Back

ئەمشەو لە کاتژمیر ١٠ بە دواوە – ئەنجامى زانکۆلاین ڕادەگەیەنرێت کە زیاتر لە ٣١ هەزار خوێندکارە

ئەنجامی وەرگرتن لە زانكۆ و پەیمانگەحکومیەكان ڕاگەیندرا و، زیاتر لە (31) هەزار خوێندکار وەرگیران بەڕێوەبەرایەتى ڕاگەیاندنى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى بۆ ساڵی خوێندنى (2016-2017) وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى زیاتر لە (31) هەزار خوێندكارى لە زانكۆ حکومیەكانى هەرێمى کوردستان وەرگرت و، لە ئەمشەوەوە خوێندکاران دەتوانن ناوی خۆیان لەو بەش و کولێژو زانکۆیانە بدۆزنەوە کە لێیى وەرگیراون. دواى ئەوەى لەماوەى ڕابردودا وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەى زانستى بەچڕی و وردی بەهاریکارى زانکۆکانى کوردستان پلانى وەرگرتنى داڕشت، بەگەیشتنى ناوى تەواوى دەرچوان لەلایەن وەزارەتى پەروەردەوە بەناوەندى وەرگرتن لە وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى، هەوڵەکان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا چڕکراونەوە بۆ ئەوەى بەڕەچاوکردنى پلانى زانکۆکان زۆرترین ژمارەى خوێندكاران لە زانكۆ و پەیمانگەكان وەربگرێت. لەو چوارچێوەیەشدا ئەمساڵ (٤٩٠١٨) دەرچوى (12)ی‌ ئامادەیی بەهەردو پڕۆسەى (پێشکەشکردنى ڕاستەوخۆى زانکۆیى) و لە ڕێگەی سیستمى (زانكۆلاین)ەوە فۆرمی وەرگرتنیان لە زانكۆ و پەیمانگەكان پێشكەش كرد، لەو ژمارەیەشدا (٣٠٠٣٩) دەرچو لە زانكۆ و پەیمانگە حكومیەكان بۆ ساڵى خوێندنی (2016-2017) وەرگیران، هەروەک كەمترین كۆنمرەی وەرگیراو لە پڕۆسەى (زانکۆلاین) بریتى بوە لە (٤٧٧,١٣)، کە دەکاتە ڕێژەى (٦٨,١٨)، بەڵام کەمترین کۆنمرەى وەرگیراو بەهۆى سیستمى پیشبڕکێ لە ڕێگەى وەرگرتنى ڕاستەوخۆی زانکۆیى بریتی بو لە رێژەى (٦٠%). هاوکات وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى لە چەند پڕۆسەیەکى دیکەدا دەرچوانى ئامادەییە پیشەییەکان و زانستە ئسلامیەکان و یەکەمى پەیمانگە تەکنیکیەکان و، ڕێژەى (٥٠%) خوێندکارانى بەسیستمى تەکنیکى لە کۆلێژە تەکنیکیەکان وەرگرت، کە کۆى گشتى ئەو ژمارانەش دەگاتە زیاتر لە هەزار خوێندکار، بەوەش کۆى وەرگیراوان بۆ ساڵى خوێندنى (2016-2017) دەگاتە زیاتر لە ((٣١ هەزار خوێندکار لە زانکۆ و پەیمانگە حکومیەکان بەو پێیەش ڕێژەى٦٤ % خوێندکاران لەزانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیران. وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى خوێندكارانى دوانزەی ئامادەیی ئاگادار دەکات دەتوانن لە ئەمشەو، ڕێكەوتی (١٧/١١/٢٠١٦) لە سەعات (١٠)ی شەو بەدواوە لە ڕێگەی وێبسایتی (www.regayzanko.com) بەبەكارهێنانی هەمان ناوى بەکارهێنەرو وشەى تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد) كە پێشتر فۆرمی (زانكۆلاین)یان پێ‌ پڕكردۆتەوە، دەتوانن ئەو شوێنە بدۆزنەوە كە لێیی وەرگیراون. وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ماوەى هەفتەیەکى دیاریکردوە بۆ تانەگرتن و سکاڵاکردن لە ڕێگەى وێبسایتى (زانکۆلاین)، لەهەمان کاتدا داوا لە خوێندکاران دەکات ئەوانەى کە ناویان دەرچوە لەماوەى هەفتەى داهاتوەوە پەیوەندی بەو بەش و سکوڵ و كۆلێژانەوە بكەن کە ناوەکانیان لێ هاتۆتەوە بۆ ڕاییكردنی مامەڵەكانیان، چونكە رێكەوتی (٢٦/١١/٢٠١٦) یەكەم ڕۆژی دەوامی ساڵی نوێى‌ خوێندنیان دەبێت لە زانكۆ و پەیمانگەكان. سەبارەت بەو خوێندکارانەشى کە بەهۆى کەمى هەڵبژاردنەکانیان وەرنەگیراون، ئەوا لەلایەن ناوەندى وەرگرتن لە وەزارەتى خوێندنى باڵا بەپێیى نمرەو شایستەى بەشەکانیان دواتر بەسەر بەشە جیاکاندا دابەش کراون بەپێیى ڕێنمایى کە لە ڕێبەردا ڕونکراوەتەوە. ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانى ڕابردو و، سەربارى بایکۆتى ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرایەتى پەروەردەکان لە شارەکانى کوردستان کە بەهۆیەوە نەتوانرا (پاسۆرد و یوزەنەیم) لە کاتى خۆى بگەێندرێتە دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى، بەڵام هەوڵەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەردەوام بوەو توانى بەزیاتر لە دوو هەفتە لە ساڵانى پێشتر ناوى خوێندکاران ڕاگەێندرێ، ئەوە جگە لەوەى کە ڕێبەرى وەگرتنیش بەڕێگەى (ئۆنلاین) خرایە بەردەستى خوێندکاران، بەوەش داهاتێکى زۆر بۆ حکومەتى هەرێمى کوردستان گەڕایەوە.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile