Back

بڕوانامه‌ى پیشه‌یی نێوده‌وڵه‌تى ده‌درێته‌ ژماره‌یه‌ك ده‌رچووى زانكۆ

له‌ مه‌راسیمێكدا له‌ هۆڵى كۆنفراسى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى بڕوانامه‌ى پیشه‌یی هه‌ردوو خولى ڕاهێنان ( ساردكه‌ره‌وه‌ و گه‌رمكه‌ره‌وه‌، به‌رزكه‌ره‌وه‌) به‌خشرایه‌ ژماره‌یه‌ك كارمه‌ند و ده‌رچووى زانكۆ. له‌ سه‌ره‌تاى مه‌راسیمه‌كه‌دا د.سۆران سه‌عید یاریده‌ده‌رى سه‌رۆكى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى بۆ كاروبارى زانستى رایگه‌یاند: به‌ هه‌ماهه‌نگى نوسینگه‌ى قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى بۆ ماوه‌ى دوو مانگ له‌ناو زانكۆدا خوله‌كانى ( ساردكه‌ره‌وه‌ و گه‌رمكه‌ره‌وه‌، به‌رزكه‌ره‌وه‌) له‌لایه‌ن كۆمپانیاى ( تۆن سین )ى چینییه‌وه‌ و لە لایەن هەردوو بەرێزان (د.سەرکەوت ڕۆستەم حەسەن مامۆستا له‌ كۆلێجى ته‌كنیكى ئه‌ندازیارى و مامۆستا پشتیوان محمد کەریم/سەرۆکى بەشى میکانیک لە پەیمانگەى تەکنیکى سلێمانى) ئەرکى ڕێکخستن و سەرپەرشتیکردنى بەرێوەچوو ، رؤژى سێشه‌ممه‌ 6/12/2016 دوای كۆتایی هێنان به‌و خولانه‌ بڕوانامه‌ی پیشه‌یی نێوده‌وڵه‌تی بەخشرایە 41 به‌شداربوو. پاشان د.سه‌ركه‌وت رۆسته‌م حه‌سه‌ن مامۆستا له‌ كۆلێجى ته‌كنیكى ئه‌ندازیارى سه‌ر به‌ زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى و رێكخه‌رى خوله‌ك وتى: ئه‌م دوو خوله‌ كه‌ له‌ بواره‌كانى ( ساردكه‌ره‌وه‌ و گه‌رمكه‌ره‌وه‌، به‌رزكه‌ره‌وه‌) پێكهاتوون له‌لایه‌ن ناوه‌ندى گه‌شه‌پێدان بۆ كار له‌ زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى ئاماده‌كراوه‌ و نوسینگه‌ى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر ده‌ربڕیوه‌، له‌م خولانه‌دا به‌شداربوو به‌شێوه‌یه‌كى ئه‌كادیمى راهێنانى پێكراوه‌ تاكو له‌ داهاتوودا له‌ بواره‌كانى ( ساردكه‌ره‌وه‌ و گه‌رمكه‌ره‌وه‌ و هه‌روه‌ها به‌رزكه‌ره‌وه‌) كار بكات و صیانه‌ى ئه‌و ئامێرانه‌ به‌ دروستى بكات. د.سه‌ركه‌وت رۆسته‌م وتى: ئه‌م خوله‌ گرنگىى تایبه‌تى ده‌بێت له‌ داهاتوودا چونكه‌ به‌شداربووان به‌شێوه‌یه‌كى پیشه‌یی راهێنانیان پێكراوه‌ و په‌ره‌ به‌ لایه‌نى توانای پیشه‌یی و زانستى به‌شداربوون دراوه‌، هه‌روه‌ها خوله‌كانیش له‌لایه‌ن كۆمپانیاى ( تۆن سین ) چینییه‌وه‌ وتراونه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌م كۆمپانایه‌ تاكو ئێستا چه‌ندین خول و راهێنانى له‌ سه‌رجه‌م وڵاتانى جیهان كردۆته‌وه‌ و زۆر ناسراوه‌ له‌سه‌ر ئاستى جیهان. له‌باره‌ى سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ هه‌رێمى كوردستان مسته‌ر سه‌نى جو جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى كۆمپانیاى ( تۆن سین )ى چینى وتى: دواى ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن كونسوڵى چین له‌ هه‌ولێره‌وه‌ په‌یوه‌ندیمان پێوه‌كرا بۆ وتنه‌وه‌ى خولێك له‌ هه‌رێمى كوردستان، ئێمه‌ توانیمان له‌ نێوان زیاتر له‌ 20 كۆمپانیا له‌ چین ئه‌و ئه‌ركه‌ وه‌ربگرین، بۆیه‌ زۆر خۆشحاڵبووم كه‌ ئه‌م دوو مانگه‌ له‌گه‌ڵ زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى كارم كرد، سوپاسیان ده‌كه‌ین به‌ڕاستى به‌شێوه‌یه‌كى زۆر گه‌رم له‌لایه‌ن ستافى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى و نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ پێشوازیمان لێكرا، هیوادارین له‌ داهاتوودا بتوانین كارى هاوبه‌شى دیكه‌ پێكه‌وه‌ ئه‌نجام بده‌ین. زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى جگه‌ له‌ بواره‌كانى خوێندن و په‌روه‌رده‌ ساڵانه‌ چه‌ندین كۆنفرانس و سیمینار و فێستیڤاڵ و خول و راهێنان له‌ بواره‌ جیاجیاكان بۆ خوێندكاران و ده‌رچووان و ئاره‌زوومه‌ندان ده‌كاته‌وه‌.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile