Back

سه‌ره‌ڕای قه‌یرانه‌كان توانیمان ساڵێكی خوێندنی پڕ له‌ به‌رهه‌م به‌رێبكه‌ین

له‌میانی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی كۆلێج و په‌یمانگا ته‌كنیكییه‌كانى سلێمانیدا، د.ئالان فه‌ره‌یدوون سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانى، په‌یامێكی ئاراسته‌ی مامۆستایان‌و خوێندكارانی سه‌ر به‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانى كردو رایگه‌یاند، ئه‌وه‌ بۆ چه‌ند ساڵێك ده‌چێت به‌هۆی قه‌یرانه‌كانى هه‌رێمه‌وه‌، ناتوانین كارنامه‌و به‌رنامه‌كانمان وه‌كو خۆی جێبه‌جێ بكه‌ین، هه‌روه‌ك تاڕاده‌یه‌كیش كاریگه‌رییان له‌سه‌ر پرۆسه‌ی زانست‌و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی مامۆستایان‌و خوێندكاران كردووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی مایه‌ی دڵخۆشی‌و سه‌ربه‌رزییه‌ بۆ منیش‌و سه‌رجه‌م مامۆستایان‌و خوێندكاران‌و فه‌رمانبه‌رانی زانكۆمان ئه‌وه‌یه‌ كه‌، ئێمه‌ به‌هیچ جۆرێك بایكۆتی یه‌كجاره‌كی پرۆسه‌ی خوێندنمان وه‌كو زانكۆكانی دیكه‌ی كوردستان نه‌كردو نه‌مانهێشت نه‌وه‌كانى ئاینده‌ی ئه‌م هه‌رێمه‌ بێبه‌شبن له‌خوێندن، كه‌ بۆ ئه‌مه‌ش به‌گه‌رمی سوپاس‌و ده‌ستخۆشی خۆمان ئاراسته‌ی مامۆستایان‌و فه‌رمانبه‌ران ده‌كه‌ین. له‌میانی به‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی خوێندكارانیشدا له‌هۆڵه‌كانى تاقیكردنه‌وه‌كان، سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانى رایگه‌یاند، ئێمه‌ به‌هه‌موو توانایه‌كمانه‌وه‌ هه‌وڵماندا هۆڵه‌كانى خوێندن دووربخه‌ینه‌وه‌ له‌پرس‌و گرفته‌ سیاسی‌و داراییه‌كانى هه‌رێم‌و هه‌رواشمان كرد‌و دواشنه‌كه‌وتین، هه‌ر بۆیه‌ لێره‌وه‌ به‌ئێوه‌ی هه‌ڵگرانی مه‌شخه‌ڵی زانست ده‌ڵێم، به‌رده‌وامبن‌و هه‌میشه‌ با زانست رێنیشانده‌رتانبێت‌و قه‌ڵه‌م چه‌كی ده‌ستتانبێت. هه‌روه‌ها د.ئالان فه‌ره‌یدوون سه‌ردانی خوێندكاران‌و مامۆستایانی كه‌مپی كۆلێژه‌ ته‌كنیكییه‌كانى سلێمانى له‌چوارچرا كرد‌و ووتی، كورسی ده‌سه‌ڵات‌و ده‌سه‌ڵاتی به‌رێوه‌بردن‌و قه‌یرانه‌ سیاسییه‌كان‌و گرفته‌ دارایی‌و ئابوورییه‌كان، له‌هیچ سه‌رده‌مێكدا ره‌وره‌وه‌ی زانست‌و نوێگه‌ری‌و سه‌ركه‌وتنی نه‌ته‌وه‌و ئازادییان نه‌وه‌ستاندووه‌، هه‌ربۆیه‌ له‌ئێستاشدا ناتوانێت بیوه‌ستێنێت، ئێوه‌ش وه‌كو مامۆستاو خوێندكارو فه‌رمانبه‌رانی زانكۆكه‌مان به‌بایكۆت نه‌كردن‌و به‌رده‌وامیتان ئه‌وه‌تان بۆ هه‌مووان سه‌لماند. له‌كۆتایی سه‌ردانه‌كه‌شیدا د.ئالان فه‌ره‌یدوون سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانى رایگه‌یاند، هیوادارم خوێندكارانمان به‌ئاستێكی باشه‌وه‌ قۆناغی خوێندنی ئه‌مساڵیان ببڕن‌و ئێمه‌ش به‌ڵێنیان پێده‌ده‌ین كه‌ هه‌میشه‌ له‌هه‌وڵی به‌رده‌وامدا ده‌بین بۆ خستنه‌به‌رده‌ستی پێداویستیه‌كانیان‌و پێشخستنی توانا زانستی‌و ئه‌كادیمییه‌كانیان.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile