وەزارەتى خوێندنى باڵا زەمالەى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا لە کۆریاى باشور ڕادەگەیەنێت
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى فەرمانبەران و مامۆستایانى ئاگاداردەکاتەوە کە وڵاتى کۆریاى باشور لە چوارچێوەى هەماهەنگی وەزارەتی پلاندانان و سەنتەری لێکۆلینەوەی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی کۆریای باشور (KDI School) زەمالەى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا لە بوارەکانی (سیاساتى گشتى, سیاساتى پەرپێدان و بەڕێوەبردنى گشتى) لە زانکۆکانی وڵاتی کۆریای باشور تەرخانکردوە.
بۆ ئەم مەبەستە هەر کەسێک مەرجەکانى تێدا بەرجەستە بێت و ئارەزوی خوێندنی لە زانکۆکانی وڵاتی کۆریاى باشور هەبێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەم تێبینیانەی خوارەوە دەتوانێت داواکاری لە ڕێگەی ئەم لینکەی خوارەوە پێشکەش بە سەرچاوەی زەمالەکە بکەن:
ماستەر:
· پێشکەشکار پێویستە فەرمانبەر یان مامۆستا بێت.
· پێشکەشکار دەبێت بە لایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بەدەستهێنانی دوایین بڕوانامە.
· پێشکەشکار دەبێت کۆنمرەی بەکالۆریۆسی لە ٦٥% کەمتر نەبێت.
· ئاستی توانستی زمانی داواکراو لە بەرنامەیەک بۆ بەرنامەیەک جیاوازە، بۆیە بەر لە پێشکەشکردن تکایە تەواوی وردەکاریەکانی ئەم بەرنامەیە بخوێننەوە کە داواکاری بۆ پێشکەش دەکەن.
· داواکار دەبێت لەهەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی ماستەر پێشکەش بکات. (واتا بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت.)
· کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وەزارەتەکەمان تەنها مۆلەتی خوێندنی پێدەدرێت، واتا بە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.
· کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وڵاتی کۆریاى باشوور پشتگیری دارایی دەکرێت، بۆ وردەکاری زیاتر تکایە سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن.
دکتۆرا:
· پێشکەشکار دەبێت فەرمانبەر یا مامۆستا بێت.
· پێشکەشکار دەبێت بەلایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بەدەستهێنانی دوایین بڕوانامە، بەلام بۆ دەرچوانی بەرنامەی تواناسازی دەبێت بە لایەنی کەم (٥) ساڵ خزمەتی هەبێت.
· پێشکەشکار دەبێت کۆنمرەی ماستەری لە (٧٠%) کەمتر نەبێت.
· ئاستی توانستی زمانی داواکراو لە بەرنامەیەک بۆ بەرنامەیەک جیاوازە، بۆیە بەر لە پێشکەشکردن تکایە تەواوی وردەکاریەکانی ئەم بەرنامەیە بخوێننەوە کە داواکاری بۆ پێشکەش دەکەن.
· داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی ماستەر پێشکەش بکات. (واتا ماستەر و دکتۆراکەی لە هەمان بوار بێت).
· کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وەزارەتەکەمان تەنها مۆڵەتی خوێندنی پێدەدرێت واتا بەموچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.
· کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وڵاتی کۆریاى باشوور پشتگیری دارایی دەکرێت، بۆ وردەکاری زیاتر تکایە سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن.
پێشکەشکردن راستەوخۆ و تەنها لەڕێگەی ماڵپەڕی سەرەکی زەمالەکە (کۆریاى باشوور) دەبێت.
· تێبینی:
· ئەم لینکەی سەرەوە تاوەکو ڕێکەوتى (١٩/٤/٢٠٢٣) کارا دەبێت.
· هەرکەسێک مەرج و ڕێنماییەکانى سەرەوەی تیایدا بەرجەستە نەبێت، دواجار مۆڵەتی خوێندنی پێنادرێت.
· تکایە بۆ هەر پرسیارێک یان زانیاری زیاتر سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن.