زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە کۆماری چین
لە کارێکی ھاوبەشی کونسولگەری گشتی کۆماری چین لە شاری ھەولێر و وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حکومەتی ھەرێم، بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان لەسەر بانگێشتنامەی فەرمی کۆماری چین سەردانی ئەو وڵاتەیان کرد، بەمەبەستی ئاشنابوونی کلتور و مێژووی ووڵاتی چین لە ھەمان کاتدا سەردانی دامەزراوە زانستی و پێشکەوتووەکانی ئەو وڵاتە، گروپی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی د. محمد بەرپرسی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکانی وەزارەتی خوێندی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ھاوکات بە ھاوڕێیەتی ژوو چوھان – بەرپرسی ڕۆشنبیری لە کونسوڵگەری گشتی چین بەرێکەوتن، گروپی ناوبراوو پێک ھاتبوو لە ٩ نوێنەر لە سەرجەم زانکۆکانی ھەرێم ، کە ھاوکات ڕەند کاوە مێگفی وەک نوێنەری زانکۆی پۆلی تەکنیکی سلێمانی یەکێک بوو لە بەشداربووان.
سەبارەت بە سەردانەکەیان رەند کاوە رایگەیاند: گەشتێکی سەرکەوتوو بوو بۆ کۆماری چین لە نزیکەوە ئاشنابووین بە کلتوور و گوزەرانی چین، ھاوکات سەردانی چەندین کۆمپانیا و دامەزراوەی زۆر گەورەی ووڵاتی ناوبراوومان کردو ئاشنا بووین بە سیستمی کارکردن و چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی کارەکانیان، لە ھەمان کاتدا سەردانی زانکۆی بیژینمان کرد بۆ خوێندنی بیانی، وەک گروپێکی کوردی باسی کوردستانمان کرد بۆ خوێندکارانی ووڵاتی چین لە ھەموو بوارەکانداو خوێندکاران زۆر بە جۆش بوون بۆ زیاتر ئاشنابوون.
ڕەند ووتیشی: ھاوەڵان و خۆم چەند نامیلکەیەکی زانکۆکانمان گۆریەوەو بەڕێز چوو چوھان زۆر شادمان بوو بە ئەنجامی گەشتەکە و لە ھەووڵدا دەبن بۆ زیاتر گەشەسەندن و بەھێزکردن و بەردەوام بوونمان.
خوێندکارەکەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد: بە پێویستی دەزانم زۆر سوپاسی بەڕێزان د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و بەڕێز د. خطاب شێخانی و بەڕێز د. ئالان فەرەیدون – سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و بەڕێز د.محمد و بەڕێز بەختیار عوبێد شەریف – بە رپرسی تۆماری گشتی و پەیوەندییەگشتییەکانی زانکۆ و بەڕێز ئارام بکر- بەرپرسی ڕاگەیاندن و چالاکییەگشتییەکانی زانکۆکەمان و ھەموو ئەو کەسانە بکەم کە ھاوکاربوون لە بە ئەنجام گەیاندنی ئەم کارە.
ھەروەھا ناوبراو رایگەیاند: پاش ئەنجامدانی چاوپێکەوتنەکان و ئاڵوگۆر کردنی زانیارییەکان ھەوڵەکانمان بەردەوام دەبێت بۆ بە ئەنجام گەیاندنی رێککەوتننامەی دوولایەنە لەگەڵ زانکۆکانی کۆماری چین، ئەویش بە مەبەستی پتەوترکردنی پەیوەندییە زانستییەکانی ھەردوولاو ئاڵوگۆر کردنی زانیارییەکان و سوودگەیاندن بە خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆمان.
جێی ئاماژەیە پاش ئەوەی لە وێب سایتی نێودەوڵەتی و ئاست بەرزی (وێبۆمێتریکس) کە تایبەتە بە دیاری کردنی رانکینی نێودەوڵەتی زانکۆکان، زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە ماوەی رابردوودا پێشکەوتن و بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆوە بینی، لە ئێستادا زانکۆ یەکێکە لەو زانکۆیانەی کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێگەی تایبەتی خۆی ھەیەو لەزۆربەی کۆرو کۆبونەوەو کۆنفرانس و چالاکییە نێودەوڵەتییەکاندا بانگھێشت نامەی تایبەتی ئاراستە دەکرێت و لە بوارە ئەکادیمی و زانستییەکاندا خوێندنەوەی تایبەتی بۆ دەکرێت.