Back

یه‌كه‌مین پرۆگرامی کۆنفرانسى گه‌نجانی پێشه‌نگ له‌هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ستی به‌كاره‌كانی كرد

به‌یانی ئه‌مڕۆ، هه‌ینی 17/3/2017 له‌پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌، كاره‌كانی كۆنفرانسی یه‌كه‌مین پرۆگرامی گه‌نجانی پێشه‌نگ له‌هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ستیپێكرد. كۆنفرانسه‌كه‌ رێكخراوی كارین به‌هاوكاری زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی‌و زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌نجامیده‌دات‌و تێیدا هه‌ریه‌ك له‌به‌رێزان سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی‌و سه‌رۆكی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌و جێگری پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌و قایمقامی قه‌زای ناوه‌ندی هه‌ڵه‌بجه‌و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌به‌رپرسانی حكومی‌و حزبی‌و رێكخراوه‌كانی تایبه‌ت به‌گه‌نجان‌و ژماره‌یه‌ك گه‌نجی هه‌ڵبژێردراو له‌سه‌رجه‌م پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ئاماده‌یبوون. له‌سه‌ره‌تاداو پاش چه‌ند ساتێك وه‌ستان بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان، ووته‌ی به‌خێرهاتن‌و ووته‌ی هه‌ریه‌ك له‌سه‌رۆكی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌و قایمقامی قه‌زای ناوه‌ندی هه‌ڵه‌بجه‌ خوێندرانه‌وه‌و دواتر پ.ی.د.ئالان فه‌ره‌یدوون عه‌لی ئه‌مین ووتاری زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی خوێنده‌وه‌و رایگه‌یاند: هه‌ر له‌مێژه‌وه‌ گه‌نجان سه‌رمه‌شق‌و داهێنه‌ربوون‌و سه‌رده‌سته‌ی سه‌رجه‌م گۆرانكارییه‌ مێژوییه‌كان بوونه‌ به‌شۆرشی نوێی گه‌له‌كه‌مان‌و راپه‌رین‌و رووبه‌رووبونه‌وه‌ی تیرۆریشه‌وه‌. پ.ی.د.ئالان ووتیشی: ئێمه‌ له‌زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌ریه‌ك كه‌وتنی راسته‌وخۆمان له‌گه‌ڵ خوێندكارانی گه‌نجی زانكۆكه‌ماندا هه‌یه‌، هه‌وڵمانداوه‌ زۆربه‌ی به‌رنامه‌و پرۆژه‌كانمان بۆ ئه‌م چینه‌ گرنگه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان بێت‌و زیاتر كارمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ئاستی زانستی‌و مه‌عریفی گه‌نجانمان زیاتر بكه‌ین، جگه‌ له‌وه‌ش زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی خاوه‌نی بروانامه‌ی به‌رزن‌و پێگه‌و رۆڵی گرنگیان پێدراوه‌ له‌به‌رێوه‌به‌ردن‌و شوێنه‌ گرنگه‌كانی زانكۆكه‌مان دیسانه‌وه‌ گه‌نجانی خاوه‌ن بروانامه‌ی به‌رزی زانكۆكه‌مانن، به‌جۆرێك هه‌میشه‌ شانازی به‌وه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ پێمان ده‌ڵێن ئێوه‌ زانكۆیه‌كی گه‌نجن. هه‌ر له‌ووته‌كانیدا سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ووتی كه‌ پێویسته‌ گه‌نجان له‌ئاستی پرسی گه‌نجاندا یه‌ك ده‌نگ‌و یه‌ك ده‌ستبن‌و نه‌هێڵن هیچ كه‌سێك بۆ هیچ مه‌رامێكی تایبه‌تی پرسی گه‌نجان به‌لاڕێداببات. له‌كۆتایی ووته‌كه‌شیدا پ.ی.د.ئالان سڵاوی تایبه‌تی نارد بۆ پێشمه‌رگه‌ی پارێزه‌ری خاك‌و وڵات‌و سنوری كوردستان‌و ووتی كه‌ سه‌ری رێزو نه‌وازش بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان داده‌نوێنین‌و هیوادارین خوای گه‌وره‌ شیفای خێرا بۆ برینداران بنێرێت. له‌ووته‌یه‌كیشیدا بۆ سایتی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ئاكۆ محمد تۆفیق ووته‌بێژی كۆنفرانس سه‌باره‌ت به‌كاره‌كانی كۆنفرانسه‌كه‌ روونیكرده‌وه‌: بۆ ئه‌م كۆنفرانسه‌، هاستاوین به‌ئاماده‌كردن‌و بانگ كردنی گه‌نجان له‌هه‌ر پێنج پارێزگاكه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بۆ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌، ئه‌ویش به‌شێوازی پێشكه‌ش كردنی (سی ڤی) له‌لایه‌ن سه‌رجه‌م گه‌نجانه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ئاره‌زومه‌ندانه‌و دواتر جیاكردنه‌وه‌ی له‌رێگه‌ی لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌نده‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی ئه‌و گه‌نجانه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێن كه‌ به‌پێی (سی ڤی)یه‌كه‌یان گونجاون بۆ به‌شداری كردن له‌پرۆگرامه‌كانی كۆنفرانسدا. ووته‌بێژی كۆنفرانسه‌كه‌ ووتیشی: ئامانج له‌كۆنفرانس ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م گه‌نجانه‌ ئاماده‌بكرێن تاوه‌كو بتوانن له‌ئاینده‌دا رۆڵی سه‌ركرده‌ له‌م هه‌رێمه‌دا بگێڕن، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد كه‌ كه‌سانی به‌ئه‌زمونیان بانگهێشت كردووه‌ تاوه‌كو باس له‌ئه‌زموونی خۆیان‌و هه‌وڵه‌كانیان له‌سه‌رده‌می گه‌نجێتیدا بكه‌ن كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ئێستا له‌پۆستی گرنگدان‌و خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات‌و سه‌ركرده‌ن، تاوه‌كو ببێته‌ به‌رنامه‌و كارنامه‌یه‌كی گرنگ بۆ گه‌نجانی ئێستا، هه‌روه‌ها چه‌ندین پرۆگرامی دیكه‌ی زانستی‌و ئه‌كادینی بۆ پێشخستنی توانای گه‌نجان‌و تێكه‌ڵبوونی كلتوری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌هه‌رسێ رۆژی پرۆگرامدا بوونی ده‌بێت‌و گه‌نجانی هه‌ر پێنج پارێزگاكه‌ی هه‌رێم زیاتر له‌یه‌كتر نزیكده‌بنه‌وه‌و له‌رووی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسی‌و كلتوری‌و رۆشنبیرییه‌وه‌ گفتوگۆی چڕ ده‌كه‌ن‌و ئاشنای زیاتری یه‌كترده‌بن. جێی ئاماژه‌یه‌ كۆنفرانسی یه‌كه‌مین پرۆگرامی گه‌نجانی پێشه‌نگ له‌هه‌ڵه‌بجه‌، له‌مرۆوه‌ بۆ ماوه‌ی سێ رۆژ له‌پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile