Back

راپه‌ڕین سه‌ره‌تای مێژوویه‌كی نوێ

راپه‌ڕینتان پیرۆز سڵاوی زانستتان لێبێت‌و راپه‌رینتان پیرۆز به‌ناوى خۆم‌و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نی زانكۆو مامۆستایان‌و فه‌رمانبه‌ران‌و خوێندكارانی زانكۆمانه‌وه‌، پیرۆزبایی یادی 26 ساڵه‌ی راپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌ی گه‌له‌كه‌مان له‌سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان‌و ئازادی خوازان ده‌كه‌ین‌و ئومێده‌وارین ئه‌و ئامانج‌و هۆكارانه‌ی راپه‌رینی هێنایه‌ ئاراوه‌، چیتر وه‌ده‌ست بێت‌و گه‌له‌كه‌مان بگات به‌كه‌ناری ئارامی. به‌رێزان ئه‌مساڵ له‌كاتێكدا یادی راپه‌رینی مه‌زنی گه‌له‌كه‌مان ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ نه‌ته‌وه‌كه‌مان له‌كوردستان به‌گشتی به‌جۆرێك له‌راپه‌رین‌و به‌رخۆداندا تێده‌په‌ڕن، راپه‌رینێك دژی زوڵم‌و زۆرداری‌و سته‌م‌و دیكتاتۆرییه‌ت‌و تیرۆرو تاریك په‌رستان، دژی ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌درێژایی مێژوو نه‌یانویستووه‌ كورد به‌ئازادانه‌ بژی‌و وه‌كو نه‌ته‌وه‌یه‌كی مافپێدراوی ئه‌م گێتییه‌ بوونی هه‌بێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌هه‌رێمی كوردستانیش راپه‌رین بۆ وه‌ده‌سخستنی ئامانجه‌كانی راپه‌رین درێژه‌ی هه‌یه‌و تاوه‌كو ئێستاش گرفتی په‌یڕه‌وكردنی دیموكراسی‌و ده‌ستاوده‌ستكردنی ئاشتیانه‌ى ده‌سه‌ڵات‌و كارانه‌بوونی دام‌و ده‌زگا شه‌رعییه‌كانی ئه‌م هه‌رێمه‌مان هه‌یه‌ كه‌ هه‌ر له‌دوای راپه‌رینه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا بانگه‌شه‌ی ئازادی‌و دیموكراسی ده‌كه‌ین‌و خۆمان به‌نمونه‌ی هه‌رێمێكی دیموكرات ده‌ناسێنین‌و هێشتا بۆ ئه‌وه‌ش ماومانه‌. ئازادی خوازان له‌رێگه‌ی ئه‌م په‌یامی پیرۆزباییه‌وه‌ داوا ده‌كه‌ین كه‌، چیتر گرفته‌كانى گه‌له‌كه‌مان چاره‌سه‌ربكرێت‌و قه‌یرانه‌كان ده‌رچه‌یان بۆ بدۆزرێته‌وه‌و ره‌وڕه‌وه‌ی ژیان بۆ ئه‌م گه‌له‌ سته‌مدیده‌یه‌ بگێڕدرێته‌وه‌ بۆ رێچكه‌ی ئاسایی خۆی، ده‌خوازین ئه‌و قوربانیانه‌ی گه‌له‌كه‌مان له‌راپه‌رین‌و خه‌باتی رزگاری گه‌له‌كه‌مان‌و شۆرشی نوێدا داویانه‌ نه‌هێڵرێت به‌فیرۆبروات‌و به‌هه‌مووان ده‌ستكه‌وته‌كان بپارێزین‌و گه‌شه‌یان پێبده‌ین‌و نه‌وه‌ی نوێی دوای راپه‌رین والێبكه‌ین كه‌ شانازی به‌راپه‌رین‌و ده‌ستكه‌وته‌كانیه‌وه‌ بكه‌ن. زانستخوازان راپه‌رین ده‌ستكه‌وت‌و پێشكه‌وتنی به‌رچاوی له‌بواری زانست‌و په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵادا بۆ هه‌مووان فه‌راهه‌مكرد، به‌جۆرێك له‌پێش راپه‌رین حكومه‌تی به‌عسی رووخاو و گۆڕبه‌گۆر، ته‌نها یه‌ك زانكۆی حكومی له‌سنوری پارێزگای سلێمانی نه‌هێشتبوو، به‌ڵام راپه‌رین وایكردن كه‌ به‌هه‌وڵی حكومه‌تی هه‌رێم (5) زانكۆی حكومی له‌سنوره‌كه‌ بكرێته‌وه‌، زیاتر له‌ 10 په‌یمانگا بكرێته‌وه‌، زیاتر له‌ (5) زانكۆی ئه‌هلی بوونیان هه‌بێت، ناوه‌نده‌كانی خوێندنی باڵا پڕبوون له‌موخته‌به‌رات‌و فه‌راهه‌مكردنی هۆكاره‌كانی فێربوون‌و پێشكه‌وتنی زانست، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی راپه‌رین ئه‌و قۆناغه‌بوو له‌مێژووی گه‌له‌كه‌ماندا كه‌ توانیمان زانكۆكانمان به‌دونیای ده‌ره‌وه‌و زانكۆو په‌یمانگاو ناوه‌نده‌ گرنگه‌كانی زانستی‌و ئه‌كادیمی ده‌ره‌وه‌ ببه‌ستینه‌وه‌و سوود له‌ئه‌زموونیان وه‌رگرین، بواری په‌روه‌رده‌و فێركردنیش پێشكه‌وتنی به‌رچاوی به‌خۆوه‌ بینی‌و بوون به‌بنه‌مایه‌كی گرنگ بۆ پێشكه‌وتنی زانكۆكانمان. له‌كۆتاییدا ده‌ڵێین نه‌خێر بۆ شه‌ڕی براكوژی‌و خۆدانه‌ پاڵ دوژمنانی گه‌له‌كه‌مان‌و جێبه‌جێ كردنی ئه‌جێندای ده‌ره‌كی بۆ زیانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان‌و ده‌ستكه‌وته‌كانی راپه‌رین، به‌ڵێ بۆ ئازادى‌و سه‌رفرازی‌و په‌یره‌وكردنی دیموكراسی‌و ئاشتیانه‌ ده‌ستاوده‌ست كردنی ده‌سه‌ڵات له‌باشوورى كوردستان، به‌ڵێ بۆ ئازادكردنی سه‌ركرده‌كانمان له‌باكوورى كوردستان‌و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ مێزى گفتوگۆو پرۆسه‌ی ئاشتی، ده‌ڵێین به‌ڵێ سه‌ركه‌وتووبێت به‌رخۆدانی شه‌رڤانان له‌رۆژئاوا، فیدراڵی‌و ئازادی بۆ رۆژئاوا، به‌ڵێ بۆ زیاتر خزمه‌تكردنی گه‌له‌كه‌مان له‌رۆژهه‌ڵاتی كوردستان. سڵاو له‌شه‌هیدانی رێگای رزگاری نه‌ته‌وه‌كه‌مان‌و راپه‌رین، سڵاو له‌گیانی پاكی شه‌هیدانی ده‌ستی تیرۆر، به‌هیوای شیفای خێراین بۆ برینداره‌كان‌و خوای گه‌وره‌ سه‌بووری هه‌موولایه‌كمان بدات بۆ شه‌هیده‌كانمان. به‌رزو پیرۆزبێت یادی راپه‌رین، سه‌رشۆڕی‌و له‌ناوچوون بۆ دوژمنانی گه‌له‌كه‌مان پ.ی.د.ئالان فه‌ره‌یدوون عه‌لی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی https://www.youtube.com/watch?v=_JEWv43IAxw
This shortcode LP Profile only use on the page Profile