Back

زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانى وۆركشۆپێكی بۆ دابینكردنى خزمه‌تگوزاریی باشتر بۆ ئاواره‌كان و هاووڵاتیانی پارێزگای سلێمانی ڕێكخست

له‌پێناو ڕێگه‌گرتن له‌گه‌وره‌بوونی قه‌یرانی نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری سه‌ره‌تایی و كه‌مبوونه‌وه‌ى خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان بۆ كۆمه‌ڵگای خانه‌خوێ و كامپى ئاواره‌كان، زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له‌سه‌رداواو به‌ پاڵپشتی پارێزگای سلێمانی و به‌هاوكاری ته‌كنیكی و دارایی رێكخراوی UNDP، وۆركشۆپێكى له‌ژێر ناونیشانی (Sulaimani Resilience Planning ) رێكخست. وۆركشۆپه‌كه‌ به‌ ئاماده‌بوونى پ.ی.د.ئالان فه‌ریدون عه‌لى ئه‌مین سه‌رۆكى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى و نوێنه‌ری پارێزگای سلێمانی و ناوه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كان و ڕێكخراوه‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و ڕێكخراوه‌ ناحكومیه‌ نێو ده‌وڵه‌تی و ناوخۆیییه‌كان و به‌خشه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تی و به‌رێوه‌به‌رو نوێنه‌ری زۆرێك له‌ فه‌رمانگه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانى په‌رێزگای سلێمانی له‌هۆتێل شارى جوان له‌سلێمانى به‌ڕێوه‌چوو. له‌ وته‌یه‌كدا پ.ی.د.ئالان فه‌ریدون عه‌لى ئه‌مین رایگه‌یاند: ئێمه‌ وه‌كو زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی خۆشحاڵین به‌ ڕێكخستن و ئه‌نجامدانی پرۆژه‌و وۆرك شۆپێكی ئاوها گرنگ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ خزمه‌تگوزاری راسته‌وخۆی هاوڵاتیان و ئاواره‌كانه‌وه‌، هه‌روه‌كو هه‌میشه‌ش ئێمه‌ وه‌كو زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ئاماده‌ین بۆ هه‌ر كارێكی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ هه‌ر لایه‌نێكدابێت بۆ خزمه‌تی بواری زانست و پێشخستن و به‌رزكردنه‌وه‌ی كوالیتی پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان. هه‌روه‌ها سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ووتیشی، ئێمه‌ له‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی پێمان وایه‌ كه‌ پێویسته‌ حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان چیتر بۆ پرۆژه‌كانی پشت به‌ ناوه‌نده‌ زانستی و ئه‌كادیمییه‌كان ببه‌ستێت و زانكۆو په‌یمانگاكان بكات به‌ به‌شێكی گرنگ بۆ ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌ و هاوكاری كردن له‌ پلان دانان و بریاردان له‌سه‌ر پرۆژه‌كان و چاودێری كردنی كوالیتی پرۆژه‌كان. هه‌روه‌ها پ.ی.د.ئالان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد، به‌رای ئێمه‌ زانكۆكانیش پێویسته‌ وه‌كو كۆمپانیا مامه‌ڵه‌بكه‌ن، به‌جۆرێك پێویسته‌ ئێمه‌ به‌رنامه‌مان هه‌بێت و په‌ره‌ بده‌ین به‌ بواری ڕاوێژكاری پێدان و لێكۆڵینه‌وه‌ و گه‌شه‌سه‌ندن Research & Development ی پڕۆژه‌كانی حكوومه‌ت و كه‌رتی تایبه‌ت و ڕێكخراوه‌كان و هه‌وڵبده‌ین كه‌ له‌ دیزاین و كاری ئه‌ندازیاری و ته‌كنیكیدا ببینه‌ ناوه‌ندێك هه‌م بۆ ئه‌وه‌ی خۆژێنی زانكۆكان به‌ره‌وپێش ببه‌ین، هه‌م بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ وه‌كو ناوه‌ندێكی حكومی زانستی ئه‌كادیمی باوه‌رپێكراو بچینه‌ بازاره‌وه‌و ببینه‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌لی كاریش بۆ خوێندكارانمان. گرنگترین ئامانجه‌كانی وۆركشۆپه‌كه‌ برییتی بوون له‌به‌هێزكردنی لێكگه‌یشتن و توانای گۆڕینه‌وه‌ی زانیاری له‌نێوان به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌ جیاوازه‌كانی پارێزگای سلێمانی و ڕێكخراوه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و ڕێكخراوه‌ ناحكومی و لایه‌نه‌ به‌خشه‌ره‌ جیهانیه‌كان سه‌باره‌ت به‌ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌لێن و كه‌موكورتیانه‌ی كه‌ له‌ به‌رده‌ستخستنی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان وتوانای به‌هاناچوونی ئاواره‌و په‌ناهه‌نده‌دا هه‌یه‌، هه‌روه‌ها خستنه‌ڕووی زانیاری سه‌باره‌ت به‌جۆری خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان و پێویستیه‌كانی تری ئاواره‌و په‌ناهه‌نده‌و كۆمه‌ڵگای خانه‌خوێ، له‌گه‌ڵ دیاریكردن و هه‌ڵسه‌نگاندنی پێویستیی ئه‌و پڕۆژانه‌ی بودجه‌یان نییه‌ و له‌م قه‌یرانه‌دا هه‌ستیارن و له‌پێشترن بۆ جێبه‌جێكردن له‌ پارێزگای سلێمانی و ئیداره‌كانی گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕین. له‌ ۆركشۆپه‌كه‌دا زانیاری و ئامار ده‌رباره‌ى ئاواره‌ و په‌ناهه‌نده‌ و كۆمه‌ڵگای خانه‌خوێ و پێویستیه‌كانیان خرایه‌ڕوو، هه‌روه‌ها لیستى پڕۆژه‌ پێشنیاركراوه‌ خزمه‌تگوزارییه‌ گرنگه‌ بێ بوودجه‌كان به‌پێی پۆلێنكردنیان خرایه‌ به‌ر باس و لێكۆڵینه‌وه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی پێشوودا له‌ لایه‌ن لیژنه‌ی ڕێكخستنی ۆركشۆپه‌كه‌وه‌ كۆكرابووه‌ ، له‌ پاشاندا تیشك خرایه‌سه‌ر ئه‌و ده‌رئه‌نجامانه‌ی له‌ ماوه‌ی ئاماده‌كاری ۆركشۆپه‌كه‌ به‌ده‌ستهاتوون و به‌دی كراون. له‌ كۆتاییدا به‌شداربووانی وۆركشۆپه‌كه‌ بواریان پێدرا پێداچوونه‌وه‌ به‌ لیستی پڕۆژه‌ پێشنیاركراوه‌كاندا بكه‌ن و راوبۆچونیان سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌كان و ڕیزبه‌ندیی یه‌كانیان ده‌رببڕن. ئه‌م وۆركشۆپه‌ كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌ك به‌پێشه‌نگی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی پارێزگای سلێمانی و ناوه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كان و UNDP ڕێكخراوه‌، له‌ چه‌ند مانگی ڕابردوودا لیژنه‌كه‌ هه‌ستاون به‌ په‌یوه‌ندیكردن به‌ لایه‌نه‌ حكومییه‌كان و ڕێكخراوه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و ڕێكخراوه‌ ناحكومییه‌كانى ناوخۆیی و جیهانی به‌ مه‌به‌ستی كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری سه‌باره‌ت به‌و پرۆژانه‌ی پێشنیار كراون، به‌ڵام نه‌توانراوه‌ بودجه‌یان بۆ ته‌رخان بكرێت، وه‌ بۆ دیاریكردنی كه‌لێن له‌ ده‌سته‌به‌ركردنی پێداویستییه‌كاندا، له‌ پاشاندا سه‌رجه‌م پرۆژه‌كان پۆلێنكراون و گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه‌ بۆ چه‌ند لایه‌نێكی په‌یوه‌ندیدار به‌ مه‌به‌ستی ڕیزبه‌ندكردنیان به‌ گوێره‌ی پێویستییان. جێی ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌سه‌ر داواى فه‌رمی پارێزگای سلێمانی، زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی سه‌رپشككراوه‌ بۆ نوسینی پڕۆپۆزه‌ڵ بۆ وه‌رگرتنی فه‌ند له‌ UNDP و ڕێكخستن و ئه‌نجامدانی ۆركشۆپه‌كه‌. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌ندی پێكهێناوه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی د.ڕۆژین كه‌مال و به‌ ئه‌ندامێتی به‌ڕێزان لیزان كمال ، له‌نجه‌ شه‌هاب ، شاڤا شیروان له‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانیه‌وه‌ و نوێنه‌رایه‌تی به‌ڕێزان تابان جه‌بار (پارێزگای سلێمانی) و ئاری ته‌ها موسته‌قا (UNDP) و پرشنگ إبراهیم (ناوه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كان).
This shortcode LP Profile only use on the page Profile