Back

ئامانجى بەشەكە دابین كردنى پسپۆرە لە بوارى میكانیك و دروستكردن بۆ هەردوو كەرتى گشتى و تایبەت لە كوردستان دا. بەشى ئەندازیارى میكانیك و دروستكردن ڕۆڵێكى گرنگى هەیە لە هەرێم و ناوچەكەدا لەبەر ئەوەى تایبەتە بە ئاشـناكردنى دەرچووانى بەش بە تەكنۆلۆجیاى نوێ لە بوارەكانی دروسـتكردن بە ڕێگاى جۆراوجۆر و گەیاندن بە بەكارهێنەر و دامەزراندن و بەگەڕخستنى هەموو ئەو كەرەستە و ئامێر و كەلوپەلە میكانیكانەی كە زۆر بە فراوانی ڕۆژانە بەكاردێن لە ماڵ و بازاڕ و كارگەكان, پاشان چۆنیەتى چاككردنیان لەكاتى بوونى كێشە یان شكان و لەكاركەوتن.

 

تێبینی مێژوویی:
بەشى ئەندازیارى میكانیك (بەرهەم هێنان و گشتى) وەكو یەكەمین بەش لە كۆلێجى تەكنیكى سلێمانى لە ساڵی (٢٠٠٣) دامەزرا. ئەم بەشە سەرەتا بە پسپۆرى ئەندازیارى لكاندن دەستى پێ كرد تا ساڵى خوێندنی(٢٠٠٥-٢٠٠٦) بۆ پێگەیاندنى ئەندازیارى پسپۆر لە بوارى تەكنۆلۆجیاى لكاندن كە بازاڕى كار پێویستى پێ بوو بۆ برەودان بە سێكتەرى نەوت و كارگەكان لە كوردستان دا. لە ساڵى خوێندنی (٢٠٠٦-٢٠٠٧) وە پاش گەشە كردنى پیشەسازى و بونیاد نانى دەیەها كارگەى جۆراو جۆر لە كوردستان دا، خواستى بازاڕى كار ،ئەو كاتەو وە تا ئێستاش بەردەوامە، بریتى بوو لە پێگەیاندنى ئەندازیاری پسپۆر لە بەرهەم هێنان بۆ بەگەڕ خستن و سەرپەرشتى كردنى هێڵەكانى بەرهەم هێنان لە كارگەكان دا.بۆیە پسپۆرى بەشـــەكە گۆڕا بـــۆ ئەندازیارى (بەرهەم هێنان و كانزاكان/ پسپۆرى بەرهەم هێنان). وە جارێكى تر وە بۆ وەڵامدانەوەى خواستى بازاڕى كار و فراوان بوونى پێویستى كۆمەڵگا، لە ساڵى خوێندنی(٢٠١٧-٢٠١٨) ناوى بەشەكە گۆڕا بۆ بەشى ئەندازیارى میكانیك كە دوو پسپۆرى لە خۆ دەگرت: بەرهەمهێنان و گشتى. لەئەنجامى پێشــكەوتنى خێراى تەكنۆلۆجیا و فراوان بوونى خواســتى بازاڕی كار و و داهاتنى میتۆدی نوێى دروسـتكردن هەروەها لە پێناو پێشـخستن و گۆڕانكارى لە بەشەكەدا و پتەوتركردنى پەیوەندی لەگەڵ بازاڕی كار ,جارێكى تر لە ســاڵى (٢٠٢٣) نوێكردنەوە لە بەشەكەدا ئەنجام درا و ناوەكەى گـۆڕا بۆ بەشى (ئەندازیارى میكانیك و دروستكردن) بە مەبەستى پێگەیاندنى ئەندازیارى پسپۆر لە بوارى میكانیك و دروستكردن بۆ پڕكردنەوەى پێداویستى بازاڕى كار وكارگەكان و فەرمانگە و دامەزراوە حكومیەكانى ناوچەكەو هەرێم.

هەلی كاركردن:

دەرچووانى پسپۆڕی ئەندازیارى میكانیك و دروستكردن شارەزا دەبن بەگشت هەنگاوەكانى ڕێگاكانى دروستكردنى ئاسایى و سەردەمیانەى وەك CNC و 3D Printing, لەگەل دیزاین بە بەكارهێنانى سۆفتوێری تایبەت، هەروەها ئاشنا بوون بە بەكارهێنانى كانزاكان و كەرەستەى وەك Composite materials تا دەگاتە ئیشپێكردن و چاككردنەوە. لەبەرئەوە دەرچووان دەتوانن هەڵبسن بە كارى جۆراو جۆر لە كارگە و فەرمانگە و دامەزراوە حكومی و نا حكومیەكانى ناوچەكەو هەرێم, سەرەرای تواناى دامەزراندن و بەرێوەبردنى بزنسى تایبەت بەخۆیان. بێجگە لەوانە دەرچووى ئەم بەشە شارەزا دەبێت لە پرۆسەى كۆنترۆڵى جۆرى، خەمڵاندنى تێچووى بەرهەم، بەشدارى كردن لە كاروبارى كارگێرى و سەرپەرشتى كردنى بەشەكانى میكانیك و بەگەڕخستنى ئامێرە میكانیكیە جیاوازەكان لە فەرمانگە و كارگە جیاجیاكان دا، ئەمەش سەرەڕاى تواناى چاككردن (صیانە) ى ئامێرە جیاجیاكان و ئۆتۆمبیل و كۆنترۆڵ كردنى ئیشەكانیان.

 

پەیوەندی