پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە یادی(٥٠)ساڵەی دامەزراندنیدا
پەیامی سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە ساڵ ڕۆژی دامەزراندنیدا
مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندكارانی زانكۆ
لەساڵ ڕۆژی دامەزراندنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانیدا پیرۆزباییەكی تایبەت ئاڕاستەی زانستخوازان و مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندكارانی زانكۆ و هەڵگرانی ئاڵای زانست و خوێندنی باڵا دەكەین. ٥٠ ساڵ پێش ئێستا و لە ساڵی ١٩٧٣ یەكەمین پەیمانگە لە كوردستان دامەزرا کە (پەیمانگەی تەكنیكی سلێمانی) بوو بە ئامانجی پەرەپێدانی زانست و خوێندن وبەرهەمهێنانی مەعریفەو هەوڵی بەردەوامبوو لەپێناو باشترین رێگاكانی گەیاندنی زانست و پەروەردەکردنی خوێندکاران بەئاستێکی ئەکادیمی بەرز، هەر ئەو پەیمانگەیەش بۆیە هەوێنی دامەزراندنی کۆلێج و پەیمانگەکانی تر لە دوای ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان، لە ساڵی ٢٠١٢ە وە بەبڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دەستەی خوێندنی تەكنیكی گۆڕا بۆ زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، كه لەئێستادا زانکۆ خاوەنی (٧٢) بەشی زانستیە لە بەیانیان و ئێواران کە پێکهاتولە ٦ كۆلێج و ٧ پەیمانگەی تەكنیكی کە بەسەر شارەکانی سلێمانی و ههڵهبجه و كهلار و دوكان و چهمچهماڵ و دهربهندیخان دابەشبوون.
زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لەئێستادا خاوەنی ( ١٤٩٠٥ ) خوێندکار و (٦٣١) ستافی ئەکادیمیە، ژمارەی خوێندکارانی خوێندنی باڵا (١٠٢)زانستخوازە، هەروەها بەشێکی بەرچاوی خوێندکارانی لە بەشەناوخۆییەکانیدا لەخۆگرتووە کە ژمارەیان نزیکەی (٣٧٦٤ ) خوێندکارە و لە ( ١٠ ) کەمپی جیاوازی زانکۆدا نیشتەجێن لەگەڵ دابینکردنی سەرجەم خزمەتگوزاریی شایستە و پێویست بۆیان، ههروهها ژمارهی رێكهوتننامه و لێكتێگهیشتنه زانستیی و ئهكادیمییهكانی زانكۆمان گهیشتووه به ( ١٠١ ) ڕێکەوتننامە لهگهڵ زانكۆ و ناوهنده ئهكادیمیی و دهزگا ناوخۆیی و نێودهوڵهتییهكاندا.
زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەهەوڵ و ماندوبونی مامۆستایان و فەرمانبەران و دڵسۆزانی بەردەوام دهبێت له پێشخستنی بواری خوێندن و توێژینەوەی زانستی و بەدەستهێنانی بڕوانامەی نێودەوڵەتی و گەیشتن بە ئاستی زانكۆ جیهانییەكان.
لەڕانكی نیشتمانی و نێودەوڵەتیەکانیشدا زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لەئاستێکی دڵخۆشکەردایەو هەوڵەکانمان درێژەی هەیە بە ئاڕاستەی فراوانبونی پێگەی زانستی زانکۆو ئاستی خوێندکارانمان.
ساڵانە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی رێژەیەکی بەرچاو لە چالاکی جۆراوجۆر وەک (کۆنفرانس و سیمپۆزیۆم و وۆرکشۆپ و فێستیڤاڵ و سیمینار و خولی تەندروستی و هۆشیاری و هونەری و وەرزشی) و هتد.. بەڕێوەدەبات.
زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بۆ بهدهستهێنانی دهستكهوتی زیاتر بهردهوام بێت بۆ رەخساندنی هەلی كاری پێویست بۆ دەرچووانمان و پڕكردنەوەی پێداویستی بازاڕ لەكادری بەتوانا و ئەكادیمی و ئامادەكردنی هێزی كاری بەتوانا و راهێنراوتر بۆ دەزگا و دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بووژاندنەوەی كەرتی تایبەت، بۆیه پشتگیری بەردەوامی وەزارەت و توێژەران و ئەكادیمیستان و زانستخوازانی هەرێمی كوردستان بۆ زانكۆمان بهرزدهنرخێنین.
پێویستە زانکۆکانمان لەگەڵ بازاڕی کار و دونیای پێشکەوتووی ئەمڕۆدا بگونجێنین و لەسەر یەک ئامانج کۆیان بکەینەوە، ئەویش پێشکەوتنی کۆمەڵگەو دەستخستنی هەلی کارو پێشخستنی ئاستی زانستی زانکۆکان و مامۆستایان و خوێندکارانمانە. بڕیارمان داوە وەک یەک تیم و پێکەوە خەونە گەورەکانی خوێندکاران بەدیبهێنین و ناوەستین تا سەردەکەوین.
دووبارە یادی دامەزراندنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لەخۆمان و مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران و زانستخوازان لەهەرێمی کوردستان پیرۆز دەکەین و هیوامان وایە بتوانین لەڕێگای توندوتۆڵکردنى پەیوەندی لەگەڵ ناوەندە زانستی و ئەکادیمیەکان و سێکتەرە جیاجیاکانى کەرتى تایبەت، هەنگاوی ئەرێنی هەڵبگرین بۆبەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و پێگەیاندنی نەوەیەکی دەست ڕەنگین و خاوەن کار کە چیتر دەرچووانمان پێویستیان بە دامەزراندن لەکەرتی گشتی نەبێت.
سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی