وەزیری خوێندنی باڵاو سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی چەند تەوەرێکی پەیوەست بەخوێندنی باڵا تاوتوێدەکەن
سەر لەبەیانی ئەمڕۆ ٢٠١٦/١١/٢٦ د.یوسف گۆران وەزیری خویندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.ئالان فەرەیدوون عەلی ئەمین سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و پ.ی.د.ڕەزاحەسەن حسێن سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بە وەکالەت و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی، لە سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی کۆبونەوەیەکیان ئەنجامدا.
لە کۆبونەوەکەدا باس لە وەرگرتنی خوێندکارانی قۆناغی یەکەم کرا لەگەڵ دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکانی خوێندکاران لە ھۆڵی خوێندن و بەشە ناوخۆییەکان و سەرجەم پێداویستییەکانی تری پڕۆسەکە، بەشێکی تری کۆبونەوەکەش گفتوگۆکردن بوو لە سەرچارەسەرکردن و باشکردنی باری دارایی مامۆستایان لە پێناو دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی گونجاو بە پشت بەستن بە بڕیاری سەربەخۆیی زانکۆیی ساڵی ٢٠١٦، ھەروەھا جەختیشکرایەوە لەسەر دەستپێکردنەوەی دەوامی خوێندکارانی ماستەر و دکتۆرا.
لەکۆبونەوەکەدا سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی باسی لە دابینکردنی مامۆستای گرپێبەستی بیانی کرد کە ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی زانکۆکان لە ناوخۆ و دەرەوەدا و داواشکرا ھەوڵی زیاتر بدرێت لەو بوارەدا.
ھەروەھا پ.ی.د.ئالان باسی لە گرنگی بوونی مامۆستای گرێبەستی بیانی کردو ئاماژەی بەوەکرد، کە دەتوانین بە ھێنانی ئەو مامۆستایانە ھەم کەموکوڕییەکانمان لە پسپۆرییە جیاوازەکان پڕ بکەینەوە، ھەمیش دەتوانین پرۆسەی خوێندنی باڵا لە ئاستەکانی ماستەرو دکتۆرادا بە تایبەتی بە زانستی تر و ھەمەچەشنەتر بکەین، ئەمە جگە لەوەی بۆ رانکینی زانکۆکانیش کاریگەری گەورەی ھەیە.
دواتر سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی باس لە کردنەوەی نوێنەرایەتی و لقی زانکۆی پەیامی نوری وڵاتی ئێران کرا لە کەمپی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، کە ئەو نوێنەرایەتییە تایبەت دەبێت بە وەرگرتنی خوێندکار بۆ ئاستەکانی بەکالۆریۆس و ماستەرو دکتۆرا.
سەبارەت بەو زانکۆ ئێرانییەش د.ئالان رونکردنەوەی زیاتریداو ووتی، بریار وایە بە کردنەوەی لقی ئەو زانکۆیە بۆ زیاتر لە ١٥ بواری جیاواز فێرخواز بتوانێت بۆ ئاستەکانی ماستەرو دکتۆرا داوای خوێندن بکات و خوێندنەکەشیان ھەر لە کەمپی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەبێت و خوێندکار بڕوانامەی ھاوبەشی ھەردوو زانکۆ وەردەگرێت.
جێی ئاماژەیە زانکۆی پەیامی نور زانکۆیەکی ئاست بەرزی وڵاتی ئێرانەو چەندین لقی لە وڵاتانی ئیتاڵیاو ئیمارات و ناوخۆی ئێراندا ھەیەو بە کردنەوەی ئەم لقەش لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەبێتە یەکەم لقی ئەو زانکۆیە لە ئاستی عێراق، زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانیش لەماوەی رابردووداو لە درێژەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیدا لەگەڵ زانکۆی ناوبراودا رێککەوتننامەیەکی ھاوبەشی زانستییان ئیمزاکردووە.