Back

زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و زانکۆی کوردستان (سنە) یاداشتنامەی لێکگەیشتنیان واژۆکرد

بەمەبەستی زیاتر نزیکبونەوەو دروستکردنی ھەماھەنگی نێوانیان و لەسەر داوای سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی کە ساڵی ٢٠١٥ سەردانی زانکۆکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان کردبوو، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بەڕێزان پ.ی.د.سۆران سەعید یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و پ.ی.د دانا ئەحمەد یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی و خوێندکاران و پ.ی.د. حەکیم عوسمان راگری کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕی و بەختیار عوبێد بەرێوەبەری پەیوەندییە ئەکادیمییەکان و ژمارەیەک لە ڕاگرو بەڕێوەبەرەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لەسەرۆکایەتی زانکۆ پێشوازیان کرد لەشاندێکی باڵای زانکۆی کوردستان (سنە)ی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بەسەرۆکایەتی دکتۆر فەردین اخلاقیان سەرۆکی زانکۆ و شاندێکی یاوەری. لەکۆبونەوەیەکدا کە لەسەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەڕێوەچوو، بەخێرھاتنی شاندی میوان کراو خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بەسەردانەکە. پاشان بەختیار عوبێد بەرێوەبەری پەیوەدییە ئەکادیمییەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی یاداشتێکی زارەکی پێشکەش بەشاندی میوان کرد کە خۆی لەدروستکردنی ھەماھەنگی زیاتری زانستی و ئەکادیمی نێوان ھەردوو زانکۆدا دەبینییەوەو داوای لەشاندی میوان کرد کە چی لەتوانایاندا ھەیە ھاوکاری پێشکەش بەزانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بکەن کە سەرەڕای گشت لەمپەرو قەیرانەکانی ھەرێمی کوردستان لەڕانکیگی زانکۆکاندا لەئاستێکی باشدا وەستاوە. پاشان باس لەو کۆنفرانسە زانستییە نێودەوڵەتییە کرا کە بڕیارە لەمانگی نیسانی ئەمساڵدا لەزانکۆی کوردستان (سنە) بەڕێوەبچێت و بڕیاریشە بۆ ساڵی ئایندە ٢٠١٨ لەشاری سلێمانی ئەنجامبدرێت. ھەروەھا داوا لەزانکۆی میوان کرا ھەلی زیاتر بڕەخسێنن بۆ تەواوکردنی خوێندنی ماستەرو دکتۆرای مامۆستاو خوێندکارانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، ھەروەک چۆن لەڕابردوودا ھەماھەنگی باش ھەبووە لەوڕوەوە. وە باسی لەکردنەوەی خول کرد بۆ بەھێزکردنی زمانی فارسی چ لەھەرێمی کوردستان بێت یان لەکۆماری ئیسلامی ئێران. دواتر داوا لەشاندی میوان کرا کە ھاوکاریانبن بەناردنی (ئەندازیارێکی تەلارسازی) بۆ پرۆژەی (شاری دێرین) لەسەرای سلێمانی کە بڕیارە لەڕۆژی سلێمانی دا ٢٠١٧/١١/١٤ بەھاوبەشی لەگەڵ زانکۆی سلێمانیدا سازی بکەن کە پێشبینی دەکرێت یادێکی مەزنی بۆ ڕێکبخرێت. پاشان لەلایەن سەرۆکی زانکۆی سنەوە خۆشحاڵی خۆی و وەفدی یاوەری دەربڕی بەو پێشوازییە گەرمەی لێیان کراو ئومێدی خواست سەردانەکە ببێتە مایەی خێروخۆشی و بەرەوپێشچوونی ئاستی زانستی و ئەکادیمی ھەردوو زانکۆ. ھەروەھا دکتۆر عبداللە بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی زانکۆی کوردستان (سنە) ڕایگەیاند، وەزارەتی خوێندنی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران زانکۆی کوردستان (سنە)ی سەرپشک کردووە وەک نوێنەریان لەگەڵ زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان مامەڵە بکات و ڕایگەیاند، پلانمان ھەیە زیاترو باشتر ھەماھەنگبین لەگەڵ زانکۆکاندا بەتایبەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی کە ناوو ناوبانگتان بە بەرزی دەنرخێنین. وە ووتی سازکردن و ئامادەسازی بۆ کۆنفرانسی نێو دەوڵەتی لەزانکۆکەمان تەواوبوەو ئێمە لەپێشوازی ئەو کۆنفرانسەدا دەبین کە بۆ یەکەم جارە کۆنفرانسێکی لەوجۆرە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجامبدرێت. وە تیشکی خستەسەر کردنەوەی خولی زمانی فارسی چڕوپڕو تەئکیدی کردەوە کە ڕەزامەندن بەناردنی مامۆستای لێھاتووی زانکۆکەیان بۆ زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، وە ئاماژەیدا بەھەماھەنگی زیاتر لەبواری توێژینەوەی زانستیدا. لەبەشێکی تردا زانکۆی کوردستان (سنە) بەئامێری داتاشۆ سکرین سەرجەم بەش و کۆلیج و توانا زانستییەکانی خۆیانیان نمایش کرد لەگەڵ ئەو بەرھەم و توێژینەوانەی کە بەدەستیان ھێناوە. لەکۆتاییدا بەڕێزان یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بۆ کاروباری زانستی و دکتۆر فریدین اخلاقیان سەرۆکی زانکۆی کوردستان (سنە) یاداشتێکی لێگەیشتنیان واژۆکردو ھەردوولا ئومێدیان خواست لەکەمترین ماوەدا تواناو لێھاتووییەکانی نێوانیان ئاڵوگۆڕ بکەن و پەیوەندییەکی دۆستانەی پتەو بەئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی زانکۆکانیان دروست بکەن. لە لێدوانێکدا دکتۆر عوسمانی عەزیزی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی کوردستان بۆ کاروباری خوێندکاران تایبەت بەسایتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ڕایگەیاند: ئێمە شاندێکی باڵاین لەزانکۆی کوردستان (سنە)و ھاتوین بۆ سەردانی چوار زانکۆی ھەرێمی کوردستان و نوێنەری وەزارەتی خوێندنی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانین بۆ پەیوەندی لەگەڵ زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان و مەبەستمانە پەیوەندییەکی باش دروست بکەین، وە ڕایگەیاند ئەمە دووەم سەردانی ئێمەیە بۆ زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی. ئاماژەی بەوەکرد کردنەوەی خولی زمانی فارسی و ناردنی مامۆستایانی تایبەتمەند بۆ ئێرە لەماوەیەکی کورتتدا دەیخەینە بواری جێبەجێ کردنەوە. وە ووتی ئامانج لەو سەردانە جگە لەنزیکەوە ئاشنابوون بەبواری خوێندنی باڵا لەھەرێمی کوردستان، ھەنگاونان بوو بۆ کارئاسانی کردن لەکاری ھاوبەشی زانستی و رەخساندنی دەرفەتی خوێندن و ئاڵوگۆڕکردنی ستافی ئەکادیمی و ھاوکاریکردنی یەکتر بو ئەنجامانی توێژینەوەی زانستی.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile