دەربارەی کۆلێجی تەکنیکی هەڵەبجە

کۆلێجی تەکنیکی هەڵەبجە ئامانجی  فەراهەمهێنانی  خوێندنی تەکنیکی وپیشەییە  بۆ خوێندکاران  بۆ ئەوەی یەکبگرێتەوە لەگەڵ  پێداویستییەکانی بازاڕی کار و دابینکردنی هەلی کاردا ، هەروەها بۆ  فراوانکردن و پێشکەشکردنی پرۆگرامی نوێ و پەیوەندیدار کە داواکارییەکانی بازاڕی کاری ناوخۆیی پڕبکاتەوە . لە ڕێگەیەکی ترەوە کار دەکات بۆ پەرەپێدانی خوێندنی پیشەیی و تەکنیکی و  بەرزکردنەوەی لێهاتویی خوێندکاران و  مامۆستایانمان لەڕێگەی پەرەپێدانی پیشەیی و ڕاهێنانی ناوخۆیی و نێو دەوڵەتیەوە. کارێکی تری ستراتیژی ئەم کۆلێجە بونیادنانی پردی پەیوەندیە لە نێوان خوێندکاران و  کۆمپانیا ناوخۆییەکان، پیشەسازییەکان، و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان بۆ دابینکردنی دەرفەتی مەشقکردن، ئەزموونی پراکتیکی و دامەزراندن بۆ خوێندکاران.

ئەمڕۆ کۆلێژەکە لە  سێ بەشی زانستی پێکهاتووە

  • زانستی خۆراک و کۆنتڕۆڵی جۆری
  • زانستی تاقیگەی پزیشکی
  • کارگێڕی پرۆژە کشتوکاڵییەکان

دید

  1. بونیاد نانی کۆلێجێکی تەکنیکی کە پێشەنگ بێت لە ناوچەکەدا کە بە خوێندنی کوالیتی بەرز و پرۆگرامە داهێنەرەکانی بناسرێتەوە .
  2. پەرەپێدانی هاوبەشییەکی بەهێز لەگەڵ کۆمپانیا و کارگە ناوخۆییەکان بۆ ئەوەی هەلی مەشق و دامەزراندن بۆ خوێندکاران بڕەخسێنن.
  3. بۆ باشترکردن و پەرەپێدانی بەرنامەکانمان بۆ دڵنیاکردنەوەی خوێندکاران لە ئەگەری دەست کەوتنی هەلی کاردا

دیدی کۆلێژ

  1. دابینکردنی خوێندنی تەکنیکی بە خوێندکاران کە پەیوەندی بە پێداویستیەکانی کۆمەڵگە و بازاڕی کارەوە هەبێت.
  2. ئامادەکردنی خوێندکاران بۆ پیشەی داهاتوویان لە بوارە دڵخوازەکەی خۆیاندا بە پێشکەشکردنی ڕاهێنانی پێشکەوتو و ئەزموونی پراکتیکی.
  3. پەروەردەکردنی کلتوری داهێنان و کارگێڕی لەنێو خوێندکاران و ستاف و مامۆستایان

پەیامی ڕاگر

کۆلێجی تەکنیکی هەڵەبجە لە ساڵی ٢٠٠٥ وە دامەزراوە بە ئامانجی پێشکەشکردنی خوێندنی تەکنیکی کواڵیتی بەرز بۆ دانیشوانی هەڵەبجە و دەوروبەری. لە کۆلێجەکەمان کۆمەڵێک پرۆگرامی تۆکمەو زانستی پێشکەش دەکرێن  لە ڕێگەی هەر سێ بەشی زانستیمان کە خۆیان لە بەشەکانی زانستی تاقیگەی پزیشکی، زانستی خۆراک و کۆنترۆڵی جۆری وڕووەکا پزیشکیەکان دەبینێتەوە. لەم پێودانگەوە ئێمە شانازی دەکەین کە توانیومانە ژینگەیەکی فێرکاری گشتگیر و هەمەچەشن  بۆ خوێندکارانمان فەراهەم بکەین . کۆلێجەکەمان لە ڕێگەی چالاکییە کرداری و فێرکاری و زانستیە جۆراوجۆرەکانەوە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر پێشخستنی ناوچەکە هەبووە، سەربەرزین کە چالاکانە ئەوەندەی پێمانکرابێت بەشداریمان لە هەموو سێکتەرە کارگێڕیەکانی شاری هەڵەبجەدا کردوە  وەک  تەندروستی، ژینگە، بەڕێوەبردن و تەکنەلۆجیاو کشتوکاڵ.  ئێمە پێمان وایە کە خوێندکارەکانمان بەشێکی دانەبڕاون لە کۆمەڵگەکەمان و دەتوانن لە ڕێگەی لێهاتوویی و زانیارییەکانیانەوە کە لەماوەی چوار ساڵی خوێندنی زانستیان لە کۆلێجەکەمان بەشداری لە گەشەپێدانی ناوچەکەدا بکەن. مامۆستایان و فەرمانبەرانی کۆلێجەکەمان  شارەزا و ئەزموونی بەرزیان هەیە لە  پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری زانستی لە پرۆسەی خوێندن بۆ خوێندکارەکانمان و  دابینکردنی تاقیگەی  سەردەمیانە و  هۆڵی خوێندنی پێویست بۆ ئەوەی دڵنیابین کە خوێندکارەکانمان لە بواری پسپۆڕی خۆیاندا سوودی لێوەردەگرن.  لە کۆتاییدا ، هەوڵدەدەین  ستانداردە ئەکادیمییەکان کە کۆلێجێکی ئاست بەرز بەرهەم دەهێنن بپارێزین  بۆ ئەوەی دەرچووانمان توانایەکی باشیان هەبێت و زانیاری پێویستیان هەبێت بۆ دەستکەوتنی هەلی کارو برەودان بە پیشەکەیان لە داهاتوودا، دڵنیاین کە ئەم کۆلێجە خوێندنێکی هاوچەرخ وزانستی بۆ خوێندکرانمان دابیندەکات و یارمەتیان دەدات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان . سوپاس بۆ ئەو خوێندکارانەی کە هەڵبژاردنی کۆلێجی تەکنیکی هەڵەبجە وەک سەرەتای دەستپێکی خوێندنی باڵایانە.  ئێمە بەوپەڕی خۆشحاڵیەوە کاردەکەین بۆ ئەوەی لە جێی متمانەو چاوەڕوانی خوێندکاران و مامۆستایان و فەرمانبەراندا بین.


پ. ی. د. محمد سعید رشید
سەرپەرشتیاری کاروباری کۆلێج
ئیمەیل:dean.htc@spu.edu.iq

Back to top button