بەڕێوەبەری بریتش كاونسڵ لە هەرێم: بەرەوپێشچوونی بەرچاو لە سەنتەری زمانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەدیهاتووە
بۆ گفتوگۆكردن دەربارەی لایەنەكانی رێككەوتننامەی نێوان هەردوولا، بەڕێوەبەری بریتش كاونسڵ لە هەرێم و جێگری گشتی بریتش كاونسڵ لە عیراق بەیاوەری راوێژكاری ئەمنی بەریتانی سەردانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی دەكات.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٣/٥/٢٠١٦ دەیڤد پاردۆی /بەڕێوەبەری بریتش كاونسڵ British Council لە هەرێمی كوردستان و جێگری گشتی بریتش كاونسڵ لە عیراق لەگەڵ راوێژكاری ئەمنی بەریتانیا سەردانی سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانییان كرد، بەئامادەبوونی د. سۆران سەعید / نوێنەر و یاریدەدەری زانستی سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، وەفدی بریتش كاونسڵ لەگەڵ م.هۆگر محەمەد تۆفیق /بەڕێوەبەری سەنتەری زمانی زانكۆی پۆلیتەكنیكى سلێمانى و ژمارەیەك مامۆستا كۆبووە،
لە كۆبوونەوەكەدا گفتۆگۆ لەسەر ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی نێودەوڵەتی (IELTS) لە سەنتەری زمانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لەسەر ئاستی سلێمانی و دەوروبەری كرا، تەئكیدیش
لە شێوازی بەڕێوەچوونی پرۆگرامی هاوبەشی نێوان هەردوولا بۆ بەڕێوەبردنی كۆرسەكانی زمان لە سەنتەری زمانی زانكۆ بەشێوەی ئۆنلاین و كلاس كرا كە لە ئێستادا بەردەوامە و بەمزووانەش گرووپێكیان بۆ یەكەمین جار تاقیكردنەوەی (Aptis)ی بریتش كاونسڵ British Council ئەنجام دەدەن.
دواتر وەفدی بریتش كاونسڵ بۆ لەنزیكەوە ئاگاداربوون لەو كارانەی لەڕووی بینا و پێداویستییەكانەوە بۆ سەنتەری زمانی زانكۆكە جێبەجێكراوە، سەردانێكی مەیدانیی بۆ هۆڵەكانی خوێندن و بەشەكانی دیكەی سەنتەرەكە ئەنجامدا
لای خۆشیەوە دەیڤد پاردۆی بەڕێوەبەری بریتش كاونسڵ خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو پێشكەوتنە بەرچاوە لە سەنتەری زمانی زانكۆكەدا بەدیهاتووە دەربڕی و وتی: بەراوورد بە سەردانی پێشووم پێشكەوتنێكی بەرچاو لەڕووی بینا و بەشە جیاوازەكان و ئەو كەلوپەل و پێداویستیانەی بۆ سەنتەرەكە دابینكراوە بەدیدەكەم، بە تایبەتی ئەو هۆڵەی كە بۆ ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی(IELTS) دابینكراوە، بەگشتی هەمووی جێگەی رەزامەندیمانە، جگە لە چەند لایەنێكی زۆر بچووك پێویستە كاری زیاتری لەسەر بكرێت.
دەیڤد پاردۆی وتیشی: چاوەڕوان دەكەین ژمارەی ئەو كەسانەی كە دەیانەوێت لەڕێی ئەم سەنتەرەوە فێری زمانی ئینگلیزی ببن و سوودمەند بن لە پرۆگرامی كۆرسی زمانی هاوبەشی نێوان بریتش كاونسڵ و زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بگاتە هەزاران فێرخواز