زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بووە ئەندامی کارای یەکێتی زانکۆکانی وڵاتانی عەرەب
یەک شەممە ٤/١٢/٢٠١٦ لەعەمانی پایتەختی وڵاتی ئەردەن و لە زانکۆی زەیتونە، بەبەشداری سەرۆک و نوێنەری زیاتر لە ١٠٠ زانکۆی وڵاتانی عەرەبی و ١٣ زانکۆی ھەرێمی کوردستان و لە نێویشیاندا زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، خوولی نائاسایی کۆنگرەی یەکێتی زانکۆکانی عەرەب بەڕێوەچوو، کە ماوەی یەک رۆژ دەخایەنێت.
لەم کۆنگرەیەدا کە پ.ی.د.ئالان فەرەیدوون عەلی ئەمین سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەشداری تێداکردووە، چەندین بابەتی پەیوەست بە پێشخستنی ئاستی زانستی و ئەکادیمی زانکۆکانی ئەندام لە یەکێتییەکەو کارنامەو بەرنامەی ئایندەی یەکێتییەکەو داواکارییەکانی پەیوەست بە ئەندام بوون لەو یەکێتییە گفتوگۆی لەبارەوە کراو دەنگیان لەسەردرا.
لەوبارەیەوە سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی رایگەیاند: کۆنگرەی ئەمجارە کۆنگرەیەکی نائاسایی گرنگبوو، چونکە تێیدا بریار لە سەر رێنمایی و بریارە نوێیەکانی تایبەت بە ئەندامبوون لە یەکێتییەکە دراو ھاوکات ١١ زانکۆی دیکەی ھەرێمی کوردستان کە زانکۆی حکومی و ناحکومیشی تێدابوو، دەنگی پێویستیان بەدەست ھێناو بوون بەئەندام لەیەکێتییەکە.
پ.ی.د.ئالان ووتیشی: لە کۆنگرەی ئەمجارەدا زۆر بە گرنگی و بایەخەوە قسە لەسەر ئاستی زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان کراوەو بریاردراوە کە پەیوەندی نێوان زانکۆکانی کوردستان و زانکۆکانی دیکەی وڵاتانی عەرەبی پەرەی زیاتری پێبدرێت و ھەماھەنگی و ھاوکاری زانستی و ئەکادیمی زیاتر لە نێوانیاندا ھەبێت.
پ.ی.د.ئالان بەخۆشخاڵییەوە ئەندامبوونی ھەمیشەیی زانکۆ پۆلیتەکنیکی سلێمانیشی لە یەکێتییەکە راگەیاند و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە بۆ لەمەودوا وەکو ئەندامی ھەمیشەیی بەشداری کۆنگرەکانی ئەو یەکێتییە دەکەین و توانای دەنگدان و بریاردانمان دەبێت لە ھەموو چالاکییەکانی یەکێتییەکەدا.
سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ھاوکات رونیشیکردەوە، پاش گەڕانەوەمان بۆ شاری سلێمانی، نوسراوی فەرمی ئاراستەی یەکێتییەکە دەکەین تاوەکو ھەوڵبدەین لە ئایندەدا کۆنگرەیەکی یەکێتییەکە بھێنرێتە سلێمانی، لەو بارەیەشەوە گفتوگۆمان لەگەڵ ئەمینداری یەکێتی زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی بەرێز پ.د. سلگان عرابی العدوان و ئەندامانی یەکێتییەکە دەستپێکردووەو ھەمووان پێیان خۆشە ھەرێمی کوردستان و بەتایبەتی سلێمانی ببینن.
ھەروەھا پ.ی.د.ئالان فەرەیدوون عەلی ئەمین ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: چاومان کەوتووە بە سەرۆکی زانکۆی زەیتونەی ئەردەنی کە رێکخەری کۆنگرەی ئەمجارەی یەکێتی زانکۆکانی عەرەبەو لە دیدارێکدا گفتوگۆمان کردووە لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو زانکۆو بڕیاروایە لە ئایندەیەکی نزیکدا رێککەوتننامەیەکی لێکتێگەیشتن لەنێوان ھەردوولادا ئیمزا بکرێت، بە ئامانجی زیاتر سوود وەرگرتن لە ئەزموونی یەکتری و پەرەپێدانی پەیوەندییە زانستی و ئەکادیمییەکانی نێوانمان.
جێی ئاماژەیە یەکێتی زانکۆکانی عەرەب، یەکێتییەکی تایبەتە بە سەرجەم زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی کە لە رێگەیەوە ھەماھەنگی و ھاوکاری زانستی و ئەکادیمی نێوان زانکۆکان پەرەی پێدەدرێت و چەندین پێوەری زانستی و ئەکادیمی و تایبەتی ھەیە بۆ بە ئەندام وەرڤرتنی ھەر زانکۆیەک، لە ماوەی رابردوودا و پاش سەردانییەکی سەرۆکی یەکێتییەکە بۆ زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و بینینی ئاستی زانستی و ئەکادیمی زانکۆکەو کارو چالاکییەکان و بەسەرکردنەوەی بەشە جیاوازەکانی، بڕیاردرا زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی وەکو ئەندامی ھەمیشەیی یەکێتییەکە وەربگیرێت.
https://www.youtube.com/watch?v=4grL93-te3g