Back

پسپۆری شیکاری نەخۆشییەکان بریتی یە لە بەکارهێنانی ڕێگا و تەکنیکی جۆراوجۆر بۆ ئەنجامدانی چەندەها پشکنینی ورد و دروست بۆ نمونەی خوێن و شانەو شلە جیاوازەکانی تری لەش کە پێویست بێت لەسەر جەستەی مرۆڤ بە مەبەستی دیاریکردن و دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانی وەک شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرەو خوێن و چەندان نەخۆشی تر بە بەکارهێنانی چەند ئامێرێکی سەردەمیانە و هەمەجۆر.

مەنهەجی پرۆگرامی بەکالۆریۆسی بەشی شيكارى نەخۆشيەكان بە شێوەیەک داڕێژراوە کەنوێترین و پەیوەندیدارترین ناوەڕۆک لە بواری زانستە بایۆپزیشکییەکان پێشکەش بە خوێندکاران بکات. جار جار پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت و نوێ دەکرێتەوە بۆ ئەوەی هاوسەنگ بێت لەگەڵ پرۆگرامە پێشەنگەکانی زانستی شيكارى نەخۆشيەكان لە سەرانسەری جیهاندا. کە هەردوو خوێندن بە شێوازی تیۆری بە هاوبەشی لەگەڵ پراکتیک و نمایشی تاقیگەیی لەخۆدەگرێت. جگە لەوەش، خوێندکاران بۆ ماوەی دوو مانگ لە تاقیگەی نەخۆشخانەکاندا مەشق و ڕاهێنان دەکەن کە بۆ وردکردنەوەی لێهاتووییەکانیان داڕێژراوە، ڕێگەیان پێدەدات بە شێوەیەکی هەمەلایەنە ئەو زانیاری و لێهاتووییانەی لەکاتی خوێندندا بەدەستیان هێناوە جێبەج ی بکەن.

بەشەکە بڕوانامەی ماستەر لە بواری پسپۆری گشتی شیکاری نەخۆشییەکان پێشکەش دەکات.خوێندکاران دەتوانن پسپۆڕبن لە هیماتۆلۆژی و بانکی خوێن ، مایکرۆبایۆلۆجی کلینیکی، بەرگری، سیرۆلۆژی، بایۆلۆجیای گەردی دەستنیشانکردن و جیناتی مرۆڤ و بایۆکیمیای کلینیکی .مەنهەجی پرۆگرامی ماستەر بە شێوەیەک داڕێژراوە کە زانیاری نوێکراوەی قووڵ لە بوارەکانی تایبەت بە شیکاری نەخۆشییەکان بەخوێندکاران دەدات، توانای بیرکردنەوە و چارەسەرکردنی کێشەکان لە خوێندکاراندا بەرز بکاتەوە، ئاشنایان بکات بە توێژینەوەی زانستی، هەروەها دەرفەتیان بۆ دەڕەخسێت کە لێهاتوویی و زانیاریەکانیان لە رێکخستن و ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستیدا بەکاربهێنن.

ئەو دەرچووانەی کە بڕوانامەی شیکاری نەخۆشییەکان یان زانستی تاقیگەی پزیشکییان هەیە، ئەم هەلی کارانەیان هەیە:

١.لە تاقیگەی تایبەت و حکومی کاربکەن بۆ دەستنیشانکردن و شیکاری نەخۆشییەکان.

٢.لە تاقیگەی توێژینەوە لە زانکۆکان و دامەزراوە جۆراوجۆرەکان توێژینەوەی پزیشکی.

٣.وانەوتنەوە لە دامەزراوە پەروەردەییەکان (بۆ نموونە زانکۆ ئەهلی و حکومییەکان، کۆلێج و پەیمانگاکان، قوتابخانەکان و هتد).

٤.کۆمپانیاکانی پێداویستی بایۆپزیشکی.

٥.جگە لەوانەی لە سەرەوە باسمان کرد، هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر لە شیکاری نەخۆشییەکان دەتوانن ڕۆڵی سەرکردایەتی و کارگێڕی لە تاقیگەی دەستنیشانکردن و توێژینەوەدا بگرنە ئەستۆ.

پەیامی بەش:

بە شی شیکاری نەخۆشییەکان کە یەکێکە لە بەشە پزیشکییەکان کۆلێجی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی. لە سەرەتای دامەزراندنیەوە بەشەکەمان سەرنجی زۆری خستۆتە سەر چەند لایەنێکی گرنکی خوێندن کە دەبێت دابین بکرێت و پێویستن بۆ هەر ناوەندێکی خوێندنی ئەکادیمی و زانستی وەک؛ ستافی کارامە، ژینگەی ئەکادیمی، سیستەمێکی باشی خوێندن و پێگەیاندنی خوێندکاری خوێندنی باڵا. ئەم بەشە گرنکی بە نوێکردنەوەی ستراتیژی خوێندن دەدات کە هاوتایە لەگەڵ پێشکەوتن و داواکارییەکانی هاوچەرخ و هەروەها شوێنی بەتاڵی کار لە تاقیگە پزیشکییەکان بە لەبەرچاوگرتنی داهاتووی خوێندکاران و دڵنیابوون لە توانا زانستی و تەکنیکییەکانیان. دەرچووانی بەشی شيكارى نەخۆشيەكان دواى چوار ساڵ خوێندن زانستی تەكنيکی بە شێوازی تیۆری و پراکتیکی و پاش ئەنجامدانی مەشقی هاوينە بۆ ماوەى دوو مانگ بڕوانامەى بەكالۆريۆسی تەكنيکی لە بوارى شيكارى نەخۆشيەکاندا وەردەگرن. لە پاشدا وەک تەکنیککاری تاقیگەی پێشکەوتوو دەتوانن لە ناوەندە تەندروستیەکان کار بکەن.

تێڕوانین:
  • پەرەپێدانی لايەنی زانستی و نيشتمانی لەرووى پێگەياندنی كارمەندی ئەكاديمی تەكنيكیەوە.
  • پێشكەشكردنی خزمەتگوزارى تەندروستی باش بە هاووڵاتيان.
  • رێکخستن و ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی لە ڕێگەی پێگەیاندنی خوێندکاری خوێندنی باڵا ( ماستەر، دکتۆرا).
زانیاری لەسەر بەش:

بە شی شيكارى نەخۆشيەكان لەساڵ ٢٠١٤ لە كۆليجی تەكنيکی تەندروستی سەربە زانكۆى پۆليتەكنيکی سلێمانی كراوەتەوە. سەرەتا ئەم بەشە لە يەكەم ساڵی خوێندنی ٢٠١٤-٢٠١٥ بە قۆناغی يەكەم دەستیپێكرد و ٤٣ خوێندكارى هەبوو. لە ئێستادا بۆ ساڵی خوێندن ٢٠٢٢-٢٠٢٣ بەشەکەمان خاوەن ٢٩٣ خوێندكارە بە هەر چوار قۆناغەکە. لە ئێستادا یەک خولی دەرچوونی خوێندنی باڵا ماستەری هەیە. بەشەکەمان کۆمەڵێك خوێندکاری پێگەیاندووە و خۆبەخشانە لە تاقیگەو ناوەندەکانی تەندروستیدا خزمەن بەهاوڵتیانی ئەم هەرێمە دەکەن. لە ئێستادا خاوەن ٢٢ مامۆستايە كە پێکهاتوون لە یەك پرۆفیسۆر، (٥) پرۆفيسۆرى ياريدەدەر، (١٠) مامۆستای هەڵگرى بروانامەى دكتۆرا، (١٢) مامۆستای هەڵگرى بروانامەى ماستەر و هەروەها خاوەن (٢٣) ياريدەدەرى توێژەرين لە هەڵگرانی بڕوانامەی بکالۆریۆس و دبلۆمی تەکنیکی.

ئامانجەکانی بەش:

١. پێدانی بروانامەى بەكالۆريۆس و ماستەر لە بوارى زانستی شيكارى نەخۆشيەكان.

٢.ئامادەكردن و پێگەياندنی كادرى تەكنيکی پسپۆڕ و شارەزا لە بوارى شيكارى نەخۆشيەكاندا.

٣.بایەخدان و پەرەپێدان بە توانامرۆییەکان لە بواری پشكنينی تاقيگەیی بۆ یارمەتیدانی پزیشك لەدەستنیشانکردنی ئەو نەخۆشيانەی کە پەیوەندی بە مرۆڤەوە هەیە.