بۆ پەرەپێدانی زیاتری بۆڵۆنیا پرۆسێس و (خوێندنی پیشەیی و تەکنیکی)، دامەزراوەی (DAAD) ی ئەڵمانی هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات
دامەزراوەى DAADى ئەڵمانى هاوکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى هەرێمى کوردستان دەکات بۆ فراوانکردنی پشتیوانی نێودەوڵەتی و هەماهەنگى لەگەڵ کۆمسیۆنى ئەوروپا لە برۆکسڵ، بەئامانجى پشتیوانى کردنى سێکتەرى خوێندنى باڵا و جێبەجێکردنی بۆلۆنیا پرۆسێس لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و پەرەپێدانى خوێندنى تەکنیکى و پیشەیی. ئەمڕۆ دوشەمە ڕێکەوتى (2023/4/3) د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازیکرد لە (Christian Huelshoerster) بەرپرسى پەرەپێدانى پرۆگرامەکانی دامەزراوەی (DAAD) ى ئەڵمانى لە وڵاتانى باشورى نیوە گۆى زەوى، (Christian Strowa) بەرپرسى بەشى ئاڵوگۆڕى زانستى و پەیوەندى نێودەوڵەتى و جوان خاڵس بەڕێوەبەرى پرۆگرامەکانى دامەزراوەکە لە هەولێر. لە دیدارێکدا کە ڕاوێژکارى وەزارەت ئامادەیبوو، وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى بەخێرهاتنى وەفدى میوانى کردو سوپاسى هاوکارى و هەماهەنگى دامەزاروەى (DAAD) ى ئەڵمانى کردو هیواى خواست هاوکارى و هەماهەنگییەکانیان بەردەوام بیت بۆ کارى هاوبەش. لەبەشێکى کۆبونەوەکەدا چەند تەوەرو بابەتێک گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، بە تایبەت نەخشە ڕێگای قۆناغی ئایندە بۆ هەماهەنگى وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێمى کوردستان لەگەڵ دامەزراوەى (DAAD) ى ئەڵمانى بۆ جێبەجێکردنی بۆلۆنیا پرۆسێس لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و پەرەپێدانى خوێندنى تەکنیکى و پیشەیی، لەو چوارچێوەیەشدا بەرپرسانى (DAAD) ى ئەڵمانى پلان و هاوکارى خۆیان بۆ پەرەپێدانى کەرتى خوێندنى باڵاو زانکۆکانى هەرێمى کوردستان دوپاتکردەوە. لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پێکهێنانی تۆڕى هەماهەنگى و هاوکارى هەرێمى کوردستان لەگەڵ دامەزراوەکانی هەریەک لە وڵاتانى ئەڵمانیا، هۆڵەندا، فەرەنسا کرا، لەگەڵ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ دامەزراوە حکومییەکانی وڵاتی ئەڵمانیا کە تایبەتمەندن بە سەرپەرشتیکردنی خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی بۆ ئەوەی بتوانن هاوکاری هەرێمی کوردستان بکەن لە پەرەپێدانی خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی.