Back

وەزارەتى خوێندنى باڵا بنەماکانى ئەنجامدانى (تاقیکردنەوەى توانستى زمانى کوردى) دادەڕێژیت

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە ڕێگەى ئەنجامدانى (تاقیکردنەوەى ستانداردى توانستى زمانى کوردى) و (دانانى پرۆگرامێکى تایبەت بە فێربونى زمانى کوردى)، سیاسەتى گرنگیدان بە زمانى کوردى دادەڕێژێت، بۆ ئەم مەبەستە ئامادەکارییەکان بۆ داڕشتنى چوارچێوەى تاقیکردنەوەى ستانداردى توانستى زمانى کوردى کۆتایى هاتوە، لە ئێستاشدا کاردەکرێت بۆ دانانى پرۆگرامێکى یەکگرتووى فێربونى زمانى کوردى لەسەر ئاستى کوردستان.

ئەمڕۆ یەکشەمە ڕێکەوتى (2023/5/21)  بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کۆبونەوەى لێژنەى باڵاى دانانى تاقیکردنەوەى ستانداردى توانستى زمانى کوردى لە زانکۆکانى کوردستان بەڕێوەچوو.

لە کۆبونەوەکەدا کە د. محمد حسێن سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى و سەرۆکى لێژنەى باڵاى دانانى تاقیکردنەوەى ستانداردى توانستى زمانى کوردى ئامادەیبوو، لە دەستپێکدا وەزیرى خوێندنى باڵا ڕایگەیاند: پەرەپێدانی زمانی دایک ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی و مۆڕاڵی و زانستییە و فاکتەری بنچینەیی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەییمانە. وەک وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تێڕوانین و پلانی درێژخایەنمان هەیە بۆ پەرەپێدانی زیاتری زمانی کوردی، جێگەی خۆشحاڵییە کە لەئێستادا بەشەکانی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆکانی کوردستان لە ڕوی مەعریفی و توانای مرۆییەوە لەئاستێکی بەرزدان، هەوڵ دەدەین هەموو ئەم توانایانە یەک بخەین بۆ خزمەتکردنی زیاتری زمانی کوردی و بنیادنانی زمانی فەرمی و هاوبەش لە هەرێمی کوردستان.

لەبارەى دانانى مەرجەکان و چوارچێوەى ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى ستانداردى توانستى زمانى کوردى و دانانى پرۆگرامێکى یەکگرتووى فێربونى زمانى کوردى ، د.ئارام محمد قادر دوپاتیکردەوە، گرنگە بۆ نەتەوەکەمان کاربکەین بۆ ئەوەى لە ئێستادا بتوانین ببین بە خاوەنى تاقیکردنەوەى ستانداردى توانستى زمانى کوردى، چونکە بەم ڕێگەیەوە دەتوانین سیاسەتى گرنگى دان بە زمانى کوردى دابڕێژین، بەتایبەت بۆ خوێندکاران و قوتابیانى بیانى لە زانکۆ و دامودەزگاکانى سەر بە وەزارەتى خوێندنى باڵا بەمەبەستى درێژەدان بە خوێندن لەو بەشانەى کە زمانى خوێندن تیایاندا بە زمانى کوردیە.

لە کۆتایى وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا سەرۆک و ئەندامانى لێژنەکەى ڕاسپارد، سود لە شارەزایى و پسپۆرى سەرجەم ئەو لایەنانە وەربگرن کە دەتوانرێت بۆ داڕشتنى چوارچێوەى تاقیکردنەوەى ستانداردى توانستى زمانى کوردى سودى لێ وەربگیرێت.

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بنەماو پێوەرەکانى ئەنجامدانى (تاقیکردنەوەى ستانداردى توانستى زمانى کوردى) داڕشتوە، لە ئێستاشدا کاردەکات بۆ دانانى پرۆگرامێکى یەکگرتوى فێربونى زمانى کوردى لەسەر ئاستى کوردستان، لەو چوارچێوەیەشدا لێژنەیەکى تایبەت ڕاسپێردراوە بەمەبەستى یەکخستنى ئەو پرۆگرامانەى کە لە زانکۆکانى سلێمانى و دهۆک و سۆران دانراون، بەمەبەستى دانانى پرۆگرامێگى یەکگرتوى فێربونى زمانى کوردى بەهەردو شێوەزارى سۆرانى و کرمانجى ژورو.