Back

رێكخراوی دادی ئه‌ڵمانیا زه‌ماله‌ی خوێندن پێشكه‌ش به‌ هه‌رێم ده‌كات

ڕێكخراوی دادی ئه‌ڵمانیا بڕیاریدا ژماره‌یه‌ك زه‌ماله‌ی خوێندن پێشكه‌ش به‌ ئاواره‌كانی سوریا له‌ هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و خوێندكارانه‌ی هه‌رێمی كوردستان بكات كه‌ پێویستیان به‌پاڵپشتی دارایی هه‌یه‌ بۆ درێژه‌دان به‌خوێندن. ئه‌و بڕیاره‌ی ڕێكخراوی دادی ئه‌ڵمانیا له‌ میانه‌ی دیدارێكی به‌رپرسی یه‌كه‌می زه‌ماله‌ی رێكخراوه‌كه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ئاشكراكرا، كه‌ ئه‌مڕۆ ١١/٤/٢٠١٦ سه‌ردانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌رێمی كوردستانی كردبوو. له‌و دیداره‌دا كه‌ به‌ئاماده‌بونی د.ئامانج سه‌عدی ڕاوێژكاری وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی و د.جوان جه‌لال شه‌ریف به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی نێردراوان و په‌یوه‌ندییه‌ ڕۆشنبیرییه‌كان له‌ دیوانی وه‌زاره‌ت، خاتوو دیدار داودی نوێنه‌ری ڕێكخراوی دادی ئه‌ڵمانیا له‌ عیراق به‌ڕێوه‌چوو گفتوگۆ له‌باره‌ی هه‌ماهه‌نگی نێوان وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی و ڕێكخراوی دادی ئه‌ڵمانیا كرا. له‌و چوارچێوه‌یه‌داو له‌سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌دا، كریستا هویلسهور لێپرسراوی یه‌كه‌می زه‌ماله‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ ڕێكخراوی دادی ئه‌ڵمانیا ڕاگه‌یاند: خۆشبه‌ختانه‌ دوای په‌یوه‌ندی به‌رده‌وام ڕاگۆڕینه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی و پێشكه‌شكردنی پرۆپۆزه‌ڵێك به‌ ڕێكخراوی داد، بڕیاریماندا له‌ سێ لاوه‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ش بریارماندا ژماره‌یه‌ك زه‌ماله‌ی خوێندن پێشكه‌ش به‌ئاواره‌كانی سوریا بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن به‌سیستمی پارالێل له‌ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان درێژه‌ به‌خوێندنی (به‌كالۆریۆس، ماسته‌ر، دكتۆرا) بده‌ن، له‌هه‌مانكاتدا به‌شێكی ئه‌و زه‌مالانه‌ بۆ ئه‌و كاندیدانه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت كه‌ پێویستیان به‌پاڵپشتی دارایی ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌سیستمی پارالێل له‌ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان درێژه‌ به‌خوێندن بده‌ن، هاوكات نه‌خشه‌ ڕێی جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیاره‌ش به‌هه‌ماهه‌نگی نێوان وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی و ڕێكخراوی دادی ئه‌ڵمانیا دانرا. له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا ئه‌و لێپرسراوه‌ی ڕێكخراوی دادی ئه‌ڵمانیا وتی: ڕێكخراوه‌كه‌مان هاریكاری وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی ئه‌نجومه‌نی توێژینه‌وه‌ی زانستی. هه‌روه‌ك ته‌ئكیدی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پڕۆپۆزه‌ڵی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ش گه‌یشتۆته‌ ڕێكخراوه‌كه‌یان و له‌ ئێستادا كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ به‌هه‌ماهه‌نگی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی بۆ توێژینه‌وه‌ی زانستی ئه‌ڵمانیا جێبه‌جێ ده‌كرێت، هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بڕیاره‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی پڕۆژه‌كه‌دا ژماره‌یه‌ك له‌ بریار به‌ده‌ستدانی ئه‌نجومه‌نی توێژینه‌وه‌ی زانستی ئه‌ڵمانیا له‌ ئه‌مساڵدا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن. له‌ كۆتایی قسه‌كانیدا كریستا هویلسهور ئاماده‌یی ڕێكخراوه‌كه‌یانی پیشاندا كه‌ له‌ بابه‌تی ناسێنترالیزمی كارگێڕی كه‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی كاری له‌سه‌ر ده‌كات به‌ڕه‌وانه‌كردنی كۆمه‌ڵێك شاره‌زاو پسپۆڕی بواره‌كه‌ ڕه‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان بكات بۆ به‌شداریكردن له‌و دیدارانه‌ی كه‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌نیازه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ڕێكیان بخات. له‌ به‌رامبه‌ردا د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی دوای به‌خێرهێنانی وه‌فدی میوان، خۆشحاڵی به‌و هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریانه‌ی ڕێكخراوی دادی ئه‌ڵمانیا نیشانداو به‌ده‌سكه‌وتی گه‌وره‌و گرنگ له‌ بواری خوێندن و زانست بۆ هه‌رێمی كوردستان وه‌سفیكرد، هیواشی خواست له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان به‌رده‌وامبن بۆ زیاتر پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌ زانستی و ئه‌كادیمییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا. ڕاگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و تویژینه‌وه‌ی زانستی

This shortcode LP Profile only use on the page Profile