Back

لە وەزارەتى خوێندنى باڵا، پڕۆژەى پەرەپێدانی تەکنەلۆجیای ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان بە بڕى (٦٥٠) هەزار دۆلار ڕاگەیەندرا

لە وەزارەتى خوێندنى باڵا، پڕۆژەى پەرەپێدانی تەکنەلۆجیای ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان بە بڕى (٦٥٠) هەزار دۆلار ڕاگەیەندرا. وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و کونسوڵی گشتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، پڕۆژەى (پەرەپێدانی تەکنەلۆجیای ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان) کە بە بڕى (650,000) شەش سەدو پەنجا هەزار دۆلار جێبەجێ دەکرێت لە هەر سێ (زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پۆلیتەکنیکى سلێمانی و پۆلیتەکنیکى دهۆک) ڕاگەیاند.

ڕاگەیاندنى ئەو پڕۆژەیە ئەمڕۆ دوشەممە ڕێکەوتى (‏2023/1/30) لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانەى کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا هات، کە بەئامادەبونى (د.ئارام محمەد قادر) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و (ئێرڤن هیکس) کونسوڵی گشتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و سەرۆکى ژمارەیەک لە زانکۆکان و راوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى لە وەزارەت بەڕێوەچوو.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا سەرەتا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سوپاسى حکومەتى ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا و باڵێۆز و کونسڵى ئەمریکاى لە عێراق و هەرێمى کوردستان کرد، هەروەک سوپاسى ڕێکخراوى (USAID) ئەمریکى کرد بۆ جێبەجێکردنى ئەو پڕۆژە گرنگە لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و هەمو ئەو ڕێکخراو و دامەزراوە و کەسایەتیانەش کرد، وتیشى ئەم پڕۆژەیە بە بڕى (650,000) شەش سەدو پەنجا هەزار دۆلار لە هەر سێ (زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پۆلیتەکنیکى سلێمانی و پۆلیتەکنیکى دهۆک) جێبەجێ دەکرێت، کە پێکدێت لە دروستکردنی (٩) نۆ تاقیگەی زانستی بەنوێترین ئامێرى زانستى سەردەمیانە، هاوکات بۆ هەریەک لەم تاقیگانە ڕاهێنانى تایبەت بەستافى نێوخۆیی و مامۆستایانى زانکۆکان دەکرێت بۆ ئەوەى بتوانن بەشێوەیەکى زانستى تاقیگەکان بۆ مەبەستى فێرکارى بەکاربهێنن.

د.ئارام محمد قادر ڕونیشکردەوە پڕۆژەکە هەنگاوێکى گرنگە بەئاراستەى بایەخدانى زیاتر بەگەنجان و لاوانى وڵاتەکەمان بۆ بەرزکردنەوەى توانا و کارامەییان لە بوارى تەکنەلۆژیاى زانیارى بەتایبەت لە بوارى (تێلیکۆمیونیکەیشن) و (ئاى تى) و (نێتۆرکینگ) ڕاهێنان بکەن و ئەو کارامەییانە فێربکرێن، کە بۆ بازاڕى کارى نێوخۆیی و نێودەوڵەتى گرنگن، ڕونیشکردەوە جێبەجێکردنى ئەم پڕۆژەیە وەک بەشێک لە ڕێفۆرمى وەزارەتەکەمان لە بوارى خوێندنى باڵا لێى دەڕوانین، چونکە پرۆگرامەکانى خوێندن لە زانکۆکانى کوردستان تا ڕادەیەک ناتوانن وەڵامى واقیعى ئەمڕۆ و بازارى کارى کوردستان بدەنەوە، بەڵام جێبەجێکردنى ئەم پڕۆژە دەبێتە پاڵپشتیەکى باش بۆ پێگەیاندنى دەرچویەکى بەتوانا و خاوەن سکیڵ و کارامەیی، بەوەش دەتوانێ لە بازارى کار شوێنى خۆى بکاتەوەو دەرفەتى کار بەشێوەیەکى زۆر باش بەدەستبهێنێت.

سەبارەت بەپرۆگرامەکانى خوێندنى ئەم تاقیگەکانە، د. ئارام محمد قادر ئاشکرایکرد کە پرۆگرامەکان بەشێوەیەکى ستاندارد بەهەماهەنگى نێوان زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکانى کوردستان و هاوبەشەکانمان لە ئەمریکا و کەرتى تایبەت و کەرتى پیشەسازى دادەڕێژرێن و بەشێوەیەکى بەردەوامیش نوێ دەکرێتەوە. وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەشێکى دیکەى قسەکانى تەرخانکرد بۆ خوێندنى پێشەیی و هەوڵەکانى وەزارەتەکەى بەو ئاراستەیە، لە کۆتایشدا تەئکیدى لە بەردەوامیدانى پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتى ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا و ڕێکخراو و دامەزراوە زانستیەکانى ئەو وڵاتە کردەوە بۆ پەرەپێدانى زیاتر بەخوێندنى پیشەیی لە کوردستان، لە پێناو پێگەیاندنى گەنج و نەوەیەکى هۆشیار.

پاشان (ئێرڤن هیکس) کونسوڵی گشتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، لە وتەیەکدا سوپاسى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد، ئینجا باسى لەلایەنە جیاکانى پڕۆژەکە کرد و ڕایگەیاند: ئەو تاقیگەیانەى لە زانکۆکان لە چوارچێوەى ئەم پڕۆژەیە دروست دەکرێن دەبێتە وێستگەیەکى گرنگ بۆ یارمەتیدان و ڕاهێنانى قوتابیان و خوێندکاران بەشێوەیەکى سەردەمیانە، بەشێوەیەک دەتوانن کێبرکێ نەک تەنها لەسەر ئاستى کوردستان، بەڵکو لە بازاڕى جیهانیش کێبڕکێ بکەن و بناغەیەکى پتەو بۆ خەڵکى دیکە لە کوردستان دروست دەکات تا بەجیهانى دەرەوە لە ڕووى بازرگانى و کەلتوریەوە ببەسترێتەوە، دوپاتیشیکردەوە جێبەجێکردنى ئەو پڕۆژەیە پابەندوبونى وڵاتەکەیان بۆ پشتیوانیکردنى کەرتى خوێندن لە هەرێمى کوردستان و عێراق نیشان دەدات، لەهەمانکاتدا ئاماژەیەکیشە بۆ فراوانکردنى ئاستى پەیوەندییەکانیان لە ڕوى بازرگانى و وەبەرهێنان.

لە کۆتایدا کونسوڵی گشتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان سوپاسى هەوڵەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان و زانکۆکان کرد، هەروەک سوپاسى ڕێکخراوى ئایرێکس و کۆلێجى تێنسى بۆ تەکنەلۆجیا لە ئەمریکا کرد، کە بەپاڵپشتى دارایی ئەمریکا جێبەجێکردنى پڕۆژەکەیان لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان گرتە ئەستۆ.