هەواڵ و چالاکی

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی : پێویستە بەھەموولایەکمان یەکریزی و یەکگرتوویی گەلەکەمان بپارێزین

لەپەیامێکیدا بە بۆنەی رۆژی ئاڵاوە کە لە لاپەرەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک بڵاویکردۆتەوە، پ.ی.د.ئالان فەرەیدوون عەلی ئەمین سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی رایدەگەیەنێت: ئەمڕۆ ڕۆژی ئاڵای کوردستانە، ئەو ئاڵایەی بەدرێژایی مێژوو، نەتەوەی کورد بۆ سەرخستنی و بەرز ھێشتنەوەی بەئێستاشەوە، گیان و ڕوح و خوێن دەبەخشێت. سەرۆکی زانکۆی پۆۆلیتەکنیکی سلێمانی پێشی وایە، بۆ ئەمساڵ ناکرێت ئەمڕۆ تەنھا بەسروودو سڵاوو و پەیام تێبپەڕێت بەتایبەتی لەلایەن دەسەڵاتداران و فەرمانڕەوایانی ھەرێمەکەمانەوە، بەڵکو پێویستە ئەمڕۆ بکەینە خاڵی وەرچەرخان بۆ ھەبوونی بەرنامەو پلانی تۆکمەو یەکگرتوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنانی ئاڵاکەمان و ئەو کەسانەی کە پێیان خۆشە ئەوانەی لەژێر ئەو ئاڵایەدا دەژین بچەوسینرێنەوەو نەھێڵدرێن. پ.ی.د.ئالان فەرەیدوون عەلی ئەمین دەشڵێت: بەڵێ، با ڕووبەڕوویان ببینەوە، با بە یەکدەنگی و یەکڕەنگی و کۆدەنگی و ھەماھنەگی و یەکڕیزیمان پێیان بڵێیین ئێمە نەتەوەیەکین خاوەن دۆزێکی ڕەواین و بە ھەموو توانایەکمانەوە ھەوڵدەدەین بۆ بەدەستھێنانی مافەکانمان و ئامادەی ھەموو بەخشینێکین لەو پێناوەدا. سەبارەت بە دۆخی ئێستای ھەرێمیش پ.ی.د.ئالان فەرەیدوون لە پەیامەکەیدا نوسیویەتی: لەسەر شانی ھەموومانەو ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانییە کە ڕوبەڕووی دۆخی ئێستای ھەرێمی کوردستان ببینەوەو لەھەرشوێنێک کارێکی خراپمان بینی ھەوڵی باشکردنی بدەین و کێ ھەڵەبوو ڕاستییەکەی فێربکەین، ئەگەر نا گەر ڕەخنە نەگرین و گەر گوێ لە ڕەخنەکان نەگیرێن و گەر گەندەڵی بنەبڕ نەکرێ و گەر ھەوڵی جددی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان نەبێت، ئەوا گرفتەکان زیاتر و ئایندەش تاریکتر دەبینرێت. لەکۆتایی پەیامەکەشیدا سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەڵێت، سڵاوو لە پێشمەرگە، سڵاوو لە شەھیدان، بەرزو پیرۆزو شەکاوەبێت ئاڵای کوردستان.

[learn_press_profile]

زیاتر ببینە
Back to top button