Back

خوێندكاران له‌ رێگه‌ى وۆركشۆپه‌وه‌ زانیارییان پێده‌درێت چۆن كار به‌ده‌ستبهێنن

له‌ زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى وۆركشۆپێك بۆ راهێنانى ئه‌و خوێندكارانه‌ى مه‌شقى هاوینه‌یان هه‌یه‌ له‌ كه‌رتى تایبه‌ت سازده‌كرێت. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى به‌ركارخستن و راهێنانى ته‌كنیكى و پیشه‌یی له‌ سه‌رۆكایه‌تى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 19/6/2016 له‌ هۆڵى پیره‌مێرد وۆركشۆپێكى به‌ناوى ( ئه‌و خوێندكارانه‌ى مه‌شقى هاوینه‌یان هه‌یه‌ له‌ كه‌رتى تایبه‌ت ) بۆ ژماره‌یه‌ك خوێندكار رێكخست، له‌ رێگه‌ى چوار مامۆستاى به‌ ئه‌زموونه‌وه‌ كه‌ له‌ (م. به‌ناز نورى، م.سه‌رخێَڵ سیروان، د.رۆژین كه‌مال و م.ئارى عه‌باس) پێكهاتبوون چه‌ندین راهێنان و زانیارییان له‌ بواره‌كانى ( هونه‌رى چاوپێكه‌وتن، نووسینى CV ، ئه‌ته‌كێت، هونه‌رى وه‌ڵامدانه‌وه‌ و ئه‌رك و به‌رپرسیارێتى له‌ كه‌رتى تایبه‌ت)دا به‌ خوێندكاران دا. سه‌باره‌ت به‌ ئامانجى وۆركشۆپه‌كه‌ مامۆستا به‌ناز نورى وتى: به‌مه‌به‌ستى ده‌ستپێشخه‌رى و هه‌نگاونان به‌ره‌و كه‌رتى تایبه‌ت و خاوه‌ندارێتى كار ئه‌و خوله‌مان بۆ خوێندكاران كردۆته‌وه‌ تاوه‌كو دواى به‌ده‌ستهێنانى بڕوانامه‌ى خوێند بتوانن له‌ كه‌رتى تایبه‌تدا كار به‌ده‌ستبهێنن و سوود له‌ تواناكانیان وه‌ربگیرێت. مامۆستا سه‌رخێڵ سیروان ئاماژه‌ى به‌ گرنگى نووسینى CV ى كرد كه‌ كلیلى به‌ده‌ستهێنانى كاره‌ بۆیه‌ پێویسته‌ گرنگییه‌كى تایبه‌تى پێبدرێت و زانیارییه‌كانى وه‌كو پێویست تێدا بنووسرێت كه‌ له‌ ماوه‌ى كه‌متر له‌ 10 چركه‌دا وێنه‌ى كه‌سه‌كه‌ بۆ ئه‌و كاره‌ى پێشكه‌شی ده‌كات به‌رجه‌سته‌ ببێت. مامۆستا سه‌رخێڵ سیروان وتیشى: له‌ نووسینى CV دا پێویسته‌ له‌ دواى ناوى سیانى و ژماره‌ى ته‌له‌فۆن و ئیمه‌یڵ، شاره‌زایى ئه‌و كه‌سه‌ بنووسرێت كه‌ له‌و بواره‌دا ده‌یه‌وێت كار بكات و هه‌روه‌ها تائێستا چى به‌ده‌ستهێناوه‌، دواتر ئه‌و بڕوانامه‌ و ئه‌زموون و كارانه‌‌ بنووسێت كه‌ پێشووتر به‌ده‌ستیهێناون و شاره‌زایی تێیاندا هه‌یه‌. خوێندكارانى به‌شداربوو به‌ گرنگییه‌وه‌ له‌ وۆركشۆكه‌ ده‌ڕوانن و داوا ده‌كه‌ن گرنگى زیاتر به‌م جۆره‌ خولانه‌ بدرێت تاوه‌كو بتوانن له‌ كه‌رته‌ تایبه‌ته‌كاندا كار به‌ده‌ستبهێنن.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile