Back

ئاهه‌نگی ده‌رچووانی خولی 33هه‌مینی خوێندكارانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی به‌ڕێوه‌ده‌چێت

به‌چاودێری د.ئارام محمد قادر وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی و به‌سه‌رپه‌رشتی پ.ی.د.هوشیار عه‌بدوڵا عه‌زیز سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و بەئامادەبوونی د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و باڵیۆز د.محمد صابرو ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانتارانی لیستی سه‌و‌ز له‌په‌رله‌مانی عێراق و كوردستان و سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانی و نوێنه‌ری ژماره‌یه‌ك ده‌زگای حزبی و حكومی و یاریده‌ده‌رانی سه‌رۆكی زانكۆو مامۆستایان و خوێندكاران، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 24 ی كانونی یه‌كه‌می 2022ز ئاهه‌نگی پۆلێكیتر له‌ده‌رچوانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

سه‌ره‌تای ئاهه‌نگه‌كه‌ به‌ساتێك وه‌ستان و بێده‌نگی بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی ڕێگای ڕزگاری كوردستان و ڕیگای زانست له‌گه‌ڵ سروودی ئه‌ی ڕه‌قیب ده‌ستیپێكرد.

د.ئارام محمد قادر وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ووته‌ی خۆی پێشكه‌شكردو پیرۆزبایی خۆی له‌ خوێندكارانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی كردو هیوای داهاتوویه‌كی گه‌شی بۆ خواستن و خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی به‌ئاماده‌بوونی له‌شاری هه‌لمه‌ت و قوربانی، له‌ ووته‌كه‌یدا وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ئاماژه‌یكرد ڕۆڵی دایك و باوك و خێزانه‌كان له‌ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی قه‌یران و ئاسته‌نگه‌كان و پێگه‌یاندنی ڕۆڵه‌كانیان تا دوا هه‌ناسه‌و به‌ده‌یتهێنانی بڕوانامه‌، باسی له‌ڕۆڵی زانكۆكان كرد له‌ پێشخستنی كۆمه‌ڵگه‌و هوشیاركردنه‌وه‌ی تاكه‌كان و پێدانی زانستی نوێ له‌سه‌رجه‌م بواره‌كاندا، ڕۆڵی زانکۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی وەک زانکۆیەکی ته‌كنیكی بەرز نرخاندو وتى زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی بە یەكێك لە زانكۆ سەركەوتوەكانی كوردستان ھەژمار دەكەین لە ڕووی ژێرخان و ستافی ئەكادیمی و توێژینەوەی زانستی، بۆیە دەرچوان شانسێكی باشیان ھەبوە كە توانیوتانە لەم زانكۆیەدا بخوێنن و بە سەركەوتویی دەربچن،. لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا وه‌زیری خوێندنی باڵا ڕایگەیاند: بارودۆخی كۆمەڵایەتی و ئابوری و بازاڕی كار لە ھەرێمی كوردستان گۆڕانكاری گەورەی بە خۆوە بینیوە، سیستمی دۆزینەوەی ھەلی كار لە شێوازی كلاسیكی دامەزراندن لە كەرتی گشتی گۆڕڕاوه‌ بەمەیدانی ركابەری ھەبونی كارامەیی و لێهاتویی جۆراوجۆر ، بۆیه‌ به‌بێ دوودڵی دەستمان داوەتە ئەنجامدانی ڕیفۆرمێكی ھەمە لایەنە لە خوێندنی باڵا دا كە ھاوتەریب بێت لەگەڵ پێداویستیەكانی بازاڕی كاری كوردستان. لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بە چەند هەنگاوێکى کارەکانى وەزارەت کرد لە گرنگترینیان (پەرەپێدانی خوێندنی پیشەیی لە زانكۆكان بە تایبەتی زانكۆ پۆلیتەكنیكییەكان، دامەزراندن و چالاكردنی بەڕێوبەرایەتی پەرەپێدانی كار لە وەزارەت و زانكۆكان بەمەبەستی ڕاھێنانی خوێندكاران بۆ نوسینەوەی سیڤی، چۆنیەتی ئەنجامدانی چاوپێكەوتنی كار و ئەنجامدانی پێشانگای دۆزینەوەی ھەلی كارو كه‌مكردنه‌وه‌ی كرێی خوێندنی پارالێڵ و ئێواران به‌ڕێژه‌ی 45%). له‌كۆتایی ووته‌كه‌یدا د.ئارام محمد قادر ووتی پێویسته‌ ئاوڕی جدی لە خوێندنى تەکنیکی و پیشەیی و بەستنەوەی زیاتری بەپێداویستییەکانى بازاڕی کارو ئاراستەی گەشەکردنى ئابوری وڵاتەکەمان، بۆ ئەمەش لەم بوارەدا زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان ڕۆڵى گەورەو بەرچاو دەگێڕن، هیوامان وایە پێکەوە بتوانین لەڕێگای توندوتۆڵکردنى پەیوەندی لەگەڵ سێکتەرە جیاجیاکانى کەرتى تایبەت و بزنس و پیشەسازی گۆڕانکاری ڕیشەیی لەخوێندنی تەکنیکی و پیشەیى لە هەرێمی کوردستان بکەین. .
This shortcode LP Profile only use on the page Profile