Back

وەزیرى خوێندنى باڵاى هەرێم، لەگەڵ سەرۆکى ئەنجومەنى ڕاژەى عێراق کۆبۆوە

    وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوە کرد کە مەبەستمانە پێکەوە هەماهەنگی بکەین بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی کاری شایستە بۆ گەنجانی وڵاتەکەمان و سود لە توانایان وەربگرین بۆ گەشەپێدانی هەمەلایەنەی وڵات و ڕێگر بین لە کۆچی هزرو تواناکانی گەنجان کە گرنگترین سەرمایەی وڵاتەکەمانن.       هەروەها وەزیری خوێندنی باڵا دوپاتی کردەوە کە دەرچوە یەکەمەکانی زانکۆکان و هەڵگرانی بڕوانامەی خوێندنی باڵا کەسانی زیرەک و سەرکەوتوو و بەتوانای وڵاتەکەمانن، هەموو ژیان و سەرمایەی خۆیان بۆ گەشەپێدانی لایەنی زانستی و ئەکادیمی تەرخان کردوە، بۆیە شایەنی دامەزراندن و هەلی کاری شایستە و سەقامگیری ئابورین.       لەلایەن خۆشییەوە سەرۆکى ئەنجومەنى ڕاژەى حکومەتى عێراق ئامانجى سەردانەکەیانى بۆ هەرێمى کوردستان و وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خستەڕوو. هەروەها ئاماژەشى بە کاروبارە یاسایی و کارگێڕییەکانى ئەنجومەنى ڕاژەى عێراقى کردو ڕایگەیاند: هەماهەنگیمان لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئەنجومەنی ڕاژەی هەرێمی کوردستان دەمانخاتە سەر ڕێچکەى چارەسەرى زۆرێک لەو بابەت و پرسە هاوبەشانەى لە نێوان هەردولادا هەیە و پێویستیان بە گفتوگۆ و لێکگەیشتن هەیە بەمەبەستى خزمەتکردنى بە دەرچوانمان و سود وەرگرتن لە تواناو پسپۆڕییەکانیان.       لەکۆتایی کۆبونەوەکەدا بڕیار درا کە ڕێکاری یاسایی و کارگێری و تەکنیکی گونجاو بگیرێتەبەر بۆ هەماهەنگی لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەگەڵ ئەنجومەنی ڕاژەی حکومەتی هەرێم و ئەنجومەنی ڕاژەی حکومەتی فیدراڵ بۆ ئەوەی دەرچوانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و هەڵگرانی بڕوانامەی خوێندنی باڵا بتوانن لە دەرفەتەکانی دامەزراندن بۆ پلە وەزیفییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی سودمەند بن. بۆ ئەم مەبەستەش کاری هەوبەشی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی لەچوارچێوەی بنەماکانی شەفافیەت و هەلی یەکسان و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەرفەتی کار بۆ گەنجانی وڵاتەکەمان بڕەخسێنرێت.  
This shortcode LP Profile only use on the page Profile