Back

بۆ یه‌كه‌مجار به‌ فه‌رمی هۆڵى تاقیكردنه‌وه‌ی ( IELTS ) له‌ زانكۆیه‌كی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێته‌وه‌

به‌ ئاماده‌بوونی وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ یه‌كه‌مجار به‌ فه‌رمی هۆڵى تاقیكردنه‌وه‌ی ( IELTS ) ی بریتش كاونسڵ له‌ سه‌نته‌ری زمانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی كرایه‌وه‌. ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 11\7\2016 له‌ رێوه‌ڕه‌سمێكدا به‌ ئاماده‌بوونى د. یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌ی زانستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و د. ئالان فه‌ره‌یدون سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و ژماره‌یه‌ك له‌ مامۆستایانی زانكۆ به‌ فه‌رمی هۆڵی تاقیكردنه‌وه‌ی ( IELTS ) ی بریتش كاونسڵ له‌ سه‌نته‌ری زمانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی كرایه‌وه‌. پاشان له‌ كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا د.ئالان فه‌ریدون سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی رایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ بۆ ڕاگه‌یاندنی كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌رى نێوده‌وڵه‌تی په‌ره‌پێدانی زمان و ڕێككه‌وتننامه‌ی نێوان زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی بریتش كاونسڵ بۆ ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌ی (IELTS) كۆبووینه‌ته‌وه‌. دواتر د. یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌ی زانستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ره‌ڕای خۆشحاڵی خۆی به‌ ئاماده‌بوونی له‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و كردنه‌وه‌ى هۆڵى تاقیكردنه‌وه‌ى (IELTS) له‌ سه‌نته‌رى زمانى ئینگلیزى زانكۆكه‌ وتى: ئه‌مڕۆ رۆژێكی گرنگه‌ بۆ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و بۆ شاری سلێمانی و هه‌رێمی كوردستانیش، ستایشی هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ده‌كه‌م له‌ وه‌رگرتنه‌ ره‌زامه‌ندى و كردنه‌وه‌ی هۆڵى تاقیكردنه‌وه‌ى (IELTS) ی بریتش كاونسڵ له‌ زانكۆكه‌دا چونكه‌ زمانی ئینگلیزی ڕۆڵیگی گه‌وری زانستی له‌سه‌ر ئاستی جیهان هه‌یه‌، ئه‌م سه‌نته‌ره‌ ده‌بێته‌ ناوه‌ندێكی گرنگی كه‌لتوری له‌ پایته‌ختی ڕۆشنبیری، بۆیه‌ ده‌ستخۆشی له‌ ستافی ئه‌م زانكۆیه‌ ده‌كه‌م كه‌ توانیان ئه‌م ڕیكه‌وتتنامه‌یه‌ رێكبخه‌ن. د. یوسف گۆران وتیشی: له‌ ئێستادا خۆیندكاران و ئاره‌زوومه‌ندان ده‌توانن ئه‌م سه‌نته‌ره‌ بكه‌نه‌ سه‌ره‌تایه‌كی به‌هێز بۆ به‌هێزكردنی زمانی ئینگلیزی خۆیان و بوونی ئه‌م سه‌نته‌ره‌ رۆڵی گه‌وره‌ی ده‌بێت كه‌ خوێندكاران و ئاره‌زوومه‌ندان جگه‌ له‌ فێربوونی زمانی ئینگلیزی پرۆژه‌ی دیكه‌یان هه‌بێت بۆ بوونیاتنانی توانیستی خۆیان چی له‌ بواری ئه‌كادیمی و چی له‌بواره‌كانی بازرگانی و ئیداریی … هتد، هه‌ر له‌ رێگه‌ی كردنه‌وه‌ی ئه‌م سه‌نته‌رانه‌وه‌ له‌ زانكۆكاندا هه‌وڵ ده‌ده‌ین زمانی ئینگلیزی بكه‌ینه‌ زمانی دووه‌م له‌ زانكۆ و په‌یمانگاكاندا. د.ئالان فه‌ره‌یدون سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكى سلێمانی له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا ڕێككه‌وتننامه‌ی نێوان زانكۆكه‌ی و بریتش كاونسڵ بۆ ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی (IELTS) له‌ سه‌نته‌رى زمانی زانكۆكه‌ خسته‌ڕوو وتی: ئه‌م ڕێكه‌وتننامه‌یه‌ له‌ ١٢/٦/٢٠١٦ چۆته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و له‌ سه‌ره‌تایی مانگی ئابه‌وه‌ بۆ یه‌كه‌مینجار تاقیكردنه‌وه‌ی زمانی ئینگلیزی ئه‌نجام ده‌درێت و سه‌نته‌ره‌كه‌ ده‌بێته‌ ناوه‌ندێكی گرنگ له‌ ناوچه‌كه‌دا بۆ ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌ی (IELTS) د.ئالان فه‌ریدون وتیشى: له‌ چوارچێوه‌ی ڕێكه‌وتننامه‌ی نێوان زانكۆی پۆلیته‌كینكی سلێمانی و بریتیش كاونسڵ، سه‌نته‌ری زمان له‌ ڕووی كوالیتی و پرۆگرامه‌وه‌ كۆرسی ئاماده‌كاری تاقیكردنه‌وه‌ی (IELTS) به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر سه‌رده‌میانه‌ و جیاواز ده‌كاته‌وه‌ ڕاسته‌وخۆ به‌سه‌رپه‌رشتی بریتیش كاونسڵ و له‌ هۆڵی ۆركشۆپ و تاقیگه‌ی زمانی سه‌نته‌ری زمان كۆرسه‌كان ده‌خوێنرێت، به‌پێی خاڵێكی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ش سه‌نته‌رى زمانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی دانپێدانراو له‌ وێب سایتی ڕه‌سمی (IELTS) (www.ielts.org) ئه‌ژمار ده‌كرێت، له‌ هه‌مان كاتدا بریتش كاونسڵ كه‌ره‌سته‌ و پڕۆگرامی تایبه‌ت به‌ كۆری ئاماده‌كاری (IELTS) بۆ سه‌نته‌رى زمانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی به‌بێ به‌رامبه‌ر دابین ده‌كات، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و كۆرسانه‌ی كه‌ تایبه‌ت به‌ئاماده‌كاری بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی (IELTS)، له‌ كۆتاییدا وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌ یاوه‌رى سه‌رۆكى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى به‌شه‌كان و هۆڵه‌كانی سه‌نته‌رى زمانی ئینگلیزییان به‌سه‌ركرده‌وه‌، كه‌ به‌شێوازێكی سه‌رده‌میانه‌ و به‌ كواڵیتێكی به‌رز جێبه‌جێكراون. (IELTS) بریتیه‌ له‌ تاقیكردنه‌وه‌ و دیاریكردنی توانستی زمانی ئینگلیزی فێرخوازان، ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌ یه‌كێكه‌ له‌ به‌ناوبانگترین تاقیكردنه‌وه‌كانی توانستی زمانی ئینگلیزی له‌ جیهاندا كه‌ بۆ خوێندنی باڵا و گه‌شت ئه‌نجام ده‌درێت، ساڵانه‌ له‌ جیهاندا به‌ میلیۆنان كه‌س ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌ له‌ (١٣٧) وڵاتی جیاواز ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile