Back

پ.ی.د.ئالان ” زانکۆکەمان زانکۆیەکی گەنجە، کاری سەرەکیشمان خزمەتی ئەو توێژەیە”

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٨ی کانونی دووەمی ٢٠١٧، پ.ی.د.ئالان فەرەیدوون علی امین سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، لەھۆڵی ھۆتێل گراند میلینیۆم لەشاری سلێمانی بەشداری لەیەکەمین دیداری ساڵی ئەنجومەنی گەنجانی کوردستان کرد بەناونیشانی ( ڕۆڵی گەنج لەدوێنێ و ئەمڕۆو سبەینێدا). دیدارەکە لەسێ پانێڵ پێکھات کە ھەر پانێڵەی ناونیشانێکی لەخۆ گرتبوو، پانێڵی سێھەم بەبەشداری بەڕێزان پ.ی.د. ئالان فەرەیدون سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و د. رەزا حەسەن سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بەوەکالەت و د. سەڵاح عزیز سەرۆکی زانکۆی کۆمارو د. وەلی محمود سەرۆکی زانکۆی کۆیە) بەرێوەچوو، بەناونیشانی ( ڕۆڵ و کاریگەری زانکۆو سەنتەرەکانی توێژینەوە لە پێگەیاندنی گەنجاندا). لەووتەیەکیشیدا سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، سەرەتا سوپاسی ڕێکخراوی گەنجانی کوردستانی کرد بۆ سازکردنی دیدارەکەو بەخێرھاتنی ئامادەبووانی کرد، پاشان باسی لەڕۆڵ و کاریگەری گەنجان کرد لەکۆمەڵدا و ووتی، گەنجان ھۆشیارترین توێژی کۆمەڵگان و ھەرکەسێک تواناو لێھاتوویی ھەبێت و بتوانێت خزمەتێک پێشکەش بکات پێی دەوترێت گەنج، ھەربۆیە پێویست نیە تەمەن بکرێتە پێوەری سەرەکی بۆ گەنجان. دواتر ئاماژەی کرد بەوەی کە ناکرێت بوترێت زانکۆکان ڕۆڵیان نەبووە لەپێگەیاندنی گەنجاندا، بەڵام ناشکرێت بڵێین کەم و کوڕی نەبووە، ھەروەھا باسی لەگرنگی قۆناغی پێش ھاتنە ناو زانکۆ بۆ گەنجان کردو ووتی، ناکرێت ئەو قۆناعە لەبەرچاو نەگیرێت و تەنھا قۆناعی زانکۆو پەیمانگا بەقۆناعی ھەستیار بزانرێت، بەپێچەوانەوە لە کۆمەڵگەی ئیمەدا قۆناعی پێش زانکۆ زۆر گرنگتر و کاریگەرترە بۆ کارتێکردنی و ھۆشیارکردنەوەی. پ.ی.د.ئالان ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ڕکابەری لەنێو گەنجاندا بۆ داھێنان و خزمەتکردنی گشتی و پشت نەبەستن بەدامەزراندن لەناو کایەکانی حکومەتتدا، یەکێکە لەو ئەرکانەی کە پێویستە زانکۆکان بەپرۆژەی گونجاو و بەبەرنامە کاری بۆ بکەن و وابکەن کە ئەمجۆرە لە رکابەرێتی دروستببێت. سەرۆکی زانکۆ تیشکیشی خستەسەر زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و ڕایگەیاند، وەک تەمەن زانکۆکەمان گەنجەو ژمارەیەکی زۆریش لەمامۆستایان و فەرمانبەرانمان گەنجن. لەکۆتایی قسەکانیدا سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی داوای لەگەنجان کرد بەر لەھەرشتێک ئاستی زانستی و ڕۆشنبیری خۆیان بەرزبکەنەوەو ھەوڵبدەن کاریگەری خۆیان باشتر بسەلمێنن لەتواناو لێھاتووییان لەگشت بوارەکاندا و تا گەیشتن بە باستی ستانداردی نێودەوڵەتی لە پەیداکردنی هەلی کارو ڕەخشاندنی دەرفەتی گونجاو و یەکسان بۆ فێربوونی زمانلە سەنتەرەکانی زمان و هەروەها ئاستی باڵای تەکنیکی و پراکتیکی بۆ کارکردن لە کۆمپانیا نێودەوڵتییەکان ووتی زانکۆکانیش ڕۆژ بەڕۆژ لە ھەوڵی زیاتردان بۆ فەراھەمکردنی پێداویستییە زانستی و فکری و ئەکادیمی و پراکتییکییەکان بەئامانجی پێگەیاندنی گەنجی بەرھەمھێن و داھێنەری دڵسۆز بەخاک و نیشتمان. دواتر ھەر یەک لە میوانانی دیکەی پانێڵەکەش دیدو بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە ناونیشانی پانیڵەکە خستەڕوو و لە کۆتایشدا ئامادەبووان راو سەرنج و تێبینی و پرسیارەکانی خۆیان ئاراستەی سەرۆکی زانکۆکان کرد و ئەوانیش وەڵامیان دانەوەو بەمجۆرەش کۆتایی بە دیبەیتەکە ھات.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile