Back

ده‌رچووانی زانكۆ و په‌یمانگاكان… چاوه‌ڕوانییه‌ك به‌تامی نائومێدی

له‌ میانى به‌ڕێوه‌چوونى ئاهه‌نگى بیست و شه‌شه‌مینى خولى ده‌رچوونى سه‌رجه‌م كۆلیج و په‌یمانگا ته‌كنییه‌كانى سه‌ر به‌ زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى كه‌ له‌ هۆڵی ته‌لاری هونه‌ر له‌ شاری سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو، خوێندكاره‌ ده‌رچووه‌كان داواكاربوون له‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان هه‌لى كاریان بۆ بڕه‌خسێنن تاكو بتوانن به‌پێی شایسته‌ییان خزمه‌ت به‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌یان بكه‌ن. خوێندكارانى ده‌رچوو سه‌ره‌ڕای ده‌ربڕینى خۆشحاڵیان سه‌باره‌ت به‌ وه‌رگرتنى بڕوانامه‌ و ته‌واوكردنى پرۆسه‌ى خوێندن به‌ سه‌ركه‌وتوویی، به‌ڵام بێ ئومێدن له‌باره‌ى دامه‌زراندنیان له‌ داموده‌زگاكانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا، پێشیانواییه‌ به‌ چالاككردنى كه‌رته‌ تایبه‌ته‌كان ده‌توانرێت هه‌لى كاریان بۆ ده‌ستبه‌ر بكرێت و تواناكانیان به‌رجه‌سته‌ بكرێت، له‌و باره‌یه‌وه‌ خوێندكار هه‌ڵوان جه‌لال ده‌رچووى به‌شى ته‌كنیكى كارگێڕى داواكاره‌ له‌ حكومه‌ت كه‌رته‌ تایبه‌ته‌كان چالاك بكات بۆئه‌وه‌ى له‌ كه‌رتى تایبه‌تدا بتوانرێت هه‌لى كار بۆ خوێندكاره‌ ده‌رچووه‌كان بڕه‌خسێت، داواش له‌ وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا ده‌كات له‌پێناو به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى زانستى خوێندكاران ساڵانه‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ پرۆگرامه‌كانى خوێندندا بكات. خوێندكارێكى ترى ده‌رچووى كارگێڕى سه‌رچاوه‌ مرۆییه‌كان ئومێده‌واره‌ ئه‌و ره‌نجه‌ى چه‌ند ساڵى خوێندنیان به‌فیڕۆ نه‌چێت و بتوانن له‌ بواره‌كه‌ى خۆیاندا خزمه‌ت بكه‌ن. زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى له‌ پێنج كۆلێجى پسپۆڕ له‌ بواره‌كانى ئه‌ندازیارى و كارگێڕى و ئینفۆرماتیك و ته‌ندروستى و كشتوكاڵى و هه‌روه‌ها له‌ هه‌شت په‌یمانگاى ته‌كنیكى پێكدێت، زیاتر له‌ 14 هه‌زار خوێندكارى له‌خۆگرتووه‌ و خاوه‌نى زیاتر له‌ 500 مامۆستاى هه‌ڵگرى بڕوانامه‌ى ماسته‌ر و دكتۆرایه‌ و به‌سه‌ر دوو كامپى زانكۆیی دابه‌شبووه‌ له‌ هه‌ردوو پارێزگاى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌. خوێندكارێكی ده‌رچووی دیكه‌ به‌ناوی شێنێ عوسمان ده‌رچووى په‌یمانگاى ته‌كنیكى سلێمانى به‌شى راگه‌یاندن پێشنیار بۆ خوێندكاره‌ هاوڕێكانى ده‌كات ته‌نیا چاوه‌ڕوانى دامه‌زراندن نه‌بن له‌ داموده‌زگاكانى حكومه‌تدا، به‌ڵكو پێویسته‌ به‌پێى ئه‌و زانسته‌ى فێربوون له‌ كه‌رته‌ تایبه‌ته‌كاندا جێگه‌ى خۆیان بكه‌نه‌وه‌. هه‌روه‌ها یه‌كێكی تر له‌ خوێندكاره‌ ده‌رچووه‌كانى به‌شى تیشك له‌ په‌یمانگاى ته‌كنیكى سلێمانى پێشنیار ده‌كات حكومه‌تى هه‌رێم كه‌رتى تایبه‌ت بكاته‌وه‌ بۆ به‌شه‌پزیشكییه‌كان و ژمێریارى و ئه‌و به‌شانه‌ى كه‌ ده‌توانن له‌ ده‌ره‌وه‌ى داماموده‌زگاكانى حكومه‌ت كار بكه‌ن. قه‌یرانى دارایی و سیاسى له‌ ناوچه‌كه‌ و نه‌بوونى بودجه‌ى پێویست بووه‌ هۆى دواكه‌وتنى ئاهه‌نگه‌كانى خولى ده‌رچوونى خوێندكاران، هه‌روه‌ها بارگرانییه‌كه‌ى دیكه‌ى له‌سه‌ر شانى كه‌سوكارى خوێندكارانیش دروستكردووه‌.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile