Back

سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە ساڵیادی مەرگەساتی ئەنفالدا پەیامێكی بڵاوكردەوە

ئەمڕۆ ١٤/٤، سی پێنج ساڵ بەسەر ئەنفالی دەڤەری گەرمیاندا تێپەر دەبێت، یادی مەرگەساتێك و زامێكی لەبیرنەکراوی سارێژنەبووی نەتەوەكەمان دەكەینەوە، کە دوژمن لە چوارچێوەی پلان و نەخشەیەکی داڕێژراودا بە ‏دڕەندەترین شێوە ئەم پرۆسە تراژیدی و سامناکەی دەرهەق بە پیر و منداڵ و ‏ژن و پیاو بێ جیاوازی و دوور لە هەست و ویژدان ئەنجام دا.
یادكردنەوەی ئەم مەرگەساتە ئەگەرچی زامێكی قوڵ و ئازاربەخشە وەبیرهێنانەوەی قوربانیدان و خۆڕاگریی گەلەكەمان دەسەلمێنێت، ئێمە لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەگرنگی دەزانین کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵێ خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ کردنەوەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان بکاتە دیاری بۆ خەڵکی تێکۆشەری گەرمیان و قوربانیانی ئەنفال ، بەهەموو توانامان پشتیوانی لە بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی خوێندكاران و مامۆستایان و فەرمانبەرانی ئەو دەڤەرە دەكەینەوە و كاری جددی لەسەر ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی دەكەین بۆ چارەسەری هەموو ئەو گرفتە جیاوازانەی كە لەپاش ئەنفال هاتۆتە كایەوە. ئەنفال پێماندەڵێت پێویستە هەمووان پێكەوە كاربكەین و بەردەوام بین لەبەرەوپێشبردنی رەوتی زانست و فێركردن لە كوردستان. لەكۆتاییدا پاراستنی‌ ئەو دەستكەوتانەی‌ گەلەكەمان كە لە سایەی‌ خەبات و خوێنی‌ شەهیدان بەدیهاتوون بە پێویست دەزانین لەپێناو پتەوكردنی‌ تەبایی‌ و یەكڕیزی‌ نێوان لایەنەکان و هێزەكانی‌ گەلەكەمان و خەباتكردن بۆ بەدیهێنانی‌ ئامانجەكانی‌ تری‌ نەتەوەکەمان كە هەمان ئامانجی‌ شەهیدانیشمان بوون.
لەم یادە پڕ ‏شکۆیەدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەنفال و گشت ‏شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریخوازی کوردستان دادەنەوێنین، سڵاوی وەفامان بۆ کەسوکاری ‏قوربانیانی ئەنفال هەیە کە بۆ هەمیشە لەگەڵ ئازارێکی بێ کۆتا گوزەر دەکەن لە ‏ژیان.‏

سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی

This shortcode LP Profile only use on the page Profile