Back

سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی سه‌ردانی به‌غدای كرد

له‌میانی سه‌ردانێكیدا كه‌ له‌سه‌ر داوای پ.د.ماجد حه‌مید مه‌جید سه‌رۆكی ده‌سته‌ی خوێندنی ته‌كنیكی عێراقی ئه‌نجامیدا، سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی سه‌ردانی به‌غدای كردو له‌گه‌ڵ وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی‌و سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ته‌كنیكی عێراقی كۆبووه‌وه‌. له‌سه‌ردانه‌كه‌دا كه‌ هه‌فته‌ی رابردوو ئه‌نجامدرا‌و تێیدا هه‌رسێ سه‌رۆكی زانكۆ ته‌كنیكییه‌كانی كوردستان‌و چه‌ند راگرێكی زانكۆ ته‌كنیكییه‌كان به‌شدارییان تێداكرد، ئامانج لێی گرێدانی سێیه‌م كۆنگره‌ی نێوان ده‌سته‌ی خوێندنی ته‌كنیكی عێراق‌و زانكۆ ته‌كنیكییه‌كانی كوردستان بوو، كه‌ له‌ماوه‌ى نێوان رۆژانی١٥ تا ١٧ ى مانگى ٢ ى ٢٠١٧ له‌ به‌غدا به‌رێوه‌چوو، تێیدا گفتوگۆكرا ده‌رباره‌ی ئه‌ندامبوونی زانكۆ ته‌كنیكییه‌كانی كوردستان له‌ئه‌نجومه‌نی خوێندنی ته‌كنیكی عێراقی‌و ئه‌نجامدانی كۆنگره‌ی خوێندنی ته‌كنیكی له‌عێراق كه‌ بریاروایه‌ له‌كوردستان به‌رێوه‌بچێت، خاڵێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانیش گفتوگۆكردنبوو ده‌رباره‌ی پێكهێنانی ده‌سته‌ی نیشتیمانی بۆ خوێندن‌و راهێنانی پیشه‌یی‌و ته‌كنیكی له‌عێراق، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی گفتوگۆكرا سه‌باره‌ت به‌وه‌رگرتنی ده‌رچووانی به‌شی پیشه‌یی له‌په‌یمانگا ته‌كنیكییه‌كان. هه‌روه‌ها له‌كۆبوونه‌وه‌ی نێوان هه‌ردوولادا گفتوگۆكرا سه‌باره‌ت به‌خوێندنی باڵا (ماسته‌رو دكتۆرا)و ئه‌و پسپۆریانه‌ی كه‌ هه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ وه‌رگرتنی راسته‌خۆ له‌نێوان هه‌ردوولادا ئه‌نجامبدرێت به‌ده‌ر له‌رێنماییه‌كانی تایبه‌ت به‌وه‌رگرتنی كاندید بۆ ئه‌و دوو پله‌یه‌ چی له‌ناوه‌ندو چی له‌هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها خوێندن به‌سیسمتی یه‌كه‌ جیاوازه‌كان‌و دانانی رێوشوێنی جێبه‌جێ كردنی له‌به‌غداو هه‌رێمی كوردستان. له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌شیانه‌وه‌ پ.ی.د.ئالان فه‌ره‌یدوون عه‌لی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی رایگه‌یاند، سه‌ردانه‌كیان سه‌ردانێكی گرنگ بووه‌، درێژه‌ی ئه‌و سه‌ردانانه‌ بووه‌ كه‌ پێشتر وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی عێراق و سه‌رۆكی ده‌سته‌ی خوێندنی ته‌كنیكی عێراقی بۆ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامیانداوه‌، له‌م سه‌ردانه‌شماندا كۆمه‌ڵێك بریاری گرنگمانداوه‌ سه‌باره‌ت به‌خوێندنی ته‌كنیكی‌و هه‌ماهه‌نگی نێوان هه‌رێم‌و به‌غدا له‌وبواره‌داو پاش وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی به‌رێز وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌رێمیش سه‌رجه‌م بریارو راسپارده‌كان بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ سوودی زۆری بۆ خوێندكاران‌و مامۆستایانی خوێندنی ته‌كنیكی له‌هه‌رێمی كوردستان‌و عێراق ده‌بێت. سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ووتیشی، هه‌ر له‌سه‌ردانه‌كه‌یاندا چاویان به‌ دكتور عه‌بدول ره‌زاق عیسا وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی عێراقی كه‌وتووه‌و گفتوگۆیان كردووه‌ ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولاو زیاتركردنی هاوكاری هه‌ماهه‌نگی نێوانیان بۆ سوودی خوێندكاران‌و مامۆستایانی ته‌كنیكی له‌عێراق‌و هه‌رێمی كوردستان. جێی ئاماژه‌یه‌ هه‌ریه‌ك له‌به‌رێزان پ.ی.د.دانا ئه‌حمه‌د موسته‌فا یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری كارگێری‌و دارایی‌و خوێندكاران‌و هه‌روه‌ها پ.ی.د حه‌كیم عوسمان راگری كۆلێژی ته‌كنیكی كارگێری سه‌ر به‌زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی یاوه‌ری سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانییان كرد له‌گه‌شته‌كه‌یدا بۆ به‌غدا.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile