندەکانی خوێندن لە بواری کشتوکاڵیدا، وەزارەت و زانکۆکان هاوکار و هەماهەنگ دەبن لە پەرەپیدانی پڕۆگرامەکانی خوێندن بەشێوەیەک کە بنەما سەرەکیەکانی خوێندن و ڕاهێنانی تەکنیکی و پشەیی تیایدا ڕەنگبداتەوە و ئەو کارامەیی و لێهاتویانە دەستەبەر بکات کە هاوتەریبن لەگەڵ پێداویستی بازاری کاردا و خستنەڕوی هێزێکی کاری کارامە کە دەستەبەری گەشە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان بکات.
ڕۆژەی ( (Iraqi Skill Development by European Union Holistic Agriculture Recovery through Advanced Knowledge-ISDEHARAK) لەلایەن یەکێتی ئەوڕوپاوە بڕی نزیکەی (١٠) ملیۆن یۆرۆی بۆ تەرخان کراوە کە ماوەی سێ ساڵ دەخایەنێت و ئامانج لە پڕۆژەکە بریتیە لە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی سیستمی خوێندن و ڕاهێنانی تەکنیکی و پیشەیی (TVET)، کە ئەمەش گرنگیەکی زۆری هەیە بۆ بژێوی ژیانی جوتیاران و ئابوری عێراق و هەرێمی کوردستان.
پڕۆژەی (ISDEHARAK) گرنگی بە دوو لایەنی سەرەکی دەدات کە یەکەمیان پشتگیریکردنە لە شێوازە نوێ و پێشکەوتوەکانی فێرکردن لە بواری خوێندن و ڕاهێنانی تەکنیکی و پیشەیی TVET)) لە بواری کشتوکاڵدا، لە لایەکی دیکەوە ئەم پڕۆژەیە گرنگی بە بەرزکردنەوەی کارامەییە تەکنیکی و کارامەییە کەسییەکان (Soft skills) دەدات بۆ بەهێزکردنی گەنجان لە ناویاندا ژنان و کوڕان و کچان و ئاوارەبوان.
