Back

زانكۆیه‌كى ئه‌مریكا به‌ په‌رۆشییه‌وه‌ ده‌رگاى كارى پێكه‌وه‌یى بۆ زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى واڵاده‌كات

به‌ بانگهێشتى فه‌رمى زانكۆى (ماسه‌چوسێتس بۆستن)ی ئه‌مریكىUniversity of Massachusetts Boston تیمى ژینگه‌یى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى ‌و ده‌سته‌ى كوردستانى سه‌ردانى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكایان كرد و چه‌ندین دیدارى گرنگیان له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه‌ پله‌ باڵاكانى هه‌ردوو زانكۆى ماسه‌چوسێتس بۆستن ‌و بۆستن ئه‌نجامدا. تیمى ژینگه‌یى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى ‌و ده‌سته‌ى كوردستانى له‌ رۆژى یه‌كه‌مى سه‌ردانه‌كه‌یاندا له‌لایه‌ن په‌یمانگاى ولیه‌م جونیه‌ر له‌ زانكۆى بۆستن پێشوازییان لێكرا، پاش ناساندنى تیمى ناوبراو گفتوگۆیه‌كى تێروته‌سه‌ل ده‌رباره‌ى به‌رنامه‌ى كارى تیمه‌كه‌ و رێكخستنى كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سكوڵ ‌و كۆلێجه‌كانى هه‌ردوو زانكۆى ماسه‌چوسێتس بۆستن ‌و بۆستن كرا، هه‌ر له‌ ئێواره‌ى هه‌مان رۆژ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى فه‌رمى به‌مه‌به‌ستى تاووتوێكردنى ئیشوكاره‌كانى پرۆژه‌ى ژینگه‌ى ته‌ندروستى سلێمانى له‌ نێوان په‌یمانگاى ولیه‌م جۆینه‌ر و تیمى ژینگه‌ى زانكۆى پۆلیته‌كنینك ئه‌نجامدرا. له‌ رۆژى دووه‌مى سه‌ردانه‌كه‌یاندا تیمى ژینگه‌یى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى ‌و ده‌سته‌ى كوردستانى له‌گه‌ڵ پرۆفیسۆر وینستۆن لانجلى جێگرى سه‌رۆكى زانكۆى ماسه‌چووسێتس بۆستن به‌ به‌شدارى په‌یمانگاى ولیه‌م جۆنیه‌ر كۆبوونه‌وه‌ و باس له‌ كار و چالاكییه‌كانى هه‌ردوو زانكۆ كرا، پاشان جێگرى سه‌رۆكى زانكۆى ماسه‌چووسێتس بۆستن به‌ په‌رۆشه‌وه‌ ده‌رگاى زانكۆكه‌ى واڵاكرد بۆ كارى پێكه‌وه‌یى له‌گه‌ڵ زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى ‌و ده‌سته‌ى كوردستانى، هه‌روه‌ها به‌ڵێنى هه‌موو هاوكارییه‌كیدا كه‌ بتوانن له‌ رێكخستى كارى پێكه‌وه‌یى له‌ كوردستاندا ئه‌نجامى بده‌ن، لایخۆشیانه‌وه‌ تیمى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى ‌و ده‌سته‌ى كوردستانى پاش باسكردنى كوردستان ‌و زانكۆكانى كوردستان ‌و تواناى مرۆیى زانكۆكى پۆلیته‌كنیك، به‌ په‌رۆشییه‌وه‌ باسى هه‌لێكیان كرد كه‌ تیمى زانكۆى ماسه‌چوسێتس بۆستن بێته‌ كوردستان و په‌ره‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ردوولا بدرێت. له‌ ئێواره‌ى هه‌مان رۆژ تیمى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى ‌و ده‌سته‌ى كوردستانى سیمینارێكیان بۆ هه‌ندێك له‌ فاكه‌ڵتى مێمبه‌ره‌كانى زانكۆى ماسه‌چوسێتس رێكخست و ئاماژه‌یان به‌ ره‌وشى كوردستان ‌و ئه‌و كاره‌ساتانه‌ى به‌سه‌ر كوردا هاتووه‌ كرد به‌ تایبه‌تى كیمیابارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌، دوابه‌دواى سیمیناره‌كه‌ش گفتوگۆیه‌كى تێروته‌سه‌ل ده‌رباره‌ى كارى داهاتوو و په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندى هه‌ردوولا بۆ به‌ره‌وپێشچوونى ئاستى زانستى كوردستان كرا، ئه‌ویش به‌ ئه‌نجامدانى توێژینه‌وه‌ى زیاتر له‌و ناوچانه‌ى به‌ر هێرش كه‌وتوون به‌تایبه‌تى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ و قه‌ره‌داغ له‌ سنوورى پارێزگاى سلێمانى. له‌ رۆژى سێهه‌مى سه‌ردانه‌كه‌یدا تیمى ناوبراو كۆبوونه‌وه‌یه‌كى گرنگى له‌گه‌ڵ راگرایه‌تى سكوڵى ته‌ندروستى گشتى به‌ ئاماده‌بوونى به‌ڕێزان رۆبێرتا وایز جێگرى راگرى سكوڵى ناوبراو و تۆم كه‌ین سه‌رۆكى په‌یمانگاى ولیه‌م جۆینه‌ر ئه‌نجامدا، له‌ میتینگه‌كه‌دا به‌ درێژى باسى ره‌وشى ته‌ندروستى كوردستان ‌و ئه‌و توێژینه‌وانه‌ كرا كه‌ له‌و بواره‌دا ده‌كرێن، به‌تایبه‌تى فۆكه‌س خرایه‌سه‌ر ئه‌نجامدانه‌ى كارى پێكه‌وه‌یى له‌ كوردستاندا له‌ بوارى ته‌ندروستى گشتى له‌و ناوچانه‌ى كه‌ به‌ر هێرشكه‌وتوون، دواتر تیمى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى ‌و ده‌سته‌ى كوردستانى چه‌ند بیرۆكه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ راگرایه‌تى سكوڵى ناوبراو گۆڕییه‌وه‌ و زۆر به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ ئاماده‌ییان پیشاندا بۆ بنیادنان ‌و درێژه‌دان به‌كارى پێكه‌وه‌یى له‌ كوردستاندا هه‌ر له‌ ئێواره‌ى هه‌مان رۆژ تیمى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى ‌و ده‌سته‌ى كوردستانى به‌شدارییان له‌ وۆركشۆپى په‌روه‌رده‌ى نێوده‌ڵه‌تى (Global education) كرد، كه‌ له‌لایه‌ن به‌شى نێوده‌وڵه‌تى زانكۆى ماسه‌چووسێتس بۆستن رێكخرابوو، تێیدا باس له‌ به‌رنامه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بۆ په‌روه‌رده‌ و پێگه‌یاندن كرا. له‌ ڕۆژى چواره‌مى سه‌ردانه‌كه‌دا تیمى زانكۆكى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى به‌ به‌شدارى تیمى په‌یمانگاى ولیه‌م جۆینه‌ر له‌گه‌ڵ راگرایه‌تى سكوڵى زانسته‌كانى ژینگه‌ كۆبوویه‌وه‌ و باس له‌ ره‌وشى ژینگه‌ى كوردستان و كاریگه‌رییه‌كانى پیسبوون له‌ كوردستان كرا، هه‌روه‌ها تیمى زانكۆمان باسى له‌ بوارى لێكۆلینه‌وه‌ و تواناى ته‌كنیكى و مرۆیى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى كرد بۆ ئه‌نجامدانى توێژینه‌وه‌ى زانستى له‌ بوارى ژینگه‌ و ئه‌و بوارانه‌ى په‌یوه‌ندییان به‌ ژینگه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چه‌ندین بیرۆكه‌ له‌ نێوان هه‌ردوولادا ئاڵوگۆڕ كرا و به‌ڵێنى هاوكارى و ئاسانكارى زیاتر كرا بۆ كارى پێكه‌وه‌یى له‌ بوارى ژینگه‌ و پیسبووندا. تیمى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى و ده‌سته‌ى كوردستانى له‌ رۆژى پێنجه‌میشدا چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كى دیكه‌ى به‌مه‌به‌ستى راهێنان و قسه‌ و باسكردن له‌ بوارى چۆنیه‌تى هه‌ڵسه‌نگاندنى ژینگه‌ى ته‌ندروستى(Environmental health risk assessment) ئه‌نجامدا و باس له‌ میتۆدۆلۆجى ئه‌و بواره‌ش كرا، پاشان رێنمایى پێویست درایه‌ تیمه‌كه‌ بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى زانستى. ئه‌م سه‌ردانه‌ى تیمى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى بۆ زانكۆى (ماسه‌چوسێتس بۆستن)ی ئه‌مریكا دواى ئه‌وه‌ هات كه‌ له‌ مانگى ئه‌یلولى ئه‌مساڵ پرۆفیسۆر تۆماس كان سه‌رۆكی په‌یمانگای ولیه‌م جۆینه‌ری سه‌ر به‌ زانكۆی ماسه‌چۆسێتس – بۆستن سه‌ردانى سه‌رۆكایه‌تى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى كرد و رایگه‌یاند ئه‌وان په‌یمانگه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌ندن به‌ ڵێكۆڵینه‌وه‌و دیراسه‌كردنی ژینگه‌ی ته‌ندروستی ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ له‌ جه‌نگدان یا به‌ قۆناغه‌كانی جه‌نگدا تێپه‌ڕیون، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش بانگهێشتی تیمێكی زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى ده‌كه‌ن سه‌ردانی ویلایه‌تی ماسه‌چۆسێتس بۆ شاری بۆستن بكه‌ن تاوه‌كو خولی تایبه‌تمه‌ند ببینن و هاوكاری تیمه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ بكه‌ن بۆ ته‌واوكردنی توێژینه‌وه‌كه‌یان.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile