Back

ئاهه‌نگی ده‌رچووانی خولی 33هه‌مینی خوێندكارانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی بۆ ڕۆژی دووه‌م به‌ڕێوه‌چوو

به‌چاودێری د.ئارام محمد قادر وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی و به‌سه‌رپه‌رشتی پ.ی.د.هوشیار عه‌بدوڵا عه‌زیز سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و بەئامادەبوونی یاریده‌ده‌رانی سه‌رۆكی زانكۆو ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌رۆكی زانكۆكان و به‌رپرسانی حكومی و حزبی و مامۆستایان و خوێندكاران، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 25 ی كانونی یه‌كه‌می 2022ز ئاهه‌نگی پۆلێكیتر له‌ ده‌رچووانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی بۆ ڕۆژی دووه‌م له‌هۆڵی ته‌لاری هونه‌ر له‌شاری سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو. سه‌ره‌تای ئاهه‌نگه‌كه‌ به‌ساتێك وه‌ستان و بێده‌نگی بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی ڕێگای ڕزگاری كوردستان و ڕیگای زانست له‌گه‌ڵ سروودی ئه‌ی ڕه‌قیب ده‌ستیپێكرد، پاشان پ.ی.د.هوشیار عه‌بدوڵا عه‌زیز سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له‌ وته‌یه‌كدا پیرۆزبایی خۆی و ئه‌نجومه‌نی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له‌ خوێندكارانی سه‌ركه‌وتوو كه‌سوكاریان كردو ڕایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ ئه‌و ڕۆژه‌یه‌ كه‌ ئێوه‌ چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ن و جێگای سه‌ربه‌رزی و شانازیتانه‌و پێویسته شانازی به‌خۆتانه‌وه‌ بكه‌ن و ئومێدتان زۆربێت كه‌ ببنه‌ خاوه‌ن كار. سه‌رۆكی زانكۆ ڕایگه‌یاند: پێویسته‌ زانکۆکان تەنها ئامانجیان پێدانی بڕوانامە نەبێت، تەنها شانازی کردن نەبێت بەژمارەی دەرچووان و پێگەمان لەریزبەندییەکان، بەڵكو ئێمە دەبێت زانکۆکانمان و ناوەندە ئەکادیمییەکانمان لەگەڵ دونیای پێشکەوتووی ئەمڕۆدا بگونجێنین و زانکۆکان و بازاڕی کار لەسەر یەک ئامانج کۆبکەینەوە، ئەویش پێشکەوتنی کۆمەڵگەو دەستخستنی هەلی کارو پێشخستنی ئاستی زانستی زانکۆکان و مامۆستایان و خوێندکارانمانە. له‌درێژه‌ی ووته‌كه‌یدا سه‌رۆكی زانكۆ ووتی جێی خۆشحاڵی و شانازیمانه‌ ئه‌مڕۆ (33)هه‌مین خولی ده‌رچووانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ئه‌نجامده‌ده‌ین و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌خوێندكاران بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس و دبلۆم له‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی وه‌رده‌گرن و ده‌بنه‌ كادرێكی پێشكه‌وتووی نێو بواره‌ جیاوازه‌كان چونكه‌ زانكۆكه‌تان هه‌میشه‌ له‌هه‌وڵی كردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌شه‌ زانستیانه‌دا بووه‌ كه‌ داهاتووییه‌كی پرشنگدار بۆ ده‌رچوان ده‌سته‌به‌ر ده‌كات و ده‌بنه‌ خاوه‌نی كارو پرۆژه‌ی تایبه‌ت. پ.ی.د.هوشیار عه‌بدوڵا عه‌زیز سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ڕایگه‌یاند ئێمە لەزانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ئێستا بەدوای بەدیهێنانی خەونێکەوەین کە پێمان وایە بەدیهێنانی گۆڕانکاری گەورە دروستدەکات و دەبینە هۆکاری پێشکەوتنی کۆمەڵگەو سەربەرزی بۆ خۆمان و مامۆستایان و خوێندکارانمان، ئەویش زیاترو زۆرتر بەکرداری کردنی وانەکان و خۆگونجاندنمانە لەگەڵ پێویستی بازاڕی کار، بۆ ئەو مەبەستەش ماندوونابین و لە هەوڵەکانمان بەردەوامدەبین، هەموومان وەکو یەک تیم و پێکەوە خەونە گەورەکانی ئێوەی خوێندکارو خۆمان بەدیدەهێنین و ناوەستین تا سەردەکەوین. سه‌رۆكی زانكۆ ئاماژه‌یكرد به‌وه‌ی ساڵ به‌ساڵ له‌ڕیزبه‌ندی زانكۆكانداو له‌ڕانكینگی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا زانكۆمان ئاستێكی باش و دڵخۆشكه‌ری بڕیووه‌ كه‌ئه‌مه‌ش بێگومان بۆ دڵسۆزی و شه‌ونخونی مامۆستایان وفه‌رمانبه‌ران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌ ئه‌نجامدانی چه‌ندین كۆنفرانس و وۆركشۆپ و سیمینارو توێژینه‌وهی زانستی ‌و چالاكی زانستی. له‌كۆتایی وته‌كه‌یدا سوپاسی خۆی ئه‌نجومه‌نی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی گه‌یانده‌ لیژنه‌ی سه‌رپه‌رشتی ئاهه‌نگی ده‌رچووان و گشت ڕاگرو مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران كه‌ سه‌رجه‌میان لێبڕاوانه‌ كاریان بۆ سه‌رخستنی زانست و خوێندن كردوه‌ و دوپاتی كرده‌وه‌ كه‌ زانكۆ درێژه‌ به‌كاروانی خزمه‌تكردنی زانست و خوێندنی ته‌كنیكی ده‌دات و هه‌رچی له‌توانایاندا بێت درێغی ناكه‌ن. پاشان له‌لایه‌ن نوێنه‌ری خوێندكارانه‌وه‌ وتاری خوێندكاره‌ ده‌رچووه‌كان خوێنرایه‌وه‌و پیرۆزبایی لە دەرچووانی خولی (33)هەمینی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی كردو دەستخۆشیان لە وەزارەتی خوێندنی بـاڵا و توێژینەوەی زانستی و سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و سەرجەم مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران كرد كه‌ پاڵپشتیان بوون بۆ گه‌یشتنیان به‌دواساته‌كانی خوێندن و به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌. ڕایگه‌یاند كه‌ئێمەی خوێندكارانیش ئەركی سـەرشانمانە بەوەفابین بەرامبەر بە گەل و ووڵات بۆئەوەی لە داهاتوودا هەریەكەمان بـەپێی پسپۆڕی و شارەزایی خۆمان خزمەت بە گەل و نیشتمان بكەین. هاتنه‌ناوه‌وه‌ی كه‌ژاوه‌ی ئاڵای حكومه‌تی عێراقی فیدراڵ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی و ‌زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و 13 كۆلێج و په‌یمانگای سه‌ر به‌زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له‌گه‌ڵ سروودی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ده‌ستیپێكرد و دوابه‌دوای ئه‌وه‌ش‌ سه‌رۆكی زانكۆو ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی به‌ ڕێوڕه‌سم له‌سه‌ر سه‌كۆی ئاهه‌نگی ده‌رچووان ئاماده‌بوون. له‌ مه‌راسیمی ئاهه‌نگی ده‌رچووانی خولی 33هه‌مینی خوێندكارانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له‌لایه‌ن د.به‌ختیار عوبه‌ید شه‌ریف یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری خوێندكاران، سوێندی یاسایی خوێنرایه‌وه‌و له‌لایه‌ن خوێندكارانه‌وه‌ به‌ده‌نگی به‌رز ووترایه‌وه‌ كه‌ دڵسۆزبن بۆ كارو پیشه‌كه‌یان و خاكی هه‌رێمی كوردستان، دوابه‌دوای ئه‌وه‌ له‌لایه‌ن هه‌ریه‌كه‌ له‌ ڕاگرانی هه‌ر 13 كۆلیج و په‌یمانگاكه‌ی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی داوا له‌ سه‌رۆكی زانكۆ كرا كه‌ بڕوانامه‌ی شایسته‌ به‌پێی پسپۆرییه‌ جیاوازه‌كان ببه‌خشن به‌ خوێندكاره‌ ده‌رچووه‌كان، پاشان پ.ی.د.هوشیار عه‌بدوڵا عه‌زیز سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ڕەزامەندی دەربڕی به‌ به‌خشینی بڕوانامه‌ی ده‌رچوون به‌ خوێندكارانی سه‌رجه‌م كۆلێج و په‌یمانگاكانی زانكۆ بۆ ساڵی خوێندنی 2021-2022. پاشان دابەشکردنی خەڵات و دیاری بەسەر خوێندکارە سەرکەوتووەکاندا (یه‌كه‌م و دووه‌م و سێهه‌م) به‌ڕێوه‌چوو کە بە سوپاسەوە دیارییەکان لەلایەن کۆمپانیاکانی مایۆرکا (مەریوان حاجی جمال) و المجازف (فائق نوری جاسم) و بروسکە (سەردار احمد صاڵح) دابینکراوەو له‌لایه‌ن سه‌رۆكی زانكۆو یاریده‌ده‌رانییه‌وه‌ به‌خشرایه‌ خوێندكاران. ئه‌مڕۆش 25 ی كانونی یه‌كه‌می 2022 ئاهەنگی دەرچوونی خوێندکارانی (كۆلێجی ته‌كنیكی زانسته‌ پراكتیكییه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌،كۆلێجی ته‌كنیكی كه‌لار،په‌یمانگای ته‌كنیكی هه‌ڵه‌بجه، په‌یمانگای ته‌كنیكی ده‌ربه‌ندیخان،په‌یمانگای ته‌كنیكی به‌كره‌جۆ،په‌یمانگای زانستی كۆمپیوته‌ر،په‌یمانگای ته‌كنیكی چه‌مچه‌ماڵ،په‌یمانگای ته‌كنیكی دوكان)‌ به‌ڕیوه‌چوو. له‌كۆتایی ڕێوڕه‌سمه‌كهی ئه‌مڕۆ‌دا له‌گه‌ڵ ئاوازو گۆرانی شادی كوردیدا خوێندكاران به‌هه‌ڵپه‌ڕكێ خۆشییه‌كانی خۆیان ده‌ربڕی. شایانی باسە ڕێوڕەسمی دەرچووانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە 24و25ی كانونی یه‌كه‌می 2022 لەهۆڵی تەلاری هونەر بەڕێوەچوو، كه‌ له‌ ڕۆژی یەکەمدا ئاهەنگی دەرچوونی خوێندکارانی( كۆلێجی ته‌كنیكی ئه‌ندازیاری،كۆلێجی ته‌كنیكی ته‌ندروستی و پزیشكی،كۆلێجی ته‌كنیكی ئینفۆرماتیك،كۆلێجی ته‌كنیكی كارگێڕی، په‌یمانگای ته‌كنیكی سلێمانی) به‌ڕێوه‌چوو، له‌ رۆژی دووه‌م و كۆتاییدا ئاهەنگی دەرچوونی خوێندکارانی (كۆلێجی ته‌كنیكی زانسته‌ پراكتیكییه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌،كۆلێجی ته‌كنیكی كه‌لار،په‌یمانگای ته‌كنیكی هه‌ڵه‌بجه، په‌یمانگای ته‌كنیكی ده‌ربه‌ندیخان،په‌یمانگای ته‌كنیكی به‌كره‌جۆ،په‌یمانگای زانستی كۆمپیوته‌ر،په‌یمانگای ته‌كنیكی چه‌مچه‌ماڵ،په‌یمانگای ته‌كنیكی دوكان)‌ به‌ڕیوه‌چوو.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile