Back

بازاڕی هیوا له‌پێناو نه‌خۆشخانه‌ی هیوا

له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا ژماره‌یه‌ك له‌ خۆبه‌خشانی نه‌خۆشخانه‌ی هیوا، به‌هاوكاری و به‌شدارى ژماره‌یه‌ك له‌ كۆمپانیاكانى خۆراك‌و بازرگانان، بازاری هیوایان راگه‌یاندن، كه‌ به‌شێك و داهاتێكی زۆری ئه‌م بازاره‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی هیوا ده‌بێت له‌ شاری سلێمانى. پ.ی.د.ئالان فه‌ره‌یدوون عه‌لی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانى رایگه‌یاند، به‌ناوى خۆم‌و ئه‌نجومه‌نی زانكۆمانه‌وه‌، داوا له‌سه‌رجه‌م مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی زانكۆكه‌مان ده‌كه‌ین كه‌ بۆ دابین كردنی پێداویستییه‌كانیان روو له‌و بازاره‌ بكه‌ن، چونكه‌ هه‌م پێداویستییه‌كانى خۆیانی لێدابین ده‌كه‌ن و هه‌میش به‌شدارده‌بن له‌ خه‌نده‌ خستنه‌ سه‌ر لێوی كه‌سانێك كه‌ هه‌ر كارێك بۆیان گه‌وره‌ترین هاوكاری مرۆیی‌و خێریشه‌. هه‌روه‌ها سه‌رۆكی زانكۆ ووتیشی، ده‌ستخۆشی خۆمان ئاراسته‌ی خۆبه‌خشان و به‌رێوه‌به‌رو فه‌رمانبه‌ران و پزیشكان و په‌رستاران و سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ شه‌و و رۆژیان خستۆته‌ سه‌ریه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی ژیان بۆ نه‌خۆشانێك بگه‌ڕێننه‌وه‌ كه‌ له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا بێ هیوابوون و به‌چاوی به‌زه‌ییه‌وه‌ سه‌یرده‌كرێن. د.ئالان فه‌ره‌یدوون رونیشیكرده‌وه‌، ئێمه‌ وه‌كو سه‌رۆكایه‌تی زانکۆمان له‌ ساڵی رابردوودا گه‌وره‌ترین كۆمه‌كمان بۆ نه‌خۆشانی منداڵ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی هیوا به‌ یارمه‌تی‌و هاوكاری منداڵپارێزی كوردستان كۆكرده‌وه‌، ئه‌مجاره‌ش له‌رێگه‌ی دابینكردنی پێداویستییه‌كانمانه‌وه‌ له‌و بازاڕه‌ دیسانه‌وه‌ پشتیوان ده‌بین بۆ ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌. جێی ئاماژه‌یه‌ بازاڕی هیوا له‌رۆژانی ٢٦/٦ تاوه‌كو ٢/٧، كاتژمێر ٦ ی ئێواره‌ بۆ ٢ ی شه‌و له‌كارگه‌ی جگه‌ره‌ی شاری سلێمانى كراوه‌ده‌بێت‌و پێشبینیش ده‌كرێت وه‌كو هه‌میشه‌ مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانى به‌شدارییه‌كی گه‌وره‌ بكه‌ن له‌ خزمه‌تكردنی نه‌خۆشخانه‌ی هیوا به‌ كڕینی كه‌لوپه‌له‌كانیان له‌و بازاره‌دا.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile