Back

كارەبای هەمیشەیی دەگەیەنرێتە كەمپی كۆلێجە تەكنیكییەكانی زانکۆ لە چوارچرا

لە چواچێوەی ستراتیجی کارکردنی دەستەی نوێی ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و خزمەتکردنی خوێندکاران و مامۆستایان و فەرمانبەرانەوە هەر لەو ڕوانگەیەوە لەسەرەتای مانگی تەموزی ٢٠٢٢ەوە پلانی پێویست دانراوە بۆ زیاتر خزمەتکردنی خوێندکاران لە دابینکردنی پێداویستی هۆڵ و تاقیگەکان و پێداویستیەکانی بەشەناوخۆییەکان، وە یەکێک لەو بەڵێنانەی زانکۆ گەیاندنی کارەبای نیشتمانی بەردەوام بوو بۆ کەمپی کۆلێجە تەکنیکیەکانی چوارچرا کە بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە خزمەتێکی گەورە بە خوێندکاران و مامۆستایان و فەرمانبەران دەگەیەنێت بە تایبەتیش خوێندکارانی بەشەناوخۆییەکان. ئامانجی گەورەی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیەش گەڕانەوەی ئەو خەرجییە زەبەلاحەیە کە ساڵانی ڕابردوو لە کڕینی گاز بۆ مۆلیدەکانی ئەو کەمپەدا خەرجکراوە، هەروەها خزمەتێکی گەورەش بەپاک ڕاگرتنی ژینگە دەگەیەنێت کە چیتر دوکەڵی مۆلیدە و بەرزی دەنگی کارپێکردنی مۆلیدەکان کاریگەری نەرێنی نەخەنە سەر خوێندکاران و ژینگە، بۆیە لەسەر بودجەی سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنكی سلێمانی و بەهاوكاری بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی كارەبای سلێمانی، كارەبای هەمیشەیی دەگەیەنرێتە، كەمپی كۆلێجە تەكنیكییەكانی زانکۆ لە چوارچرا. لەوبارەیەوە ئەندازیار (باكۆ كامەران) سەرپەرشتیاری پرۆژەكە روونیكردەوە، پڕۆژەكە بەدرێژایی نزیكەی (دوو كیلۆمەتر) جێبەجێ دەكرێت وە دەرخستەکەی بە سوپاسەوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی ئامادەکراوە و بودجەی پڕۆژەکەش نزیکەی ٢٠٣ ملیۆن دینارە کە لەسەر داهاتی زانکۆ دابینکراوە و ئیدی گرفتی كارەبا بڕان و خەرجی گاز و ڕۆنی مۆلیدەو مەترسی خەزانی گازەکان لەكەمپەكەدا نامێنێت، كە ئێمە بەمەترسی دەزانین. سەبارەت بەگرنگی پرۆژەكەو گەڕانەوەی خەرجییەكی زۆر بۆ حكومەت ئەندازیار باكۆ كامەران وتی: بەپێی ئەو دیراسەیەی كە كراوە لەماوەی حەوت مانگدا خەرجی گاز و ڕۆن و خەرجی چاككردنەوەی مۆلیدە لە ساڵی خوێندنی ٢٠٢١-٢٠٢٢ زیاتر لە (٧٢٠) ملیۆن دینار بووە، بەڵام بە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە ئەو خەرجیانە دەگەڕێتەوە خەزێنەی حکومەت وە بۆ خزمەتگوزاری پێویست بەکاردەهێنرێت و بەهەدەردان ناهێڵدرێت و ئەم پڕۆژەیەش لە قۆناغی کۆتاییدایە و لە نزیکترین کاتدا تەواو دەبێت.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile