وەزیری خوێندنی باڵا بانگهێشتی پانزەهەمین كۆنگرەی یەكێتی زانكۆكانی جیهان لە بانكۆك دەكرێت
لەپێناو ڕێككەوتن و پەرەپێدانی پەیوەندی لە نێوان زانكۆكاندا، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم داوا لە زانكۆكانی كوردستان دەكات ببنە ئەندامی یەكێتی زانكۆكانی جیهان كە لە ساڵی 2013 ەوە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بۆتە ئەندام لەو یەكێتییەدا.
د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان لە میانی پێشوازیكردنی لە پرۆفیسۆر (دیزول كفل عبدالرزاق) سەرۆكی یەكێتی زانكۆكانی جیهان (IAU) ، داوای لە سەرجەم زانكۆكانی كوردستان كرد لەپێناو ئاشناكردنی زانكۆكانیان بە زانكۆ جیهانییەكان ببنە ئەندام لە یەكێتی زانكۆكانی جیهان، بۆئەوەی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی زانستی و ڕێككەوتن و پەرەپێدانی پەیوەندی لە نێوان زانكۆكاندا زیاتر پەرەبسێنێت.
پرۆفیسۆر (دیزول كفل عبدالرزاق) وتی: یەكەمجارە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەم، لەم سەردانەدا ئاشنای بارودۆخی خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان و هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێم بە ئاڕاستەی بایەخدانی زیاتر بە زانكۆ و پەیمانگەكان و بەرەوپێش بردنیان بووم، هەروەها بانگهێشتی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان دەكەین بۆ ئەوەی بەشداری لە پانزەهەمین كۆنگرەی یەكێتی زانكۆكانی جیهان بكات.
بەهۆی سەقامگیری باری ئەمنی و ئەو پێشكەوتنە بەرچاوەی لە هەرێمی كوردستاندا بەدەستهاتووە سەرۆكی یەكێتی زانكۆكانی جیهان وتی: پێشنیازێك بۆ بۆردی یەكێتیەكەمان دەكەین تا كۆنفرانسی ساڵی (٢٠١٩-٢٠٢٠)ی یەكێتی زانكۆكانی جیهان لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت.
لەپێناو خزمەتی زیاتر بە خوێندكاران و مامۆستایان زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە ساڵی 2013 ەوە بۆتە ئەندام لە یەكێتی زانكۆكانی جیهان و بڕیارە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵیش پانزەهەمین كۆنگرەی یەكێتی زانكۆكانی جیهان لە شاری بانكۆكی پایەتەختی تایلاند بەڕێوەبچێت.