Back

زانكۆى پۆلیته‌کنیكى سلێمانى په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ كه‌رتی تایبه‌ت په‌ره‌پێده‌دات

له‌پێناو به‌ره‌وپێشبردنى ئاستى زانستى و ئه‌نجامدانى كارى هاوبه‌ش (زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى) و (په‌یمانگاى ته‌كنیكى كوردستان)ى تایبه‌ت رێكه‌وتننامه‌یه‌كى لێكتێگه‌شتنى زانستى واژۆ ده‌كه‌ن.

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ 22\8\2016 وه‌فدێكى باڵاى سه‌رۆكایه‌تى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى به‌سه‌رۆكایه‌تى (پ.ی.د.ئالان فه‌ره‌یدون عه‌لى ئه‌مین سه‌رۆكى/ زانكۆ‌و هه‌ریه‌ك له‌به‌ڕێزان د. سۆران سه‌عید یاریده‌ده‌رى سه‌رۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى زانستى‌ و د. دانا ئه‌حمه‌د مسته‌فا یاریده‌ده‌رى سه‌رۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى كارگێڕى‌و دارایی‌و هه‌روه‌ها به‌ختیار عوبێد شه‌ریف به‌ڕێوه‌به‌رى په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانى زانكۆ و ئارام بكر به‌رێوه‌به‌ری راگه‌یاندن و چالاكییه‌گشتییه‌كان سه‌ردانى په‌یمانگاى ته‌كنیكى كوردستانی تایبه‌تیان له‌سلێمانى كردو له‌لایه‌ن به‌ڕێزان (شێخ فاخر شێخ ته‌یب/ به‌ڕێوه‌به‌رى گرووپى كۆمپانیاكانى قه‌یوان‌ و د.حارس ره‌عد حه‌سه‌ن راگرى په‌یمانگاى ته‌كنیكى كوردستان‌ و هاوژین حه‌سه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رى په‌یمانگاى سلێمانى ئه‌هلى‌ و ژماره‌یه‌ك له‌مامۆستایان پێشوازییان لێكرا، پاشان رێكه‌وتننامه‌یه‌كى لێكتێگه‌یشتنى زانستى‌و ئه‌كادیمى له‌نێوان زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى‌و په‌یمانگاى ته‌كنیكى كوردستان كه‌ گرووپى كۆمپانیاكانى قه‌یوان خاوه‌ندارێتى ده‌كات له‌ناوه‌ندى فێركارى (فاخیر شیخ ته‌یب قه‌یوانى) له‌به‌رزاییه‌كانى سلێمانى واژۆكرا.

رێكه‌وتننامه‌كه‌ چه‌ند خاڵێكى گرنگى وه‌كو ئه‌نجامدانى كارو چالاكى زانستى هاوبه‌ش‌و كۆنفراس‌و سیمینارو وۆرك شۆپ‌و دابینكردنى كورسى خوێندن له‌خۆده‌گرێت، هه‌رروه‌ها خاڵێكى دیكه‌ى گرنگى رێكه‌وتننامه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌مساڵ په‌یمانگاى ته‌كنیكى كوردستانى تایبه‌ت یه‌كه‌م خولى ده‌رچووانى ده‌بێت‌و له‌لایه‌ن زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانییه‌وه‌ رێژه‌یه‌ك كورسى خوێندن بۆ ده‌رچووانى په‌یمانگاكه‌ دابین ده‌كرێت له‌سیستمى خوێندنى پارالێل‌و ئێواران هاوشێوه‌ى ده‌رچووانى په‌یمانگاكانى سه‌ر به‌زانكۆكه‌.

سه‌باره‌ت به‌گرنگى رێكه‌وتننامه‌كه‌ پ.ی.د. ئالان فه‌ره‌یدون عه‌لى ئه‌مین سه‌رۆكى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى رایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ كه‌رتى گشتى‌و كه‌رتى تایبه‌ت ده‌بنه‌ هاوكارى زانستى یه‌كترى‌و كار بۆ ئه‌نجامدانى چالاكى نێوده‌وڵه‌تى‌و به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى زانستى له‌وڵاته‌كه‌مان ده‌كه‌ن، به‌پێی ریكه‌وتننامه‌كه‌ خوێندكارانى په‌یمانگاى كوردستان ده‌توانن درێژه‌ به‌پرۆسه‌ى خوێندن بده‌ن له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌ئێستادا زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى خوێندنى (به‌كارلۆریۆس و ماسته‌ر و دكتۆرا) ى هه‌یه ‌و ئه‌م رێكه‌وتنه‌ش ده‌بێته‌ هه‌نگاوێكى زۆر باش بۆ به‌ره‌وپێشبردنى لایه‌نى زانستى خوێندكاران.

سه‌رۆكى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى وتیشى: سوپاسی گرووپى كۆمپانیاكانى قه‌یوان ده‌كه‌ین چونكه‌ ئه‌م رێكه‌وتنه‌ى زانكۆمان له‌گه‌ڵ كه‌رتێكى تایبه‌تدا رێگه‌ خۆشكه‌ر ده‌بێت بۆ گه‌یشتنمان به‌و ئاست‌و ستاندارده‌ى كه‌ ده‌مانه‌وێت، تاوه‌كو ئه‌م قه‌یرانه‌ داراییه‌ى هه‌رێمى كوردستانى گرتۆته‌وه‌ نه‌مان وه‌ستێنێت ‌و بتوانین به‌رده‌وام بین‌و كارى هاوبه‌شى زیاتر ئه‌نجام بده‌ین.

لای خۆشیه‌وه‌ (شێخ فاخر شێخ ته‌یب/ به‌ڕێوه‌به‌رى گرووپى كۆمپانیاكانى قه‌یوان خۆشحاڵى خۆى به‌و رێكه‌وتننامه‌یه‌ له‌گه‌ڵ زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى ده‌ربڕى‌و ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌كرد وه‌كو كه‌رتی تایبه‌ت له‌رێگه‌ى (زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانی)یه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن سوود به‌خوێندكاران بگه‌یه‌نن‌و پێكه‌وه‌ كارى هاوبه‌شى زانستى ئه‌نجام بده‌ن.

هه‌روه‌ها به‌رێوه‌یه‌ری گرووپی كۆمپانیاكانى قه‌یوان راشیگه‌یاند، پێوێسته‌ بۆ ئه‌م قۆناغه‌ی ئێستاو ئاینده‌ی حوكمڕانی‌و ئیداری‌و دارایی هه‌رێمی كوردستان، كه‌رتی تایبه‌ت و كه‌رتی گشتی ده‌ست له‌ناوده‌ست بن و كاری هاوبه‌ش به‌یه‌كه‌وه‌ بكه‌ن تاوه‌كو بتوانین بارگرانی سه‌ر كه‌رتی گشتی كه‌م بكه‌ینه‌وه‌و كه‌رتی تایبه‌تیش به‌ رۆڵی راسته‌قینه‌ی خۆی هه‌ڵبسێت، هه‌روه‌ها ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت به‌م رێككه‌وتنه‌و به‌ خاڵه‌كانى ناوه‌رۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌ ئه‌و راستییه‌ بسه‌لمێنین كه‌ كه‌رتی تایبه‌ت و كه‌رتی گشتی ئه‌گه‌ر بێتو رێگرییه‌كان و رۆتینات و رێنماییه‌ پورسه‌كانى حكومه‌ت بهێڵن هه‌نگاوگه‌لێكی گرنگ ده‌نێن‌و بواری زانست و خوێندن و په‌روه‌رده‌و ته‌نانه‌ت حوكمڕانی‌و ئیداری هه‌رێمیش به‌چه‌ندین قۆناغی زیاتر له‌ ئێستا ده‌به‌ینه‌ پێشه‌وه‌.

شایه‌نى باسه‌ له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى و زانكۆی تێكنۆلۆجی له‌به‌غدا لێكتێگه‌یشتنی زانستییان واژۆ كرد، كه‌ زانكۆی تێكنۆلۆجی به‌غدا له‌دوایین ریزبه‌ندى زانكۆكانی جیهاندا به‌پێی وێبۆمێتریكس سێیه‌مین زانكۆیه‌ له‌سه‌ر ئاستی عێراق و ٣٣٣٨ له‌سه‌ر ئاستی جیهان.

This shortcode LP Profile only use on the page Profile