زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و ئینستتیوتی وۆرک بۆ گەشەپێدانی دیموکراسی ھەنگاو دەنێن بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان
لەپێناو کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان لەزانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و ئینستتیوتی وۆرک بۆ گەشەپێدانی دیموکراسی دیبەتێک، بۆ ژمارەیەک پەرلەمانتاری فراکسیۆنە سەرەکییەکانی پەرلەمان بەڕێوەچوو، کە تێیدا ھەڵوێستی خۆیان لەبارەی پەکخستنی پەرلەمان و کاریگەرییەکانی خستەڕوو و داواکاریش بوون ھەوڵەکان بۆ کاراکردنەوە پەرلەمان چالاکتر بکرێن.
رۆژی یەک شەممە ٢٣/١٠/٢٠١٦ بەئامادەبوونی پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و د.دانا ئەحمەد یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی و خوێندکارانو ژمارەیەک لەئەندامانی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستانو مامۆستایانی زانکۆو ئەندامانی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، دیبەیتێک لەژێر دروشمی ( کاراکردنەوەی پەرلەمان، ھەنگاوێک بەرەو یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی ماڵی کورد) دەربارەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و بەھاوبەشی ئینستتیوتی وۆرک بۆ گەشەپێدانی دیموکراسی بۆ چوار پەرلەمانتاری فراکسیۆنە سەرەکییەکانی پەرلەمانی کوردستان رێکخرا، کە پێکھاتبوون لە ( خەڵەف ئەحمەد / پەرلەمانتاری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، د.ھەورامان گەچێنەیی / پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، بەھار مەحمود / پەرلەمانتاری گۆڕان و بەھار عەبدولڕەحمان / پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان).
لەسەرەتای دیبەیتەکەدا پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانی بە کلیلی ئەو دەرگا داخراوانە وەسفکرد کە بەڕووی گەلەکەماندا داخراوون، وتیشی: رەنگە کاراکردنەوەی پەرلەمان و جارێکیتر کردنەوەی دەرگای پەرلەمانی قوفڵدراو کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بژێوی ژیانی ھاوڵاتیان و مووچەخۆران بەتایبەتی نەبێت، بەڵام خۆ ھیچ نەبێت کاراکردنەوەی پەرلەمان دەتوانێت شانبداتە بەر ئەو بارەقورسەی کە حکومەت ھەڵیگرتووە و کەمێکیش لە ئازارەکان کەمبکاتەوە، وە پێمانوایە ھەرئەمەش کلیلی ئەو دەرگا داخراوانەیە کە بەڕووی گەلەکەماندا داخراوون.
سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد ھەرێمی کوردستان لە بارودۆخێکی خراپی دارایی و سیاسی و غیابی دامەزراوەییدایە، ھەربۆیە وەکو زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەھاوبەشی لەگەڵ ئینستتیوتی وۆرک بۆ گەشەپێدانی دیموکراسیی، بە ھەستکردن بە بەرپرسیارێتی و ھەستیاری دۆخەکە بڕیاری ئەم دیبەیتەماندا و بە سوپاسەوە ئەوەی کە ئامادەبوو ھاتن بە دەممانەوە و بەشدارییان کرد لەگەڵماندا.
لە دیبەیتەکەدا پەرلەمانتاران کۆک بوون لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بەئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشەو قەیرانەکانی ھەرێم و دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی سیاسیش بۆ ئەم دۆخەی ئێستا، چونکە بەپەکخستنی پەرلەمان گرفتە سیاسی و داراییەکانی ھەرێمی کوردستان ئاڵۆزتربوون، ھەروەھا ھەریەک لە پەرلەمانتارەکانی ( یەکێتیو گۆڕانو کۆمەڵ) جگە لەپەرلەمانتارەکەی یەکگرتوو، نووسراوێکیان واژۆکردو بەناوی پەرلەمانتارو فراکسیۆنەکانیانەوە ئامادەیی خۆیان بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان دەربڕی، ھەرکاتێکیش سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بانگھێشتیان بکات ئامادەدەبن.
12ی ئۆكتۆبهری ساڵى 2015 رێگریی له سهرۆكی پهرلهمانی كوردستان كرا بگهڕێتهوه ههولێر و لهو رۆژهوه تائێستا هیچ كۆبوونهوهیهكى پهرلهمانى كوردستان ئهنجام نهدراوه.
https://www.youtube.com/watch?v=kBvxSLewZxA