Back

چه‌ند تاقیگه‌یه‌كی زانستی سه‌رده‌میانه‌ له‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی دروست ده‌كرێت

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و کونسوڵی گشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی (پەرەپێدانی تەکنەلۆجیای ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان) کە بەبڕی (650,000) شەش سەدو پەنجا هەزار دۆلار جێبەجێ دەکرێت لە هەر سێ (زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پۆلیتەکنیکی سلێمانی و پۆلیتەکنیکی دهۆک) ڕاگەیاند. ڕاگەیاندنی ئەو پڕۆژەیە ڕێکەوتی (‏2023/1/30) لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هات، کە بەئامادەبوونی (د.ئارام محمەد قادر) وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و (ئێرڤن هیکس) کونسوڵی گشتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ژمارەیەک لە زانکۆکان و راوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتی لە وەزارەت بەڕێوەچوو. لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا سەرەتا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سوپاسی حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و باڵیۆز و کونسڵی ئەمریکای لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد، هەروەک سوپاسی ڕێکخراوی (USAID) ئەمریکی کرد بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژە گرنگە لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و هەمو ئەو ڕێکخراو و دامەزراوە و کەسایەتیانەش کرد، وتیشی: ئەم پڕۆژەیە بەبڕی (650,000) دۆلار لە هەر سێ زانکۆی ( پۆلیتەکنیکی هەولێر، پۆلیتەکنیکی سلێمانی و پۆلیتەکنیکی دهۆک) جێبەجێ دەکرێت، کە پێکدێت لە دروستکردنی (٩) نۆ تاقیگەی زانستی بەنوێترین ئامێری زانستی سەردەمیانە. د.ئارام محمد قادر ڕونیشکردەوە پڕۆژەکە هەنگاوێکی گرنگە بەئاراستەی بایەخدانی زیاتر بەگەنجان و لاوانی وڵاتەکەمان بۆ بەرزکردنەوەی توانا و کارامەییان لە بواری تەکنەلۆژیای زانیاری بەتایبەت لە بواری (تێلیکۆمیونیکەیشن) و (ئای تی) و (نێتۆرکینگ) ڕاهێنان بکەن و ئەو کارامەییانە فێربکرێن، کە بۆ بازاڕی کاری نێوخۆیی و نێودەوڵەتی گرنگن، ڕونیشکردەوە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە وەک بەشێک لە ڕێفۆرمی وەزارەتەکەمان لە بواری خوێندنی باڵا لێی دەڕوانین، چونکە پرۆگرامەکانی خوێندن لە زانکۆکانی کوردستان تا ڕادەیەک ناتوانن وەڵامی واقیعی ئەمڕۆ و بازاری کاری کوردستان بدەنەوە، بەڵام جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە دەبێتە پاڵپشتیەکی باش بۆ پێگەیاندنی دەرچووییەکی بەتوانا و خاوەن سکیڵ و کارامەیی، بەوەش دەتوانێت لە بازاری کار شوێنی خۆی بکاتەوەو دەرفەتی کار بەشێوەیەکی زۆر باش بەدەستبهێنێت. پاشان (ئێرڤن هیکس) کونسوڵی گشتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، لە وتەیەکدا سوپاسی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرد، ئینجا باسی لەلایەنە جیاکانی پڕۆژەکە کرد و ڕایگەیاند: ئەو تاقیگەیانەی لە زانکۆکان لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیە دروست دەکرێن دەبێتە وێستگەیەکی گرنگ بۆ یارمەتیدان و ڕاهێنانی قوتابیان و خوێندکاران بەشێوەیەکی سەردەمیانە، بەشێوەیەک دەتوانن کێبرکێ نەک تەنها لەسەر ئاستی کوردستان، بەڵکو لە بازاڕی جیهانیش کێبڕکێ بکەن و بناغەیەکی پتەو بۆ خەڵکی دیکە لە کوردستان دروست دەکات تا بەجیهانی دەرەوە لە ڕووی بازرگانی و کلتورییەوە ببەسترێتەوە.  
This shortcode LP Profile only use on the page Profile