Back

زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی گەورەترین فێستیڤاڵی زانستی و تەكنەلۆجی ئەنجامدا

زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەهەماهەنگی لەگەڵ پلاتفۆرمی ئین سلێمانی و بە بەشداری خوێندكارانی زانكۆ، لە كەمپی كۆلێجە تەكنیكییەكانی زانکۆ، گەورەترین فێستیڤاڵی زانستی و تەكنەلۆجی ئەنجامدا، کە چەندین پڕۆژە و داهێنانی تەکنەلۆجیا و زانستی خوێندکارانی سەرجەم کۆلێج و پەیمانگاکانی سەر بە زانکۆمان نمایشکران.

بەمەبەستی خستنەڕووی بەرهەم و پرۆژەی زانستی و تەکنەلۆجی خوێندکارانمان و پراکتیزەکردنی ئەو وانانەی کە خوێندکاران لە کۆلێج و پەیمانگاکانی سەر بە زانکۆمان وەریانگرتووە، رۆژی یەکشەممە 2023/3/12 زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەهەماهەنگی لەگەڵ پلاتفۆرمی ئین سلێمانی و بەئامادەبوونی پ.ی.د.هوشیار عەبدوڵا عەزیز سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و باڵیۆز د.محەمەد سابیر سەرۆکی ( دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی) و د.خەتاب شێخانی نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئازاد حەمە ئەمین سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی و سەرۆکی زانکۆکان و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و راگرانی کۆلێج و پەیمانگاکان و مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆ، گەورەترین فێستیڤاڵی زانستی و تەكنەلۆجی ئەنجامدا بە بەشداری خوێندکارانی زانکۆ کە لە کەمپی کۆلێج تەکنیکییەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەڕێوەچوو.

سەرەتای فێستیڤاڵەکە بە سروودی نیشتمانی و چالاکی هونەری خوێندکاران دەستیپێکردو پاشان لەلایەن د.بەختیار عوبێد شەریف یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران و سەرۆکی لیژنەی فێستیڤاڵ بەخێرهاتی میوانان کراو رایگەیاند: سوپاسی تایبەتم بۆ پلاتفۆرمی (ئین سلێمانی) کە هاوکارو هەماهەنگی فێسیڤاڵەکەمانن، دڵسۆزی و هاوکارییان بەرز دەنرخێنین، بەهیوای کارو چالاکی زیاترمان پێکەوە بۆ پێشخستنی توانای خوێندکاران و هاوکاری و دەستگیرۆکردنیان بۆ زیاتر پەرەپێدان بەتواناکانیان، هەروەها دەستخستنی هەلی کارو دابینکردنی بزنسێکی تایبەت بە خوێندکاران خۆیان.

وتیشی: خۆم بەخۆشحاڵ دەزانم کە ئەرکی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکارانم پێسپێردراوە، تابتوانم هاوکارو پشتیوانتان دەبم بەڕاستی ئەمڕۆ دڵخۆشتانکردم، ماندوبوونتان بەرزدەنرخێنم و بەڵێن دەدەین کاروچالاکی زیاترمان هەبێت، لە ئێوە داهێنان و لە ئێمەش هاوکاری و پاڵپشتیکردن.

هەروەها سوپاسی ڕاگرو دکتۆرو مامۆستایانی کۆلێژو پەیمانگاکانی زانکۆی کردو رایگەیاند: هەر لەسەرەتای ڕاگەیاندی ئەم فێستیڤاڵەوە بەپەرۆشەوە دڵسۆزانە ئامادەبوونی خۆیان پیشاندەین، سوپاس بۆ خوێندکارە داهێنەرو بەتواناکانمان.

پ.ی.د.هوشیار عەبدوڵا عەزیز سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە وتەیەکدا خۆشحاڵی خۆی بە ئەنجامدانی ئەم فێستیڤاڵە گەورەو پڕ لە زانست وداهێنانە دەربڕی و رایگەیاند: وەک دیارە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەدروشمی خویندن بۆ کارپێکردنە، هەمیشە ئامانجی پێگەیاندنی چینێک خوێندکاری بەئەزموون و پڕداهێنان بووە نەک تەنیا بەخشینی بڕوانامە، ئەمڕۆش شاهیدی ئەو ڕاستی و ئەزمونەیە کە خوێندکارانمان بەداهێنانەکانیان پیشانمان دەدەن کە دەستی کارو بەرهەمهێنەرانی ناوخۆی ساڵانی داهاتووی نیشتیمان بن.

لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا سەرۆکی زانکۆ ئاماژەی بەوەکرد: بێشک دەتوانین بڕوامان وابێت کە ئاستی ئابووری و پێشکەوتنی وڵات دەکرێت لەسەر دەستی ئەم خوێندکارە داهێنەرو چەندان نمونەی زۆری وەک ئەم خوێندکارە ئازیزانە خەونێکی مەحاڵ نەبێت، وتیشی: وەک سەرۆکی زانکۆ بەڵێن دەدەم بەپێی ئەو دەسەڵاتەی هەمە و بەپێی توانای زانکۆمان هاوکارو پاڵشتی خوێندکارانی داهێنەرو بەتواناکان بین.

لە کۆتایی وتەکەیدا پ.ی.د.هوشیار عەبدوڵا عەزیز ڕۆڵ و دڵسۆزی ڕاگرو مامۆستایانی کۆلێژو پەیمانگاکانی زانکۆی بەرزنرخاندو رایگەیاند: بەدڵنیاییەوە خوێندکاری باش و بەتواناو دا‌هێنەرمان زۆرە بەڵام پاڵپشتی و هاوکاری مامۆستایانیش رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە کە بتوانن لەم ڕۆژدا بەرهەمی هەوڵ و ماندوبوونیان پیشان بدەن.

دواتر سەرۆکی زانکۆ بەیاوەری میوانە بەڕێزەکان سەرجەم پڕۆژەو بەرهەمەکانی خوێندکارانی زانکۆی بەسەرکردەوەو لەنزیکەوە گوێبیستی خوێندکاران و نمایشی بەرهەمەکانیان بوو کە خوێندکاران بە زیاتر لە 150 پڕۆژە بەشداربوون.

لە کۆتایی فێستیڤاڵەکەدا لەلایەن لیژنەیەکی پسپۆڕ و تایبەتەوە هەڵسەنگاندن بۆ پڕۆژە و داهێنانە تەکنەلۆجی و زانستییەکانی خوێندکاران کراو خەڵاتی یەکەم و دووەم و سێهەم بەسەر سەرکەوتووانی فێستڤاڵەکەدا دابەشکرا، پاشان کەشێکی موزیکی و گۆرانی پێشکەش بە ئامادەبووان کراو لەلایەن ئامادەبووانەوە دەستخۆشی لە بەرهەمە هونەرییەکانی خوێندکاران کرا کە لەپاڵ پڕۆژە زانستی و تەکنەلۆجییەکاندا گرنگی بە توانا هونەرییەکانی خوێندکارانیش دراوە.

شایەنی باسە فێستیڤاڵەکە لە كاتژمێر 10ی بەیانی بۆ 4ی پاشنیوەڕۆ بەردەوام بوو، لەلایەن میوانان و سەردانیکارانەوە بە چالاکییەکی زانستی گەورە و ناوازە ناوبراو و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاتری بۆ خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی خواست.

This shortcode LP Profile only use on the page Profile