Back

بۆچى گرنگه‌ ریزبه‌ندى زانكۆكان به‌پێی ویبۆمێتریكس (Webometrics) بێت

لە ماوەی رابردوودا ریزبەندی نێودەوڵەتی ویبۆمێتریکس (Webometrics) دوایین ریزبەندی جیھانی زانکۆکانی راگەیاند، لەو ریزبەندییەشدا بەشێوەیەکی چاوەڕوانکراو ریزبەندی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەرزبووەوە، بەجۆرێک ئەم کارە سەرجەم ناوەندە ئەکادیمی و زانستییەکان و تەنانەت وەزارەتی خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی حکومەتی ھەرێمیشی دڵخۆشکرد، ئەمەش بەوەی کە سەلمێنەری ئەو راستییەبوو کە زانکۆمان سەرەڕای قەیرانەکان و گرفتە داراییەکان نەیتوانیوە ھەوڵەکانی سەرۆکی زانکۆو ئەنجومەنی زانکۆو سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆ رابگرێت، ھەر بۆیە ئێمە لەم راپۆرتەدا زۆر بەووردی ویبۆمێتریکس (Webometrics) بەئێوە دەناسێنین، ھەروەھا باس لە گرنگی ئەم دەزگایەو ئەو زانکۆیانەش دەکەین کە ئەم دەزگایە ریزبەدییان بۆ دەکات، ئەمە جگە لەوەی ھۆکاری بەرزبوونەوەی رانکی زانکۆمان لەو ریزبەندییە نێودەوڵەتییەدا دەخەینەڕوو. ویبۆمێتریکس (Webometrics) چی یە؟ “ڕیزبەندی زانکۆکانی جیھان بە پێ ی وێبۆمێتریکسWebometrics ” پڕۆژەیەکی دەستپێشخەرییە کە لە لایەن تاقیگەی Cybermetrics وە ئەنجام دەدرێت کەتیمێکی توێژینەوەن Research Group و سەر بە وەزارەتی پەروەردەو ئەنجوومەنی نیشتمانی توێژینەوەی ئیسپانین (Consejo Superior de Investigaciones Científicas (CSIC کە گەورەترین پەیمانگەی توێژینەوەن لە ئیسپانیا و سێیەمن لە ئەوروپا. ئەم دەزگا گرنگەی بواری پەروەردەو خوێندنی باڵا لە ساڵی ٢٠٠٦ دا لە ١٢٦ سەنتەر و دامەزراوەو لە ھەموو ئیسپانیادا بلابونەتەوە. (CSIC) ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێ لە ھێنانەکایەی توێژەرو کەسانی تەکنیکی لەبوارە جیاوازەکانی زانست و تەکنەلۆژیادا و خاڵ بۆ خۆدەرخستنی ئەکادیمی زانکۆکان دادەنێت بە سیستمێکی ڕیزبەندی جیھانی ئاشکراو بێلایەنانە، ئامانجی سەرەکی CSIC بەرزکردنەوەی ئاستی توێژینەوەی زانستییە، بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی ئاستی زانستی و تەکنەلۆجیای وڵات کە دەبێتە ھۆی خۆشگوزەرانی ھاولاتییان. کەواتە ویبۆمێتریکس لە سەر بنەمای زانستی و ئەکادیمی CSIC کار دەکات کە ئەمەش وەلامی ئەو پرسیارە دەداتەوە کە ” ئایا ڕیزبەندی ویبۆمێتریکس Webometrics ریزبەندییەکی ئەکادیمییە؟ ئامانجەکانی وێبۆمەتریکس (Webometrics) مەبەستی سەرەکی ڕیزبەندی “ویبۆمێتریکس” بۆ ‌ بەرزکردنەوەی ئاستی بڵاوکردنەوەی زانستیە لەماڵپەڕدا . ھەروەھا ئامانجی سەرەکییش پشتگیر کردنە لە پڕۆژە ی Open Access Initiatives و دەست گەیشتن بە بڵاوکراوە زانستییە ئەلکترۆنییەکان و بابەتە ئەکادیمییەکانی تر. ھەر بۆیە وەکو ھەندێک ناوەندی زانستی لە کوردستاندا بڵاویانکردەوە دەپرسین، ئایا وێبۆمەتریکس Webometrics تەنھا ڕیزبەندی ڕووکەشی (دیزاینی) ماڵپەری زانکۆ دەکات؟ ئایا تەنھا پشت بەژمارەی سەردانیکردن دەبەستێت؟ بێگومان نەخێر! پێوەرە وێبگەییەکانی Web Indicators وێبۆمێتریکس زۆر گرنگن بۆ مەبەستی ڕیزبەندیکردن Ranking چونکە تەنھا پشت نابەستن بە ژمارەی “سەردانی ماڵپەر Web Pages ” یان ” دیزاینی وێب سایت” ‌بەڵکو پشت دەبەستن بە ناوەڕۆک و ئەدا و دەرکەوتنی ئەکادیمی زانکۆ لەسەر ئاستی جیھان Global Performance and Visibility of the Universities کە لە ڕێگەیGoogle Search Engine و Google Scholar ەوە ئیندێکس Indexing ی بۆ دەکرێت و پشت بە ھەر جۆرێک لە فایل و توێژینەوە دەبەستن کە لە لایەن Google Scholar ەوە ڕەچاو دەکرێت . بۆ ئەو مەبەستە (جەمال کاک برا/ مامۆستای زانکۆ و بەرێوەبەری تەکنۆلۆجیای زانیاری زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی) رایگەیاند، دیزاینی وێبسایت بەھیچ شێوەیەک پەیوەندی بەڕیزبەندییەوە نیە، بەڵکو پێوەرەکان پەیوەندییان بەجۆر و ھەندێ ناوەرۆکی بڵاوکراوەکانەوە ھەیە بەتایبەتیش ئەو دۆکیومەنتە ئەکادیمیانەی کە خراونەتە بەردەست خوێنەران، واتا خوێنەران ئەکسێسیان بۆیان ھەیە. بەرێوەبەری تەکنۆلۆجیای زانیاری زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی راشیگەیاند، ژمارەی سەردان و سەردانکەرانی ماڵپەر پێوەری بەھێزنین بۆ ڕیزبەندی کە ویبۆمێتریکسیش پشتی پێ نابەستێت , سەردانی پەیجێک پەیوەندی بە جۆر و بەسوودی ناوەرۆکی بڵاوکراوەکانەوە نیە. زۆر جار ژمارەی سەردانی ماڵپەرێک دەبینین نزم دەبێتەوە لە کاتی پشووەکاندا, ئەم پێوەرە زیاتر پەیوەندی بەقەبارەی زانکۆوە ھەیە ( واتا ژمارەی خوێندکاران). سەبارەت بەوەی ریزبەندی ویبۆمێتریکس بەراورد بە ئەو دەزگایانەی دیکەی ریزبەندی بۆ زانکۆکان دەکەن چی جیاوازییەکی ھەیە، (جەمال کاک برا ) ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ویبۆمێتریکس تەنھا پشت نابەستێ بەئەنجامنی توێژینەوە، بەڵکو گرنگی دەدات بەنیشاندەری تریش کە باشتر جۆرایەتی توێژەر و دامەزراوە ئەکادیمی و توێژینەوەییەکان لەسەر ئاستی جیھاندا پشان دەدات. ھەروەھا ویبۆمێتریکس ھانی ئەوە دەدات کە زانکۆکان و توێژەران دەربکەون لە ماڵپەری زانکۆییدا Web Presence کە ئەمەش چالاکییەکانیان بەوردی نیشان دەدات. ئەگەر ھاتوو ئەدای ماڵپەری زانکۆیەک لە خوار پلەی چاوەڕوانکراوەوە بێت بەپێی نایابی ئەکادیمی Academic Excellence ئەو زانکۆیە، ئەوە بەرپرسانی زانکۆ دەبێت بە سیاسەتی وێبسایتی خۆیاندا بچنەوەو بەشێوەیەکی گشتی قەبارەو جۆری بڵاوکراوە ئەلکترۆنیەکانیان زیادبکەن. بۆیە ئەگەر خوێندکار ویستی زانکۆیەک ھەڵبژێرێت پێویستە زانکۆیەک ھەڵبژێرێت کە ڕەچاوی نیشاندەری Indicators Webزیاتر بکات. ھەندێک لە ڕێزبەندیە جیھانییەکانی وەک ( شەنگھای و QS و Times Higher Education تەنھا پشت بە ھەندێک پێوەردەبەستن کە زۆر جار لە لایەن زانکۆکەوە زانیارییەکان دەنێردرێن یان تەنھا گرنگی بە چەند لایەنێک دەدەن بەتایبەتی ئەنجامی توێژینەوەکان بەلام ئەو ڕیزبەندییەی کە پشت دەبەستێت بەپێوەرە وێبگەییەکان Web Indicators بەشێوەیەکی باشتر وێنەی زانکۆ دەخاتەڕوو، چونکە زۆر لەچالاکی پڕۆفیسۆرو توێژەرەکان لە ڕێگای ماڵپەرەوە نیشان دەدرێت. ماڵپەر بەتەنھا گۆڤاری ئەلیکترۆنی و پەڕتووکە ئەلکترۆنییە فەرمییەکان ناگرێتەوە بەڵکو پەیوەندییە زانستییە نافەرمییەکانیش دەگرێتەوە. ویبۆمێتریکس و Google Citations یەکێک لەپێوەرەسەرەکیەکانی دەزگا جیھانییەکان بۆ ڕیزبەندیکردن توێژینەوەو بلاوکردنەوەی ژمارەی توێژینەوە جیھانییەکانە کە لەویبۆمێتریکسیشدا پێوەری بەھێزەو تائێستا دووجار ریزبەندی زانکۆکانی جیھانی بەتەنھا لەسەر بنەمای Google Scholar Citations کراوە لە لایەن ویبۆمێتریکسەوە کە ١.٢ دوا ڤێرژنە لەمانگی تەمموزی ٢٠١٦ دەریکردووە. لەو ریزبەندییە دا کە تەنھا لەسەر بنەمای توێژینەوە Google Schoalr Citations کراوە لەکۆی ٢٩ زانکۆی ھەرێمی کوردستان تەنھا ٦ زانکۆ دەرکەوتوە لەو رێزبەندییەدا کە زانکۆی پۆلیتەکینکی سلێمانی یەکێکە لەو شەش زانکۆیە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە مامۆستایان و توێژەرانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لەماوەی رابووردوو و تائێستاش چەندین توێژینەوەیان لەگۆڤارە بەھێزە ناوخۆییی و جیھانییەکاندا بلاو کردوەتەوە .

بۆیە وێبۆمێتریکس دەکرێت بە گونجاوترین سەرچاوە دابنرێت بۆ گشت زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق بۆ پێوانەکردنی کاریگەری و ئامادەبوونی ئەکادیمی خۆیان لەسەر ئاستی جیھاندا. سەرەڕای ھەموو ئەمانەش، ستافە ئەکادیمیەکان دەتوانن ئاستی زانکۆکانیان بەرزبکەنەوە بەبەرزکردنەوەی ئاستی تاکە کەسی خۆیان لەڕێگای بەدەستھێنانی دەستکەوت و چالاکی ئەکادیمی پێوراو و دانانیان لەسەر ھەگبەی مامۆستای تایبەت بەخۆیان کە لەوێوە خوێنەرانی جیھان دەتوانن دەستیان پێبگات. ئێستا جێی خۆیەتی بپرسین ئایا وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی خکومەتی ھەرێمی کوردستان تا چەند گرنگی بەم پێوەرە زانستییە نێودەوڵەتییە دەدات بۆ ئاستی زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان؟ ئایا وەزارەتی ناوبراو چۆن لەم ریزبەندییە نێودەوڵەتییە دەڕوانێت؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانەش د.سۆران سەعید یاریدەدەری زانستی سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی بەم جۆرە رونیکردنەوەو ووتی، وەزارەتی خوێندنی باڵای ھەرێمی کوردستان ڕێنماییدەکات بەبەکارھێنانی ڕیزبەندی وێبۆمێتریکس بۆ دەستەبەرکردنی پێشبڕکێیەکی ئەکادیمی تەندروست و تەنانەت بەپێی ماڵپەری ڕیزبەندی نیشتمانی زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان nur-krg.org یەکێک لەو Criteria یانەی کە وەک پێوەر دادەنرێت Web Presence ە کە پشت بەوێبۆمێتریکس دەبەستێت لەوەرگرتنیدا، واتا وەزارەتی خوێندنی باڵا “ڕیزبەندی ئەمادەبوون” ی وێبۆمێتریکس بەکار دەھێنێت بۆ ڕیزبەندی نیشتیمانی زانکۆکان لەھەرێمی کوردستاندا وەک بنچینەیەک بۆ ڕیزبەندی زانکۆکانی کوردستان. لەدوا ڕیزبەندی ویبۆمێتریکسدا کە لەبەرواری ٢٩ /٧/٢٠١٦ ڕاگەیەندرا، زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەرەو پێشچونێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە بەجۆرێک کە پێشی زیاتر لە ٨٠٠٠ زانکۆی داوەتەوە لەسەر ئاستی جیھان و ٨ ھەمین زانکۆیە لەکۆی ٢٩ زانکۆ لەسەر ئاستی ھەرێم و ٢٥ ھەمین زانکۆشە لەکۆی ٦٩ زانکۆ لەسەر ئاستی عێراق . لەم لینکە ڕیزبەندى زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى لە سەر ئاستى هەرێم و عێراق و جیهان دەبینن:

http://spu.edu.iq/index.php/ku/knews/767-2016-08-01-05-16-44

Resources

· http://www.nur-krg.net/methodology

· http://www.webometrics.info/en/Objetives

· http://www.webometrics.info/en/node/169

· http://www.webometrics.info/en/node/36

This shortcode LP Profile only use on the page Profile